ئەردۆغان لەهەڕەشەكانی بەردەوامەو ئەمریكاش جەخت لەجێبەجێكردنی پلانەكەی دەكاتەوە

کوردستان

19/09/2019‌ 977 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆككۆماری توركیا رایگەیاند، ئەگەر لەماوەی دوو هەفتەی تردا لەگەڵ ئەمەریكا لەسەر ناوچەی ئارام لەرۆژئاوای كوردستان نەگەنە ئەنجامێك ئەوە پلانی تایبەتی خۆیان لەو بارەیەوە جێبەجێ دەكەن .

ئەوە دواین هەڕەشەی رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری توركیا بوو، كە لەبارەی دروستكردنی ناوچەی ئارام لەسوریا كردو پێشتریش لەچەند دەركەوتنێكی جیاوازی ئەو هەڕەشانەی كردبوو.

هەڕەشە بەردەوامەكانی رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری توركیا لەكاتێكدایە، ئەمریكا جەختدەكاتەوە، كە لەسەر لەسەر ئەو پلانەی دایانناوە بەردەوامن بۆ دروستكردنی ناوچەی ئارام لەسوریا.

بۆ ئەو مەبەستەش رۆژی چوار شەممە ئاریك هێڵ فەرماندەیی ناوەندی ئەمریكا سەردانی رۆژئاوای كوردستانی كردو لەگەڵ مەزڵوم كوبانی فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات كۆبووەوە، كە لەكۆبوونەوەكە جەختیان لەجێبەجێكردنی پلانی دروستكردنی ناوچەی ئارام كردووەتەوە.

توركیاو ئەمریكا مانگی هەشتی رابردوو لەسەر دروستكردنی ناوچەی ئارام رێككەوتن، كە ئەردۆغان بەبیانووی ئەوەی هەنگاوەكانی دروستكردنی ناوچەی ئارام ناچنە پێشەوە، بەردەوام هەڕەشە دەكات، كە پلانی خۆیان جێبەجێدەكەن.
  
ئەردۆغان لەكاتی رێورەسمی كردنەوەی ساڵی نوێی خوێندنی زانكۆكان لەئەنقەرە راشیگەیاند، توركیا لەو لێدوانانە دڵنیا نییە، كە لەبارەی ناوچەی ئارامەوە دەدرێن، "بۆیە توركیا ڕێوشوێنی كرداری لەسەر زەوی دەوێت".

هەروەها رایگەیاند، كە ئەگەر لەماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا نەگەیشتینە هیچ ئەنجامێك ئەوە پلانی خۆمان جێبەجی دەكەین، سەرۆكی توركیا باسی لەوەش كرد، بەتەنیا "لێدوان دڵنیامان ناكەنەوە، بەڵكو ئەوان چاویان لە پشتیوانی زیاتری وڵاتانی ئەوروپایە لەبارەی ئیدلب و رۆژهەڵاتی فورات" .

ئامادەكردن: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی