تره‌مپ زانیارییه‌كى گرنگ‌و هه‌ستیار ئاشكراده‌كات

جیهان

59 خولەک پێش ئێستا‌ 2494 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دوای واژۆکردنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، دۆناڵد تره‌مپ نەخشەی هاوکێشە ئەمنییەکانی ناوچەکە دەگۆڕێت‌و سوریا وەک بەدیلی ئیسرائیل بۆ ڕوبەڕوبونەوەی حزبوڵڵا دەستنیشاندەکات.


دۆناڵد تره‌مپ سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، پەیوەندییەکی نایابی لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ هەبوه، بەڵام جەختیکردەوە، پێویستە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بەرپرسیارانەتر بەرامبەر بەلوبنان بجوڵێتەوەو ئاماژەی بەوەشکرد، پێشنیازی بۆ تەلئەبیب کردوە پرسی حزبوڵڵا بۆ سوریا جێبهێڵێت، چونکە پێیوایە ئەوان کارێکی باشتر دەکەن.

تره‌مپ لەوتارێکدا لەبەردەم لوتکەی کۆمەڵەی حەوت (G7) لەفەڕەنسا ڕایگەیاند، نیگەرانی‌و ناڕەزایەتی خۆی بەئیسرائیل گەیاندوە سەبارەت بەهێرشەکانی بۆسەر بەیروت‌و پێشنیازیکردوە کە سوریا لەبری ئیسرائیل، مامەڵە لەگەڵ دۆسیەی حزبوڵڵادا بکات.

سەرۆکی ئەمریکا وتی، "بەئیسرائیلم وت کە هێرشەکەیان بۆسەر بەیروت بەدڵم نییە، ئەگەر ئیسرائیل ناتوانێت بەبێ کوشتنی خەڵکی دیكه‌ ئەم ئەرکە ڕاپەڕێنێت، ئەوا پێویستە سوریا ئەنجامی بدات"، ئاماژەی بەوەشکرد، لەشێوازی مامەڵەی ئیسرائیل لەگەڵ لوبنان‌و حزبوڵڵا ڕازی نییەو دەبوو ئەم بابەتە بەخێرایی کۆتایی پێبهێندرێت.

جگە لەوەش، تره‌مپ شەڕی لوبنانی بەبابەتێکی لاوەکی داناو ڕایگەیاند، ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران دەتوانێت بەردەوامبێت، وڵاتەکەشی گەیشتوەتە ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانەو باش کە گرەنتی ئەوە دەکات ئێران بەهیچ شێوەیەک نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، بەڵام هۆشداریداو وتی، "ئەگەر تاران هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی بدات، دەرگاکانی دۆزەخی بەسەردا دەکرێتەوە".