گفتوگۆکان شکستدەهێنن
هەرێم و بەغدا لەنێوان رێککەوتن و لێکترازاندا

عیراق

19/09/2019‌ 2681 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هەوڵەكان بۆ دۆزینەوەی رێگایە بۆ رێككەوتنی هەرێم و بەغدا بەردەوامەو هەریەكە لە سەرۆك كۆماری عێراق و سەرۆكی پەرلەمانی عیراق هەوڵەكانیان خستووەتە گڕ، بەڵام سەرەڕای ئومێد بەخشین بۆ رێككەوتن هیچ ئاماژەیەكی تر بەدی ناكرێت.

كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا لەناویشیاندا پرسی پشكی هەرێم لە بودجەی ساڵی ٢٠٢٠ و دۆخی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم وەكو خۆی ماوەتەوەو هیچ چارەسەرێكی نوێی بۆ نەدۆزراوەتەوە.

لەماوەی چوار مانگی رابردوودا چەندین دیدارو كۆبوونەوە لەنێوان بەرپرسانی هەرێم و بەغدا ئەنجامدراون بۆ ئەوەی كێشەكان بەلایەكدا بخەن و چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە، بەڵام ئەو بەرپرسانە جگە لە هیوا بەخشین نەگەیشتوون بە چارەسەر.

لەئێستادا هەرێم و بەغدا چەندین مەرج و پێشنیاریان خستووەتە بەردەم یەكتر، بەڵام هیچكامیان سازش لەسەر مەرجەكانی خۆیان ناكەن هەر ئەوەش وایكردوە بۆشایی بەینی هەولێرو بەغدا زیاتر بێت، هاوكات فشارە زۆرو زەوەندەكانی لایەنە شیعەكان و پەرلەمانتارەكانیان لەسەر عادل عەبدولمەهدی و فوئاد حسێن بۆ بڕینی موچەی فەرمانبەران زیادی كردوە.

ئەحمەد حاجی رەشید ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بەشارپرێسی راگەیاند" سەقفی داواكارییەكانی هەرێم بەرزترە لە داواكاریەكانی عێراق، بۆیە ئەمە گومانی ئەوەی دروست كردوە هەرێم نەیەوێت لەگەڵ بەغدا بگاتە ئەنجام".

ئاماژەی بەوەشكرد، هەندێ دەنگۆ هەیە هەرێمی كوردستان لەئێستادا خاوەنی نەوت نییە، بەڵكو هەموو نەوتەكەی فرۆشتبێت ئەگەر ئەوە راست بێت ئەوا گەیشتن بەرێككەوتن قورسە.

سەبارەت بە هەوڵەكانی بەرهەم ساڵح و محەمەد حەلبوسی بۆ رازیكردنی بەرپرسانی هەرێم بە رێككەوتن، ئەحمەد حاجی رەشید، رونیدەكاتەوە ئەمە كەوتووەتە سەر ئەو دوو بەرپرسە كە ئایا دەتوانن رازی بەرپرسانی هەرێم رازی بكەن، وەك خۆی دەلێت ئەوەش پەیوەندی بە بەرپرسانی هەرێمەوە هەیە ئیرادەی رادەستكردنی نەوتیان هەیە.

بەمەبەستی رێگریكردن لە ئاڵۆزبوونی زیاتری پەیوەندییەكان و لێكترازانی هەرێم و بەغدا و بەمەبەستی دۆزینەوەی رێگە چارسەرێك بۆ ئەو كێشانە كەگرنگترینیان پرسی بودجەو نەوت و ناوچە كیشەلەسەرەكانە رۆژی سێ شەممە بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق بە یاوەری فوئاد حسێن وەزیری دارایی حكومەتی عێراق گەیشتنە هەولێر.

