دادگاى سلێمانى سزاى لەسێدارەدانى بەسەر بکوژانى تاریقى بەقاڵدا سەپاند

کوردستان

12/09/2019‌ 813 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەوتەى کەسوکارى تاریقى بەقاڵ ئەمرۆ دادگاى سلێمانى سزاى لەسێدارەدانى بەسەر بکوژانى کوڕەکەیاندا سەپاندوە.

ئەمرۆ دانیشتنێکى ترى دادگاى سلێمانى سەبارەت بە دۆسیەى کوشتنى تاریقى بەقاڵ بەڕێوەچوو دادوەریش بڕیارى کۆتایی لەبارەى تۆمەتبارەکانەوە داوە.

لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەنوسیدا کەسوکارى تاریقى بەقاڵ رایانگەیاند، کە لەدانیشتنى ئەمرۆدا دادوەر سزاى لەسێدارەدانى بەسەر تۆمەتبارانى کوشتنى تاریقى بەقاڵدا سەپاندوە.

هەروەها کەسوکارى کوژراوەکە داوایان کرد تەنیا بڕیارەکە نەبێت و بەس، بەڵکو بریارى لە سێدارەدانەکەش جێبەجێ بکرێت.

کەسوکارى تاریقى بەقاڵ جەختییانکردەوە کە بە دەرکردنى ئەو بریارە ساڕێژى بەشێک لەبرینەکەیان دەکرێت.

مانگى ئازارى ئەمساڵ هاوڵاتییەکى شارى سلێمانى بەناوى تاریقى بەقاڵ کە دوکاندار بوو لەناو بازاڕی شارى سلێمانى لەلایەن چەند کەسێکەوە رفێنراوەو دواتر هێزەکانى ئاسایش لەناوچەى قولەڕەیسى تەرمى ناوبراویان دۆزییەوەو چەند کەسێکیشیان بەو تۆمەتەوە دەستگیر کرد، دواتر ئەو کەسانە دانیان ناوە بەتاوانەکەیاندا.

س.هـ