ئەو هۆكارانەی واتلێدەكەن بڕیاری هاوسەرگیرییەكی هەڵە بدەیت

هەمەڕەنگ

03/09/2019‌ 1249 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هاوسەرگیری پێداویستییەكی گرنگی ژیانی مرۆڤە و هەموومان هەوڵ دەدەین هاوسەرگیرییەك بكەین، كە كەمترین گیرو گرفتی تێدا بێت و ئەو كەسەی دەیكەینە هاوسەی ژیانمان لەگەڵیدا تا ئەوپەڕی خۆشبەخت بین.

بۆ دووركەوتنەوە لە تەڵەی هەڵبژاردنی هاوبەشێكی هەڵەی ژیانمان و پەلەكردن لەو هاوسەرگیرییە، ئەوە دەبێت لە پاڵنەرە هەڵەكانی هاوسەرگیری دوربكەوینەوە، كە لێرەدا باسیان دەكەین:

هاوسەرگیریكردن بۆ تێپەراندنی ئەزموونێكی ناخۆشی جیابوونەوە
هەندێك كەس بۆ تێپەڕاندنی ئەزموونێكی ناخۆشی جیابوونەوە لە هاوسەری پێشوویان بڕیاری هاوسەرگیریكردن دەدەن. 

بەگوێرەی قسەی شارەزایانی بواری پەیوەندییە خێزانییەكان، ئەو بڕیارە رەنگە خراپترین هەڵە بێت، كە مرۆڤ دەیكات، لەبەر ئەوەی هەرچەندە هەوڵ بدات ناتوانێت خۆی لەگەڵ بارودۆخە تازەكە بگونجێنێت، ئەوەش كاریگەری دەكاتە سەر پەیوەندی بە هاوژینە نوێكەی .

هاوسەرگیریكردن لەبەر ئەوەی تۆ  گەورەترین برای
لەهەندێك لە كۆمەڵگاكاندا، كە كۆمەڵگەی كوردستانی خۆشمان لەوانەیە، دایكان و باوكان وا لە كورە گەورەكانیان دەكەن پێش كورە بچووكەكان هاوسەرگیری بكەن، ئەوەش هەنگاوێكی هەڵەیە لەبەر ئەوەی بەوجۆرە وا لە برا گەورەكە دەكرێت لەپێناو هاوسەرگیری كردن پەلە بكات و هەندێك جار بەوە دەكەوێتە ناو تەڵەی هەڵبژاردنی هاوسەرێكی نەگونجاو و دواجار ژیانێكی ناخۆش و دوور لە خۆشەویستیان دەبێت.

گوشار و قسە و قسەڵۆكی خزمان 
ئەگەر لەبەر ئەوە هاوسەرگیری دەكەیت، كە هەموو هاوڕێكانت هاوسەرگیریان كردووەو منداڵیان هەیە و دەترسی قسە و قسەڵۆكی خەڵكت بێتە سەر.

 ئەوە ئەو هەڵسوكەوتە دانایانە نییە و هەوڵ بدە تا نەگەیتە هاوبەشێكی گونجاوی ژیانت پەلە لە هاوسەرگیریكردن مەكە .

بەهۆی بەتەمەندا چوون
هەندێ لە ئافرەتان بەهۆی قەیرەبوون و بەتەمەنداچوونەوە بڕیاری بەپەلە دەربارەی هاوسەرگیری دەدەن و دەترسن لەگەڵ تێپەڕبوونی كات توانای منداڵ خستنەوەیان نەمێنێت، بەڵام ئەم پەلەكردنە هەندێك جار دەبێتە هۆی ئەوەی لە هەڵبژاردنی هاوبەشی ژیاندا بكەویتە هەڵەوە و دواتر لێی پەشیمان ببێتەوە .

بۆ باشكردنی باری دارایی و كۆمەڵایەتی 
هەندێك كەس بۆ باشكردنی باری دارایی و كۆمەڵایەتیان هاوسەرگیری دەكەن ، هەر ئەمەشە وادەكات ئەو كەسانە دوای هاوسەرگریكردن زۆر دەكەونە كێشەوە، لەبەر ئەوەی ئەو هۆكارانەی تریان لەبەرچاو نەگرتووە، كە دەبێت لە پەیوەندی هاوسەریدا هەبێت .

وەرگێران : ئاكۆ عەبدوڵلا ئاڵی

بەپەلە