بابەکر دڕەیی: تەنها لەو پارانە بەرپرسیارم کە بەبڕیارى من بۆ پڕۆژەکان خەرجکراوە

کوردستان

16/09/2019‌ 824 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەرێوەبەرى رۆشنبیرى و هونەرى سلێمانى رایگەیاند، جەختیکردەوە ئەو بەرپرسیارە بەرامبەر دینار بە دینارى بەشێک لەو ئەو پارانەى خۆى بڕیارى خەرجکردنى لێداوە بۆ پرۆژەکان و بەشەکەى تریشی لایەنە پەیوەندیدارەکانى تر لێى بەرپرسیارن کە بریاری خەرجکردنیان لێداوە.
لەبەرامبەر ءئەو تۆمەتانەى ئاراستەى دەکرێن، بابەکر دڕەیی بەرێوەبەرى رۆشنبیرى سلێمانى بە شارپرێسى رایگەیاند"هەر پارەیەک خەرج کرابێت بەپێى نوسراو بووەو دیارە بەبڕیاری کێ ئەو پارەیە خەرج کراوە کە بەشێکى بە بریارى خۆم بووەو بەشەکەى تریشى بە بڕیارى پارێزگارى پێشووى سلێمانى و وەزیرى رۆشنبیرى پێشوو بووە، من تەنیا لەو پارەیە بەرپرسیارم کە بە بڕیارى من سەرفکراوە".
روونیکردەوە، دیوانى چاودێرى دارایی پێشتر لە وردەکارى ئەو خەرجى و پڕۆژانەى کۆڵیوەتەوەو هیچ رەخنەیەکى نەبووەو باسى نەکردوە کە بە هەدەر درا بێت.
دڕەیی باس لەوەش دەکات، ئەو لەو ژمارانەى پێشوو کە بەبریارى لایەنە پەیوەندیدارەکانى تر خەرجکراوە بەرپرسیار نییە.، بەڵام تەئکید دەکاتەوە بەرپرسیارە لە دینار بە دینارى ئەو پارەیەى کە بەبڕیارى خۆى لەماوەى چوار ساڵ و چوار مانگدا خەرج کراوە.
دڕەیی جەختیشیکردەوە، ئامادەیە بۆ هەر هاوکارى و وەڵامدانەوەیەکى پەرلەمان و حکومەت و دادگا ، ئەو خۆشحاڵە بەوەى بەدواداچوون بۆ ئەو پارەیە بکرێت کە چۆن خەرجکراوەو بەبڕیاری کێ خەرج کراوەو خۆشحاڵیشە بە لێپرسینەوە لە سەروەت و سامان ئەم وڵاتەو هەموو دام و دەزگاکانى تر.
هەروەها بەرێوەبەرى رۆشنبیرى وتیشى"هەموو ئەو پارانەى کە خەرج کراون بە نوسراو و وەسڵ لە بەرێوەبەرایەتییەکەمان تۆمار کراون هەر لایەنێکى پەیوەندیدار بیەوێت لێکۆڵینەوە بکات دەتوانێت پشت بەو نوسراوانە ببەستێت و منیش ئامادەم وەڵام بدەمەوە، بەرپرسیارم بەرامبەر یاساو میللەتەکەى خۆم و حزبەکەم و ئەنجومەنى پارێزگاو هەر کەسێکى تر".