لەبازگەی گۆمەسپان رێگری لەمەحمود سەنگاوی كراوە بچێتە هەولێر

کوردستان

19/09/2019‌ 4544 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەبازرگەی شاری هەولێر رێگری لەمەحمود سەنگاوی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كراوە بۆ چوونە ناو شاری هەولێر، كە بەنیازی بەشداریكردن لەكۆبوونەوەی سیاسی حیزبەكەی بەنیاز بووە سەردانی ئەو شارە بكات.

لەتیف شێخ عومەر وتەبیژی یەكێتی لە كۆنفڕانسێكی رۆژنامەنوسیدا لە بارەگای سەرەكی مەكتەبی سیاسی لە هەولێر رایگەیاند، ئەمرۆ كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی بەرێوە دەچێت لە هەولێر، بەڵام لە بازگەی دێگەڵە رێگە بەمەحمود سەنگاوی نەدراوە بچێتە هەولێر. 

وتەبێژی یەكێتی جەختیكردەوە، وەكو یەكێتی ئەم كارە قبوڵ ناكەن و حكومەتی هەرێم بە بەرپرسیار دەزانن لەو كارە.

هەروەها وتەبیژەكەی یەكێتی راشیگەیاند، قابیلی قبوڵ نییە ئەو جۆرە كارانە لەكاتێكدا كوردستان موڵكی هیچ لایەنێك نییەو موڵكی هەموو خەڵكی كوردستانەو باسی لەوەش كرد، ئەوەی بەرانبەر مەحمود سەنگاوی كراوە بەرانبەر هەموو خەڵكی كوردستان كراوە.

لەتیف شێخ عومەر جەختیكردەوە، عەقڵییەتێك هەیە دەیەوێت كوردستان دابەشی دوو ئیدارە بكات و ئەوان وەك یەكێتی هەڵویستیان دەبێت‌و دەبێت لایەنەكانی تریش لەو بارەوە بێنە دەنگ.

ئەمە لەكاتێكدایە، پێشتر مەحمود سەنگاوی چەند قسەیەكی لەسەر مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكرات كردو رەخنەی توندی لێگرد، ئەوەش كاردانەوەی گەورەی لێكەوتەوە.