پەرلەمانى کوردستان لە ٢٠ ملیارەکەى پایتەختى رۆشنبیرى دەکۆڵێتەوە

کوردستان

16/09/2019‌ 569 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

شاندێکى په‌رله‌مانى کوردستان بەدواداچوون بۆ ئەو 20 ملیار دینارە دەکەن کە تەرخانکراوە بۆ ژێرخانى پایتەختى رۆشنبیرى سلێمانى.

ئەمرۆ دوو شەممە شاندێکى پەرلەمانى کرودستان بە مەبەستی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لە پرسی خەرجکردنی 20 ملیار دیناری ساڵانەی تایبەت بە شاری سلێمانی، سەردانی بەڕێوەبەرایەتی رۆشبیری سلێمانی-یان کرد.
دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەڕێوەبەرى رۆشنبیرى سلێمانى، بابەکر دڕەیی  بەرۆژنامەنوسانى راگەیاند"دڵخۆشین بە هاتنی ئەم لیژنەیە و پابه‌ندین بە هاوکاریکردنیان و دڵنیایین پێکەوە کاری باشمان کردووە".
دڕەیی ئاماژەى بەوەشکرد، ئەو پارەیە بەشێکی بۆ ژێرخانی رۆشنبیری و چالاکی کولتووری خەرجکراوە و بەشێکی تری لە بانکدایە.

لاى خۆیەوە لوقمان وەرتی سەرۆکی لیژنەی رۆشنبیری و کۆمەڵگەی مەدەنی و وەرزش لە پەرلەمانی کوردستان وتی"هاتووین بەدواداچوون بکەین بۆ ئەو 20 ملیار دینارەی لە ساڵی 2013بۆ ژێرخانی کولتووری شاری سلێمانی تەرخان کراوە".
 وەرتى ئاماژەى بەوەشکرد، وەکو لیژنەکە سەرنج و تێبینی خۆیان هەیە و لە رۆژانی داهاتوودا دەچنە نێو وردەکارییەکانەوەو دواتر ئەنجامى لێکۆلینەوەکانیان ئاراستەى سەرۆکایەتى پەرلەمان دەکەن.
لە ساڵی 2013 بڕی 20 ملیار دیناری عێراقی بۆ شێرخانى پایتەختى رۆشنبیرى شاری سلێمانی تەرخان کرا، بەڵام لەماوەى رابردوودا پرسى "گەندەڵى" لە خەرجکردنى ئەو پارانەدا خرایەڕوو و دەنگدانەوەى دروستکردوە.