روسیا جەنگی سوریا كۆتایی پێدێنێت‌و ئەمریكا لەگەڵ ئێران هەڵیدەگیرسێنێتەوە

جیهان

19/09/2019‌ 1700 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ناونیشانی راپۆرتێكە لە گۆڤاری (سفوبودنایا) بڵاوكراوەتەوە، دەربارەی ئەگەری بەرپابوونی جەنگێكی گشتگیر لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

بەپێی راپۆرتەكە، دوای چەند رۆژێك لە لێدوانی وەزیری دەرەوەی روسیا سێرگی لافرۆف بە كۆتایی هاتنی جەنگی ناوخۆ لە سوریا، ئێستا ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست نزیكبووەتەوە لەهەڵگیرسانی ململانێیەكی سەربازی نوێ. 

هەر بەپێی راپۆرتەكە، ئەمجارەیان بەهۆی هێرشەكانە بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەكانی سعودییە، هەروەها رووداوەكانی پێشوو رۆژئاوا ئێرانی تۆمەتبار كردووە لەو هێرشانە.

دەربارەی ئەو دۆخە، گەورە توێژەری پەیمانگەی لێكۆڵینەوەی رۆژهەڵاتی سەر بەئەكادیمیای زانستە روسییەكان، پرۆفیسۆر (میخایل روشین) وتی: بڕوام وایە لێدوانی لافرۆف رەنگدانەوەی هەڵوێستی راستەقینەیە، لە كۆتاییدا حكومەتی سوریا توانی دەسەڵاتی بگەرێتەوە بۆ سەر زۆربەی خاكی وڵاتەكەی.

بەڵام تا ئێستا یەكبوونێك لە دیمەشق نییە، ئایا ئەمە چۆن كاریگەری دەخاتە سەر یەكلاكردنەوەی كێشەكان لە دوای جەنگ؟ 

ئەو توێژەرە باس لەوەش دەكات، كە وا دەردەكەوێت سەركردەكانی روسیا و توركیا و ئێران گەیشتوونەتە رێككەوتنێك رووەو چارەسەركردنی كێشەكانی سوریا بە شێوەیەكی ئاشتیانە. 

بۆیە ڤلادیمیر پۆتین رایگەیاندووە، لە ماوەیەكی كورتدا لیژنەی دەستوور لە سوریا پێكدەهێنرێت، پاشان پرۆسەی ئامادەكردنی دەستووری نوێی سوریا پەلەی لێدەكرێت.

باسی لەوەش كردووە، كە لێرەدا وەك شارەزایەك شتێكی روون هەیە بەلای منەوە، ئەویش بریتییە لەوەی بەشار ئەسەد لە دڵی پێكهاتەی سیاسی سوریادا دەمێنێتەوە لە ئایندەیەكی چاوەڕوانكراودا، بەڵام پێویستە ئەوە هێنرێـتەوە یاد، كە یەكلایكردنەوەی كێشەكان بە شێوەیەكی بەردەوام بەبێ بەشداری ئۆپۆزوسیۆنی میانڕەوو كوردەكان لە دەسەلاتدارێتی وڵاتدا كارێكی سەخت دەبێت.

بروات وایە لە ئەمرۆدا ئەمریكیەكان ئامادەی دەستپێكردنی پرۆسەیەكی سەربازی بن لە دژی تاران؟ لەوەڵامدا دەڵێت: ئەوە دەهێنمەوە یاد حوسییەكان بەرپرسیاری هێرشكردنە سەر كارگەكانی ئارامكۆی سعودییەیان خستە ئەستۆی خۆیان، كێشەی یەمەن لەم دواییەدا هەڵكشانی زۆری بەخۆیەوە بینی بەهۆی دژیەكیەكانی نێوان سعودیەو ئێماراتەوە. لەبەرئەوە، ئێران بە تەنها بەرپرس نیە لە ئالۆزبوونی كێشەكانی كەنداو. بەڵێ، هێرشی فرۆكە بێ فرۆكەوانەكان كاریگەری دەبێت لە ئالۆزبونی سێ كوچكەی (سعودیە، ئەمریكا،ئێران). لەگەڵ ئەوەی گوتاری جەنگی ئەمریكا بەردەوامە لەبەر ئێران، بەڵام لە راستیدا جەنگ بەرپاكردن لەگەڵ تاران لە ئایندەیەكی نزیكدا ئەگەری كەمە.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا