شارپرێس:
لەکاتێکدا سەدان گروپی چەکدارییو میلیشیا لەناوەڕاستو
باشوری عێراق تەراتێن دەکەن، چاودێرانی سیاسیی زەنگی مەترسی لێدەدەنو لێدوانە نوێیەکانی
سەرکردە شیعییەکان دژ بەهێزەکانی پێشمەرگە وەک ستراتیژیەتێکی مەترسیداری دوفاقی بۆ
داڕمانی متمانەو لاوازکردنی قەوارەی دەستوریی هەرێمی کوردستان لەقەڵەمدەدەن.
توندبونی لێدوانە دژبەرەکانی سەرکردە شیعییەکان
بەرامبەر بەهێزەکانی پێشمەرگە، هۆشداریی توندو کاردانەوەی بەربڵاوی چاودێرانی سیاسی
لێکەوتهوه، ئەم ئاڵۆزییە نوێیە دوای ئەوەدێت، عەلی بەنداوی ئەندامی پێشوی لیژنەی
ئاسایشو بەرگریی لەپەرلەمانی عێراق، هێرشێکی توندیکردەسەر سیستمی سەربازیی هەرێمی
کوردستانو ڕایگەیاند، بونی 35 بۆ 40 هەزار هێزى پێشمەرگە لەدەرەوەی کۆنترۆڵی ڕاستەوخۆی
بەغدا، کێشەیەکی جدی بۆ سەروەریی وڵات دروستدەکاتو بڕیارەکانی دەوڵەت لاوازدەکات.
بەنداوی جەختیکردوەتەوە، دەبێت حکومەتی ناوەندیی
بڕیاردەری یەکەم بێت لەپڕچەککردنو گرێبەستە سەربازییەکاندا، ناوبراو ئاماژەی بەبونی
جیاوازییو جیاوازیى گهوره لەپڕچەککردندا کردوە لەنێوان پێکهاتە سەربازییەکانی هەرێمو
هێزە فیدراڵییەکاندا، بەوەی پێشمەرگە کەرەستەی وای لەبەردەستدایە کە لەناوەنددا نییە،
ئەمەش بەبڕوای ئەو پێویستی بەدوبارە ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکان هەیە بهگوێرهى دەستور.
لەبەرامبەر ئەم لێدوانانەدا، چاودێرانی سیاسیی
زەنگی مەترسی لێدەدەنو ئەم هەڵمەتە نوێیە بەهێرشێکی داڕێژراو لەقەڵەمدەدەنو پێیانوایە،
ئەم لێدوانانەی پەرلەمانتارو سەرکردە شیعییەکان بەشێکن لەستراتیژیەتێکی مەترسیدار
بۆ لاوازکردنی قەوارەی دەستوریی هەرێمی کوردستان.
بهبۆچونى چاودێرانى سیاسیى، ناوزەدکردنی پێشمەرگە
وەک هێزێکی دەرەوەی یاسا یان کۆنترۆڵ، فەرامۆشکردنی ئاشکرای دەستورە، چونكه دهستور
پێشمەرگەی وەک بەشێک لەسیستمی بەرگریی وڵات ناساندوە.
وهك هەوڵ بۆ پاشەکشێ پێکردن بەمافەکانی
کورد چاودێران جهختدهكهنهوه، "ئەم هێرشە میدیاییە توندە تەنها ململانێیەکی
تەکنیکی نییە لەسەر پڕچەککردن، بەڵکو نیشانەی نا یەکێتییو هەوڵێکی بەردەوامی لایەنە
دەسەڵاتدارەکانی بەغدایە بۆ پاشەکشەپێکردن بەمافە نەتەوەییو دەستورییەکانی گەلی
کورد لهههرێمى كوردستان.
ههروهك چاودێران هۆشداریدەدەن، "ئەمجۆرە
جوڵانە گەورەترین مەترسین لەسەر تێکدانی سەقامگیریی ئەمنیی عێراقو دروستکردنی درز
لەنێوان پێکهاتە سەرەکییەکاندا، چونكه فۆکەس خستنەسەر هێزەکانی پێشمەرگە وەک کێشەی
سەروەریی، لەکاتێکدا کە سەدان گروپی چەکداریی دیكهى نا سەربازییو میلیشیا جۆراوجۆرەکان
لەناوەڕاستو باشوری عێراقدا تەراتێن دەکەن، گوزارشت لەسیاسەتێکی دوفاقی دەکات".
باس لهوهشدهكهن، ئەم دۆخە نەک هەر متمانەی
نێوان هەولێرو بەغدا بەتەواوی لەناودەبات، بەڵکو زەمینە خۆشدەکات بۆ سەپاندنی هەژمونی
هێزە شیعییەکان بەسەر تەواوی جومگە ئەمنییەکاندا، کە ئەمەش سەرەتایەکە بۆ ئاڵۆزکردنی
زیاتری دۆخی ناوچەکە.
