ئەمریكا پشتیوانی هێرشەكانی ئیسرائیل لەناو سوریا دەكات

جیهان

26/08/2019‌ 426 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا رایگەیاند، ئەمەریكا پشتیوانی پرۆسەكانی ئیسرائیل لەناو سوریا دەكات بەئامانجی رووبەرووبوونەوەی هەڕەشەكانی سوپای پاسدارانی ئێران .

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە، مایك پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لەسەر هێرشە ئاسمانییەكانی ئەم دواییەی ئیسرائیل لەسوریا بەتەلەفۆن قسەی لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆك وەزیری ئیسرائیل كردووە.

بەپێی بەیاننامەكە، پۆمپیۆ  رایگەیاندووە،  كە ئیسرائیل مافی خۆیەتی بەرانبەر هەڕەشەكانی سوپای پاسدارانی ئێران بەرگری لەخۆی بكات .

بەگوێرەی بەیاننامەكە هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەی ئەو هەنگاوانەی ئێران كردووە بۆ بەهێزكردنی پێگەكانی لەسوریا بەئامانجی هەڕەشەكردن لەئیسرائیل و دراوسێكانی دەیانگرێتەبەر، لەبەرانبەردا بنیامین ناتانیاهۆ جەختیكردووەتەوە، كە ئیسرائیل لەهەر جێگایەك بێت ئامانجەكانی سوپای پاسدارانی ئێران بۆردومان دەكات.

شەی شەممە لەسەر یەكشەممە، سوپای ئیسرائیل هێرشێكی ئاسمانی كردە سەر چەند ئامانجێكی ئێرانی لە گوندی عەقرەبا لەنزیك دیمەشقی پایتەختی سوریا ، كە بەقسەی سوپای ئیسرائیل لەو هێرشەدا كردەیەكی دوژمنكارانەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانیان لەدژی ئیسرائیل پووچەڵكردووەتەوە .

لای خۆیشییەوە، سوپای سوریا رایگەیاند، بەرگرییە ئاسمانییەكانیان بەرپەرچی هێرشەكەیان داوەتەوە و زۆربەی مووشەكەكانی دوژمنیشیان تێكشكاندووە .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی