هەولێرو بەغدا مەرجەكانی یەكتری رەتدەكەنەوە

کوردستان

14/09/2019‌ 3729 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هەردوو حكومەتی عێراق‌و هەرێمی كوردستان، ئەو مەرجانەیان رەتكردووەتەوە، كە لەمیانی گفتوگۆكان بۆ رێككەوتن خستوویانەتەڕوو.

ماوەیەكە چەند شاندێكی فەرعی لەنێوان هەردوو حكومەتی عێراق‌و هەرێمی كوردستان پێكهێنراوەو تائێستاش چەند گفتوگۆیەكیان لەبارەی كێشەكانی نێوان هەولێرو بەغدا كردووە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادار دراوە بەشارپرێس، لەمیانی گفتوگۆكان بۆ ئەنجامدانی رێككەوتن، شاندەكانی هەرێم چەند مەرجێكیان خستووەتەڕوو، لەبەرانبەردا شاندەكانی بەغداش چەند مەرجێكیان خستووەتەڕوو.

هەر بەپێی زانیارییەكان، هەردوولا بەمەرجی یەكتری رازی نەبوون‌و رەتیانكردووەتەوە، بەتایبەتی شاندەكانی بەغدا، كە مەرجەكانی شاندی هەرێمیان بە قورس‌و ناواقیعی لەقەڵەمداوە.

هەرێمی كوردستان بۆ رادەستكردنی نەوت بەرێژەی 250 هەزار بەرمیلی رۆژانە، داوای ئەوەی كردووە، كە قەرزی كۆمپانیا نەوتییەكان‌و فەرمانبەرانی هەرێم بداتەوە، كە بڕەكەی بە 80 ملیار دۆلار خەمڵاندووە.

لەبەرانبەردا حكومەتی عێراق ئەوەی رەتكردووەتەوەو مەرجی ئەوەی داناوە، كە جگە لەداهاتی ئەو 250 هەزار بەرمیلە، دەبێت داهاتەكانی تریش وەك داهاتی دەروازە سنوورییەكان بگەڕێنرێتەوە بۆ بەغدا، كە هەولێر ئەوەی رەتكردووەتەوە.

سەرەڕای رەتكردنەوەی مەرجەكانی یەكتری، گفتوگۆی هەولێر بەغدا بۆ رێككەوتن بەردەوام دەبێت‌و بڕیارە لەم هەفتەیە شاندێكی هەرێم سەردانی بەغدا بكات‌و لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی كۆبوونەوە بكەن.

هەولێرو بەغدا چەند ساڵێكە لەسەر زۆرێك لەپرسەكان كێشە لەنێوانیان هەیە، بەتایبەتی كێشەی نەوت‌و بودجە ، كە بەو هۆیەوە ئاڵۆزی گەورە لەنێوان هەردوولا دروست بووە.

هـ ـ ح