پڕۆژەیەك بۆ دەستهەڵگرتنی بەرپرسانی عێراق لەپاسپۆرتە بیانییەكانیان

عیراق

18/09/2019‌ 540 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: میدیاكان
ئامادەكردن‌و وەرگێڕان: لوقمان حاجی قادر

شەڕقلئەوسەت بڵاویكردەوە
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، قسەكەرێك بە ناوی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریكاوە رایگەیاندووە، نانسی بیلۆسی داوای لەدەزگای هەواڵگری وڵاتەكەی كردووە، وتەی سەرجەم كارمەندانی دەزگاكە وەربگرن لە بارەی هێرشەكانی سەر كۆمپانیایی ئارامكۆی سعودییە، هەروەها لە بارەی ئێرانیشەوە.

هاوكات دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكاش لەیەكشەممەی ڕابردووەوە ڕایگەیاندووە، واشنتۆن ئامادەی هەموو وەڵامدانەوەیەكە، ڕۆژی 2 شەممەی ڕابردووش بۆ تاوتوێكردنی دۆخەكە لەگەڵ تیمی سەرۆكایەتییەكەی كۆبووەوە.

سەرباری ئەوەی ترامپ پەنجەی تۆمەتی بۆ هیچ لایەنێك ڕانەكێشا، بەڵام وتی: ئێمە لە ناسنامەی بكەری هێرشەكە نیمچە دڵنیاین و زۆرینەش پێیان وایە ئێرانە، بەڵام پێویستیان بە بەڵگەی زیاتر هەیە.

ترامپ ئەوەشی وت: هێرشەكە گەورە بووە، دەكرێت ئێمەش بەهێرشێكی گەورەتر وەڵامی بدەینەوە، پێشتریش مایك ئەسبیری وەزیری بەرگری وتی: خۆیان بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەكە ئامادە دەكەن.

ڕۆژنامەی سەباح  بڵاویكردەوە
ڕۆژی 5 شەممەی داهاتوو، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیری عێراق، بە یاوەری شاندێك و بە فەرمی سەردانی چین دەكات، سەردانەكە 4 ڕۆژ دەخایەنێت.

چاودێران سەردانەكە بە مێژوویی وەسف دەكەن بۆ هەردوو وڵات و پێی گەشبینن و پێیانوایە قۆناغێكی تازەی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵاتی لێدەكەوێتەوە‌.

 چانگ تاوی باڵوێزی چینیش لە بەغدا پێشبینی ئەوەی كرد ساڵی 2020 ساڵی بنیاتنانەوەی عێراق بێت و وڵاتەكەشی بە هێزەوە بەشداری لەو بنیاتنانەوەیەدا دەكات، 

ئەوەشی‌ وت: عێراق هاوبەشێكی سەرەكییە‌ لەبیرۆكەی‌ پێشدەستی "پشتێنە و ڕێگا" ی زەبەلاحی جیهانی.

باڵوێزە چینییەكە وتیشی: سەردانەكە بوارەكانی ئابووری و تەكنەلۆژی و ئەمنی ڕۆشنبیری دەگرێتەوە و چەند ڕێككەوتننامەیەكی لێد‌‌ەكەونەوە.

تاو ئەوەشی وت: وڵاتەكەی لە قۆناغی یەكەمدا بڕی 10 ملیۆن دۆلار یارمەتی عێراق دەدات، تاوتوێی ئەوەش دەكرێت چەند پڕۆژەیەكی گەورەی ستراتیژی وەك قوتابخانەكان و كۆمەڵگاكانی نیشتەجێكردن و هاتۆچۆ گەڵاڵە بكرێن.

 تاو ئەوەشی وت: باڵوێزخانەكەیان لە بەغدا، ڕێوشوێنەكانی وەرگرتنی ڤیزای بە هاووڵاتییانی عێراق ئاسان كردووە و چەند هەمواركردنەوەیەكی تازە و ئاسانكاری زۆری تێدا كردووە، كۆت و بەندەكانی سوك كردوون، تاوتوێی ئەوەش دەكرێت هەڵگرانی پاسپۆرتی خزمەتگوزارییەكان لەنێوان هەردوو وڵاتدا بەدەر بكرێن لە وەرگرتنی ڤیزا.

