شارپرێس:
فەرماندەیی هێزەکانی
پاسەوانی سنوری عێراق ئاشكرایدهكات، پڕۆژەی جێگیرکردنی دیوارو بلۆکی کۆنکرێتی لەسەر
سنورەکانی نێوان عێراقو سووریا، درێژییەکەی 380 کیلۆمەتری بڕیوە، ئەم هەنگاوەش وەک
بەشێک لەپلانەکانی وڵات بۆ توندکردنەوەی ڕێوشوێنە ئەمنییەکانو پاراستنی سنورەکان
دێت.
فەریق محەمەد
سەکەر فەرماندەی هێزەکانی سنور لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "فەرماندەیی
هێزەکانی سنور پشت بەچەند کارگەیەکی سەر بەخۆی دەبەستێت بۆ تەواوکردنی قەڵای ئەمنی،
ژێرخان، خزمەتگوزارییو ڕێگهوبانەکان لەسەرجەم کەرتەکانی بەرپرسیارێتییدا کە یەکێکیان
کارگەی بەرهەمهێنانی کۆنکرێتی ئامادەکراوە، ئەم کارگەیە لەساڵی 2023دا بەپاڵپشتی وەزارەتو
دابینکردنی کەرەستەی بیناسازیی پێویست، دوبارە چالاککراوەتەوە".
فەرماندەی هێزەکانی
سنور ڕونیکردەوە، کارگەکە لەماوەی ڕابردودا بڕێکی زۆر بلۆکی کۆنکرێتی بەرهەمهێناوە
کە بەشداربوە لەدروستکردنی دیوارێک لەسەر سنوری عێراق-سوریا لەباشوری چیای شنگالەوە
دەستپێدەکات تاوهكو باکوری ناحیەی ڕەبیعەو کارەکانیش بەئاراستەی ڕوباری دیجلە هێشتا
بەردەوامن".
فەریق محەمەد
سەکەر باسی لەلایەنی دارایی پڕۆژەکەش کردو وتی، "ئەم بەرهەمهێنانە ناوخۆییە
بوە هۆی کەمکردنەوەی تێچوی بلۆکە کۆنکرێتییەکان، بەشێوەیەک تێچوی ئەم بەشەی دیوارەکە
تەنها نیوەی ئەو بڕە پارەیەیە کە کۆمپانیاکانی دیکە لەشوێنەکانی دیكه داوایدەکەن
(واتە 50٪ی تێچوەکەی گەڕێندراوەتەوە)".
لەکۆتایی لێدوانەکەیدا،
جەختیکردەوە، فەرماندەییەکەیان خاوەنی ستافێکی لێهاتوو لەئەفسەرو کارمەندانو ئامێری
ئەندازیاری تەواوەو توانیویانە لەبواری بەرهەمهێنانی کۆنکرێت، قەڵای ئەمنیو پردەکاندا
بگەنە خۆبژێویی، ئێستاش عێراق خاوەنی دیوارێکی کۆنکرێتییە بەدرێژی 380 کیلۆمەتر کە
وەک یەکێک لەگرنگترین قەڵا ئەمنییەکانی سەر سنوری (عێراق ـ سوریا) دادەنرێت.
