روسیا موشەكێكی ئەتۆمی تاقیدەكاتەوە
ناتوانرێت بەری پێبگیرێت و چەندین رۆژیش لەئاسمان دەمێنێتەوە

جیهان

15/09/2019‌ 1577 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
راپۆرتە رۆژئاواییەكان ئاشكرایانكردووە، روسیا موشەكێكی ناوەكی نوێی تاقیكردووەتەوە، كە دەتوانێت چەندین شار  بەتەواوەتی وێران بكات، هەروەها دەتوانێت دوورییەكی زۆر ببڕێت بێئەوەی ڕێی لێبگیرێت .

بەپێی ناوەڕۆكی راپۆرتەكان، ئەو موشەكە ترسناكە دەتوانێت بۆ ماوەی چەندین رۆژ لەئاسمان بمێنێتەوە و بۆ خاڵی لاوازی سیستەمە بەرگرییەكانی وڵاتە رۆژئاواییەكان بگەڕێت تا ئەو كاتەی مەرگ و وێرانكاری بەسەر ئامانجەكەی دوژمندا دەبارێنێت، كە بەقسەی سیخوڕەكانی دەزگای هەواڵگری ئەمەریكا ئەو موشەكە لەماوەی ٦ ساڵی داهاتوودا دەتوانرێت بەگەڕبخرێت.

بەگوێرەی رۆژنامەی "میترۆ"ی بەریتانی، ئەو موشەكە روسییە ترسناكە ناوی لێنراوە "Borivistnik" ، كە بریتییە لە موشەكێكی كرووزی باڵدار .

بەگشتی ئەو جۆرە موشەكە كرووزانە ١٦١٠ كیلۆمەتر دەبڕن، بەڵام لەبەر ئەوەی Borivistnik بە وزەی ئەتۆمی كاردەكات دەتوانێت مەودایەكی زۆر زیاتر لەو مەودایە ببڕێت .

لەمانگی مارسی ئەمساڵ، ڤلادیمێر پۆتینی سەرۆكی روسیا پەردەی لەسەر ژمارەیەك چەكی زێدە خێرا لادا لەناویاندا موشەكی  Borivistnik، ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، كە ئەو موشەكە بە وزەی ناوەكی كار دەكات و مەوداكەشی سنووردار نییە.

جیفری لویز، شارەزای بواری چەكی ناوەكی لە پەیمانگای میدلبری بۆ لێكۆڵینەوە نێودەوڵەتییەكان بە تۆڕی هەواڵی  CNBC  رایگەیاندووە، روسیا لەپێناو شكاندنی بەرگرییە موشەكییەكانی ئەمەریكا پابەندە بەوەی وەبەرهێنانێكی زەبەلاح لەبواری سیستەمی نوێی چەكی لەو جۆرەدا بكات.

ئەو شارەزایە باسی لەوە كردووە، كە جیهان بەرەو پێشبڕكێی خۆپڕچەككردن هەنگاودەنێت، بۆ ئەوەش هەریەك لە روسیا و ئەمەریكا ملیاران دۆلار لە دروستكردنی موشەكی ناوەكی خەرج دەكەن، كە ئامانجیشیان لێی یەكترییە .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی