چەندین ساڵ پێش ئێستا دەمیرتاش پێشبینی كردبوو
"رۆژێك دێت لایەنگرەكانی ئەردۆغان لەئێمە زیاتر رەخنەی لێدەگرن"

کوردستان

17/09/2019‌ 1270 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەڵاحەددین دەمیرتاشی هاوسەرۆكی پێشووی پارتی دیموكراتی گەلان هەدەپە، كە ئێستا لە زیندانەكانی توركیا بەند كراوە ، چەندین ساڵ پێش ئێستا پێشبینی ئەوەی كردووە دیارترین لایەنگرەكانی ئەردۆغان لێی هەڵدەگەڕێنەوە و رەخنەی توندی لێدەگرن.

دەمیرتاش پێش دەستگیركردنی و ئەوكاتەی سەرۆكی پارتی دیموكراتی گەلان بوو وتی: دەبینن چۆن رۆژێك لەرۆژان لەهەڵویستەكانی ئێستایان پاشەكشە دەكەن و لەئێمە زیاتر رەخنە لە ئەردۆغان دەگرن، ئەوەش وەك ئاماژەیەك بۆ گەورە بەرپرسانی پارتی داد و گەشەپێدان، كە لە رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی پارتكەوە نزیكن و پشتیوانی دەكەن‌و ئێستا لێی ناڕازین.

لەپارچە ڤیدیۆیەكدا، كە لە تۆرە كۆمەڵایەتییەكان زۆر بڵاوبووەتەوە دەمیرتاش دەشڵێت: ئەوە سرووشتییانە، پاشەكشەكردن و گەڕانەوە بۆ دواوە رەفتاریانە، دەبینن ئەو سیاسی و رۆژنامەنووس و میدیاكارانەی نزیكن لەئەردۆغانەوە چۆن بەلادادێن و یەكەم كەس دەبن ئەردۆغان لەناو كەشتییە نقوومبووكەیدا بەجێدێڵن ورەخنەی لێدەگرن، ئەوكات سەرتان سووردەمێنێت.

لەدرێژەی قسەكانیدا دەمیرتاش ئەوەش دەڵێت: ئەو كەسانە دەڵێن ئەردۆغان ستەمكارترین و دیكتاتۆرترین دەسەڵاتدارە لەمێژوودا، دەبینن ئەو كەسانەی ئێستا باڵاترین پۆستەكان وەردەگرن و ماستاوی بۆدەكەن لەهەموو كەس زیاتر لەپێش چاوی هەموومان رەخنەی لێدەگرن و هێرشی دەكەنە سەر  و دەڵێن ئەردۆغان ئەوە و ئەوەی كرد.

ئەو قسانەی ئەو ڕێبەرە كوردە پێش چەند ساڵێك كردوویەتی بەتەواوەتی لەگەڵ ئەو رەخانانە دێتەوە، كە ئیستا سەركردە دیارەكانی پارتی داد و گەشەپێدان لە ئەردۆغانی دەگرن لەسەرووی هەموویانەوە ئەحمەد داود ئۆغلوی سەرۆكوەزیران‌و عەلی باباجانی وەزیری دارایی پێشووی توركیا، كە وەك ئامادەكارییەك بۆ دروستكردنی حیزب دەستیان لەپارتی دادو گەشەپێدان كێشایەوە.

ئامادەكردن: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی