شارپرێس:
كۆمهڵكوژى سپایکەر کە لە12 حوزەیرانی
2014دا ڕویدا، تەنها تاوانێکی بەڕێکەوت یان كۆمهڵكوژییهكى ههڕهمهكى چەند چەکدارێک
نەبوو دوای ئهوهى تکریت كهوته دهستى داعش؛ بەڵکو وهكو ماڵپهڕى (infoplusnetwork) ئاشكرایكردوه، پڕۆسەیەکی تەواو ڕێکخراوو
داڕێژراوبوو کە لەلایەن ژورێکی باڵای سەرکردایەتیی گروپى تیرۆریستی داعش لەپارێزگای
سەڵاحەدین نەخشەی بۆ کێشرابوو.
بهگوێرهى ماڵپهڕهكه، زانیارییو لێکۆڵینەوە
نوێیەکان پەردە لەسەر ئەو تۆڕە مەترسیدارە لادەبەن کە پڕۆسەی گواستنەوە، جیاکردنەوە،
گرتن، فەتوای کوشتنو دۆکیۆمێنتکردنی میدیایی هەزاران خوێندکاری هێزی ئاسمانیو
کارمەندانی ئەمنییان بەڕێوەبردوە.
پێکهاتەی هێزی جێبەجێکار؛ کێبون ئەوانەی دەستیان
وەشاند؟
بهگوێرهى ئهو لێکۆڵینەوەیهى ماڵپهڕهكه
ئهنجامیداوه، ئەو هێزەی ڕاستەوخۆ بەشداریی لەکۆمەڵکوژیی ناو کۆشکە سەرۆکایەتییەکانی
تکریتدا کردوە، ژمارەیان لەنێوان 100 بۆ 150 چەکدار بوە، ئەو گروپەش لەسێ پێکهاتەی
سەرەکی پێکهاتبوون، یهكهمیان ئەو چەکدارانە بون كه لەدەرەوە وەک هێزی سەربازیی
هێرشبەر هاتنە ناوشارەکەو دوهمیش، ئەو زیندانیانە بون کە داعش دوای گرتنی تکریت لەبەندیخانەی
تەسفیرات ئازادیکردنو سێیهمیش شانە نهێنییەکانی ناوخۆی شارەکە کە بەشێکیان لەدانیشتوانی
ناوچەکە خۆیان بونو ڕاستەوخۆ چەکیانهەڵگرت.
مێشکی داڕێژەرو بازنەی سەرکردایەتی تاوانەکە
وهكو ماڵپهڕه عێراقیهكه ئاماژهى پێكردوه،
لەسەروی هەرەمی ئەم تۆڕەدا، ناوی بەناوبانگترین سەرکردەکانی داعش دێت کە ڕاستەوخۆ
سەرپەرشتی خوێنڕشتنەکەیان کردوە، بۆ نمونه ئەبو نەبیل (ویسام عەبد زەید)، ئهو
والی داعش بوه لەسەڵاحەدینو ئەفسەری پێشوی ڕژێمی بەعس بوه، ئەو مێشکی داڕێژەری
كۆمهڵكوژیهكه بوو؛ نەک تەنها دابەشکردنی ئەرکەکانو فەرمانی گواستنەوەی قوربانیانی
کردوە، بەڵکو خۆی ڕاستەوخۆ لەیەکێک لەگۆڕەپانەکانی کوشتندا بەشداریی لەتەقەکردن لەدیلەکاندا
کردوە، دواتر ڕەوانەی لیبیا کراو لەساڵی 2015 لەهێرشێکی ئاسمانیدا کوژراوه.
هاوكات ئەبو عەبدولهادی (سالم بەکر مستەفا)
دادوەری شەرعیی داعش بوه لەپارێزگاکە، ئەوکەسە بوو کە فەتوای ئاینییو شەرعیی بۆ
حەڵاڵکردنی خوێنی هەزاران گەنجی بێتاوان دەرکردو خۆشی بەدەستی خۆی لەڤیدیۆکاندا دەرکەوت
کە تەقە لەڕیزی دیلەکان دەکات.
سەرکردە مەیدانییەکانو بەرپرسانی جێبەجێکردن
لێکۆڵینەوەکان چەندین ناوی دیكهى مەترسیداریان
ئاشکراکردوە کە لەسەر زەوی کۆمەڵکوژییەکەیان بەڕێوەبردوە، تۆمەتبار (ع.خ.١)، ئەمیری
ناوچەی "جەلام" بوو، کە دوای کۆمەڵکوژییەکە وەک پاداشت دەسەڵاتی بەسەر
ناوچەکانی (دور، عەلەمو بوعەجیل)دا فراوانکراو ئێستا چارەنوسی نادیارە، ههروهها
تۆمەتبار (ن.م)، ئهو زیندانی پێشوی سەربازگەی بوکاو جێگری مهفرەزەی ئەمنیی تایبەتی
داعش بوو کە ڕاستەوخۆ لەپڕۆسەی کۆکردنەوەو دۆزینهوهى پۆلیسو کارمەندەکاندا بەشدار
بوە، هاوكات فەهد ئەبو جەعفەر (فەهدی عەکام) بەرپرسی مهفرەزەیەکی ناوچەی جەلام
بوو کە دیلەکانی بەرەو شوێنی لەسێدارەدان ڕادەکێشاو دواتر لەشەڕەکانی ڕزگارکردنەوەی
تکریتدا کوژرا، یهكێكى دیكه لهچهكدارهكان حەمزە بوو، ئهو چەکدارێکی خەڵکی
سامەڕا بوو کە ڕاستەوخۆ بەجلی سەربازییەوە لەگرتە ڤیدیۆییەکاندا خەریکی بەکۆمەڵکوشتنی
گەنجان بوو، ئهویش لەکۆتایی 2014 لەزڵوعییە کوژرا، تۆمەتبارێكى دیكهش بهكوتكراوهى
ناوى (أ.ر)، یەکێکه لەهەڵاتوەکانی زیندانی ئەبو غرێب کە ئەرکی ڕێکخستنی ڕیزی
قوربانییەکانو ڕەوانەکردنیان بوو بۆ بەردەم لولەی تفەنگەکان.
ئەبو ماریا؛ ئەندازیاری دۆکیۆمێنتکردنی ترس
داعش تەنها بەچەک تاوانەکەی نەکرد، بەڵکو لایەنی
ڕاگەیاندنیشی وەک چەک بەکارهێنا، ئەبو ماریا كه دوو نازناوى ههبوو ئهوانیش (عەباس
مهزههرو عەباس ڕافیعی) کە خەڵکی شاری بەلەد بوو، ئەمیری ڕاگەیاندنی داعش بوو لەسەڵاحەدین.
ئەوو تیمی وێنەگرەکانی وەک (ئەبو بەسیر)، لەناو
گۆڕەپانەکانی خوێندا دەسوڕانەوە بۆ ئەوەی بەدەنگو ڕەنگ ترس بڵاوبکەنەوە؛ دەنگی ئەبو
ماریا لەسەر زۆربەی ڤیدیۆ بڵاوکراوەکانی ئەو تاوانە جێگیرە، تا دواجار ئەویش لەهێرشێکی
ئاسمانیدا کوژرا.
ئەم داتاو بەڵگانە دەیسەلمێنن کە سپایکەر
تاوانێکی گەورەی دەوڵەتی تاریكبوو، کە تێیدا سەرکردایەتی سیاسیی، شەرعی، سەربازییو
میدیایی داعش بەشداربون بۆ ئەنجامدانی یەکێک لەقێزەونترین جێنۆسایدەکانی مێژوی
هاوچەرخ.
