چیای زەرد.. وڵاتێكی نوێ بۆ كۆكردنەوەی پەنابەرانی عەرەب دروستدەكرێت

جیهان

10/09/2019‌ 6029 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەم دواییەدا میدیای عەرەبی سەرقاڵ بوو بە لە دایك بوونی شانشینێكی عەرەبی نوێ لە سنووری نێوان میسر و سودان، كە چاوەڕوانی ئەوەی لێدەكرێت گەلەكەی لەعەرەب و موسڵمانە پەنابەرەكان، ئەوانەی لە جەنگەكان هەڵدێن پێكبێت دروست بكرێت، كە لەسەرەتای ساڵی 2020 بەردی بناغەكەی دادەنرێت.

چیرۆكی ئەو شانشینە لەلایەن دكتۆر نادرە ناسیف-ەوە دەستیپێكرد، كە خاوەنی رەگەزنامەی ئەمریكی و سعودییەو وتارو بۆچوونی زۆری هەیە، بەوەی میدیاكارو چالاكوانێكی ژنە و سەر بە پارتێكی سەربەخۆیە و لەمیانی لوتكەی ئۆدیسا لە ئۆكرانیا قسەی لەبارەی (شانشینی چیای زەرد) كرد بەسیفەتی سەرۆك وەزیرانی ئەو شانشینە.

لەو بارەوە ناوبراو وتی: وڵاتەكە دەكەوێتە نێوان میسر و سودان لە باكووری رۆژهەڵاتی ئەفریقا و كار دەكات بۆ دابینكردنی ژیانێكی شەرەفمەندانە بۆ پەنابەرەكانی عەرەب و موسڵمانەكان، رووبەرەكەشی پێك دێت لە 2060 كیلۆمەتری چوارگۆشە.

دوای ئەوە، ناوبراو لە سەر تۆری كۆمەڵایەتی تویتەر نووسی:  من بەسیفەتی ئەوەی سەرۆك وەزیرانی شانشینی چیای زەرد لە جیاتی پاشای شانشینەكە ئەمرۆ رێكەوتی 5ی سیپتەمبەری 2019، شانشینی چیای زەرد بە شێوەیەكی فەرمی رادەگەیەنم.

دیارە ناوی پاشای شانشینەكەی ڕانەگەیاند، بەڵام ئاماژەی بۆ ئەوە كرد پاشا و ژمارەیەك لە ئەندامانی دەوڵەتەكە لەكۆنگرەو مونتەدادا لە بەرانبەر رۆژنامەكانی جیهان لەماوەی چەند رۆژێكدا بە شێوەیەكی ورد قسە دەربارەی وڵاتەكەو دۆسیەیكانی سەر بە ئەو وڵاتە دەكەن، ئەوەشی خستە روو لە میانی كۆنگرەكەدا ژمارەیەك پرۆژە ڕادەگەیەنرێت.

هەروەها شانشینەكە لەسەر ئەژماری فەرمی خۆی لەرێگەی تویتەرەوە رایگەیاند، وەزیری ناوخۆ محەمەد سبیعی جێگری وەزیری ناوخۆ بۆ كاروباری مەدەنی راسپاردووە پێشوازی لەوانە بكات، كە دەیانەوێت بە شێوەیەكی فەرمی داوای هاوڵاتی بوون بكەن.

هاوكات لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا چەند گرتە ڤیدیۆیەك و وێنە و نەخشەیەك بڵاوكراوتەوە، دەربارەی سنووری شانشینە نوێیەكە، هەندێك لە چاودێرانیش وای بۆ دەچن ئەمە نزیك بێت لەگاڵتەجاڕییەوە، هەندێكی تریش داوای ئەوە دەكەن بە جدی لەگەڵ ئەم دۆخەدا هەڵسوكەوت بكەن.

ناسیف لە بڵاوكراوەیەكی پێشوودا باسی لەوە كردووە، كە دەوڵەتە نوێیەكە ئەو خەونەیە، هەموو مرۆڤێك ئەوانەی هەست بە ئازاری منداڵ و ژن و پیرەكان دەكەن و جەنگ هەراسانی كردون، دەیانەوێت بێتە دی، ئێمە هیچمان نەدی جگە لە ساردی و گەرمی چەشتنی ئەواندا لە ژێر رەشماڵەكاندا، پرسیار لە خۆمان دەكەین چارەسەر چییە بۆ ئەوانەی لەبچووكترین مافی مرۆڤایەتی بێبەشن.. مرۆڤایەتی كۆمان دەكاتەوە بە پشتیوانی خودا سەركەوتوو دەبین.

بەگوێرەی ئەوەی لە میدیاكان بڵاوكراوەتەوە، شانشینەكە وڵاتێكی عەرەبی ئیسلامی دەبێت و لەسەرتای 2020 بەردی بناغەكەی دادەنرێت و لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست دەكرێت لە باكووری ئەفریقا لە نێوان وڵاتانی سودان و میسر، هەمان تایبەتمەندی سیاسی و لوجستی دەبێت وەك هەر وڵاتێكی تری جیهان.

سیستەمی فەرمانڕەوابەتیەكەشی پاشایەتی دەبێت، پێك دێت لە پاشای وڵات و تیمی راوێژكارانی پاشا، كە تا ئێستا ئاشكرا نەكراوە، پاشان دەستەی حكومەت و ئەنجوومەنی وەزیران و ژمارەیەك وەزارەت پێكدەهێنرێ بۆ رێكخستنی ئیدارەو دامەزراوەكانی، هەروەها دەوڵەتەكە پێشوازی دەكات لەخاوەن بڕوانامە زانستییەكان لە پێناو ئەوەی بەشدار بن لە دروست كردنی شانشینەكەو كردنی بە وڵاتێكی بەهێز.

رۆژنامەنووس و شارەزای بواری ئەفریقی و سەرۆكی ئەنجوومەنی ئیدارەی (دار الهلال)ی پێشوو یەحیا غانم، سەرسورمانی خۆی لەم راگەیاندنە دەربڕیوە و دەڵێت: ئەو ناوچەیەی مەبەستە زۆربەی دەكەوێتە دوورترین شوێنی باشووری رۆژهەڵات، یان رۆژئاوای میسر و هاوسنوری سودان.

غانم لە ئەژماری خۆی لە تۆری كۆمەلایەتی فەیسبووك نووسینێكی بڵاوكردووەتەوەو دەشڵێت: ئایا ئێمە دەزانین ئەم شانشینە لەناكاوە لەسەر حسابی كام لەو دوو دەوڵەتە دروست دەكرێت؟

لەلایەكی ترەوە تا ئێستا هیچ وەڵامێكی فەرمی لەلایەن سودان و میسرەوە دەرنەچووە، دەربارەی دەوڵەتەكە، حكومەتی شانشینەكەش ئەو درامەتە سروشتییانەی ئاشكرا نەكردووە، كە لەو خاكەدایەو سەرەرای ئەوەش ئەو پێویستیانەی بۆ دروستكردنی بەكاری دەهێنێ لەو بیابانەدا.

هەندێك بۆچوون، كە جەماوەری عەرەبی لە تێچاندنەكانیاندا لەسەر گرتە ڤیدیۆییەكە نوسیویانە پێیان وایە، ئەمە سەرەتایەكە و جێگرەوەی مامەڵەو گرێبەستی سەدەیە، بۆ ئەوەش دروست دەكرێت فەلەستینییەكان لەوێ كۆبكرێنەوەو دوور بكەونە لە خاكەكەیان.

ئامادەكردن: حلمی رەسول رەزا