پێگەی ناس بڵاویكردەوە
سەباح ساعیدی سەرۆكی فراكسیۆنی چاكسازی و بنیاتنانەوەی پەرلەمانی و سەركردە لەهاوپەیمانی فەتح، پڕۆژیاسایەكی سەبارەت بەهەڵگرانی پاسپۆرتی دووسەرە لە بەرپرسەكان پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق كرد.

ئەو وتیشی پڕۆژەیاساكە ئامرازێكی گرنگی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵێیەو لەلایەن ڕەووتی حیكمەشەوە پشتیوانی لێدەكرێت.

بەگوێرەی پڕۆژەیاساكە، بەرپرسان سەرپشك دەكرێن لەوەی دەستبەرداری پاسپۆرتە بیانییەكانیانبن یان دەست لەپۆستەكانیان هەڵگرن، 80 پەرلەمانتاریش پاڵپشتی ئەو پڕۆژەیاسایەن، كە پێشتریش لە ساڵی 2011 خراوەتەڕوو، بەڵام پەسەند نەكراوە.

وتیشی: ئەو پڕۆژەیاسایە ڕێگە لە بەرپرسە گەندەڵەكان دەگرێت لەكاتی تۆمەتباركردنیان بە گەندەڵی بە هۆی پاساپۆرتەوە بیانییەكانیانەوە هەڵێن بۆ دەرەوەی عێراق، هەروەك پێشتر چەند وەزیر و بەرپرسێك هەڵاتوونە دەرەوەی وڵات.

باسی لەوەش كرد، كە دەستور پەرلەمانی عێراقی پابەند كردووە بە دەركردنی یاساكان لەوبارەوە.

پێگەی مەعلومە بڵاویكردەوە
لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئەوەی ئاشكراكردووە،‌ ڕۆژی 3 شەممە شاندێكی كوردی  سەردانی بەغدا دەكەن بۆ فشارخستنەسەر حكومەتی فیدڕاڵی و پەرلەمانی عێراق، تا فوئاد حوسێنی وەزیری دارایی عێراق بانگهێشتی لێپرسینەوە نەكەن.

حەنین قەدۆی ئەندامی لیژنە پەرلەمانییەكەی عێراق لەو بارەوە وتی: ئێستا پەرلەمانی عێراق خشتەیەكی زەمەنی بۆ بانگهێشتی لێپرسینەوە لە وەزیر و بەرپرسە كەمتەرخەمەكان دیاری نەكردووە، ئەوەشی وت: هێزە كوردییەكان لە جوڵەدان بۆ رێگرتن لەبانگهێشتكردنی فوئاد حوسێنی وەزیری دارایی بۆ لێپرسینەوەی پەرلەمانی، چونكە لیپرسینەوەكە تووشی لەكارخستنی دەكات، بەو پێیەی یاسای پێشێلكردووە و یاری بە بڕگەكانی بودجەی فیدڕاڵی ساڵی 2019 وە كردووە.

وتیشی: شاندێكی باڵای هەرێم دەگەنە بەغدا و بە تەنیشت پرسی وەزیری داراییەوە ، باسیش لە تەنگژە هەڵپەسێردراوەكانی نیوان هەولێر و بەغدا دەكەن.

ئاژانسی ڕۆیتەر بڵاویكردەوە
ڕۆژنامەیەكی كۆریای باشوور لە چەند سەرچاوەیەكی دبلۆماسییەوە ڕایگەیاندووە، كیم جۆنگ ئونی سەرۆكی كۆریای باكوور داوای لە دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا كردووە سەردانی پیۆنگ یانگی پایتەخت بكات.

ئەم داوایە لە نامەیەكدا لە مانگی ئابی ڕابردوودا ئاراستەی سەرۆكی ئەمریكا كراوە، ئەمەش‌ دووەم نامەیە، كە ترامپ لە سەرۆكی كۆریای باكوورەوە پێ دەگات، لە كاتێكدا گفتوگۆكانی نێوانیان سەبارەت بە داماڵینی چەكی ئەتۆمی وەستاوە.

هێشتا كۆشكی و سپی وەزارەتی دەرەوە وەڵامێكی ئەو داواكارییەی سەرۆكی كۆریای باكووریان نەداوەتەوە.