بەرهەم ساڵح و فوئاد حسێن لەگەڵ هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم كۆبوونەوەو تیایدا لەبارەی پشكی هەرێم لە بودجەی ساڵی ٢٠٢٠ و رادەستكردنی نەوت و كێشەكانی تر گفتوگۆی وردیان كردوە.

رۆمیۆ هەكاری سەرۆكی هاوپەیمانی نەتەوەیی لە پەرلەمانی كوردستان بە شارپرێسی رایگەیاند،كۆبوونەوەی سەرۆك كۆمارو وەزیری دارایی داوایانكرد هەماهەنگی لەنێوان پەرلەمانتارانی كورد لە پەرلەمانی عێراق و لەپەرلەمانی كوردستان هەبێت و هەروەها لیژنە تایبەتمەندەكان بەیەكەوە پەیوەندی بەردەوامیان هەبێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، سەرۆك كۆمار جەختیكردوەتەوە كە موچەی ساڵی ٢٠١٩ بەپێ یاسای بودجە وەكو خۆی دێت و كێشەی نییە، بۆ ساڵی ٢٠٢٠ یش سەرۆك كۆمار تەئكیدی كردوەتەوە هەموو هەولێك دەدەن موچەی فەرمانبەران وەكو خۆی جێگیر بكرێت و نەبڕدرێت.

رۆمیۆ هەكاری، باسی لەوەشكرد، سەرۆك كۆمارو وەزیری دارایی گەشبین بوون بە چارەسەری كێشەكان و كۆبوونەوەكانی هەرێم و بەغدایان بە ئومێد بەخش وەسفكردوە.

لەلایەكی ترەوە حەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق گەیشتە هەولێرو لەسەر هەمان پرس لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم گفتوگۆ دەكات و چەند پێشنیارێكیشی لەگەڵ خۆیدا هێناوە.

هەرچەندە بەرپرسانی هەرێم و بەغدا لە لێدوانەكانیاندا باس لە نزیكبوونەوەو چارەسەری كیشەكان دەكەن، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی شارپرێس كە لەسەرچاوەیەكی باوەڕپێكراوەوە دەستیكەوتووە هەرێم و بەغدا لەبارەی كێشەكان نەك نزیك نین، بەڵكو زۆر دوریشن و گفتوگۆكانیشیان بە بنبەست گەیشتووە.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشكرد، شكستی ئەو گفتوگۆیانە وایكردوە بەرهەم ساڵح و محەمەد حەلبوسی بە پەلە بگەنە هەولێر تا دەرچەیەك بدۆزنەوە بۆ چارەسەر بەتایبەت پەیوەست بە بودجەی ساڵی ٢٠٢٠.

هاوكات لەگەڵ سەردانەكەی سەرۆك كۆمارو سەرۆكی پەرلەمان لەبەغدا پەرلەمانتارانی شیعە فشارەكانیان دەستپێكردوە بۆ ئەوەی لە بودجەی ساڵی ٢٠٢٠دا بودجەو موچەی فەرمانبەران ببڕدرێت.

لەچەند رۆژی رابردووشدا میدیاكانی عێراق بڵاویانكردەوە هاوپەیمانیەتی فەتح و سائیرن و نصر رێككەوتون لەسەر ئەوەی لەبودجەی ٢٠٢٠ دا رێگە بە جێگیركردنی مافەكانی هەرێم نەدەن تاكو هەرێم بە كردەیی نەوت رادەست دەكات.

بەپێی زانیارییەكانی شارپرێس لە كۆبوونەوەكاندا لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم، بەرهەم ساڵح و فوئاد حسێن داوایان كردوە هەرێم نەوت رادەست بكات تا پكشی هەرێم لەبودجەدا جێگیر بكرێت و ئەو كێشەیە كۆتایی بێت.

ئەحمەد حاجی رەشید باسی لەوەشكرد، حكومەتی عێراق لەئێستادا بە ئەندازەی نەوت گرنگی بە داهاتی گومرگەكان دەدات و پێیوایە داهاتی گومرگەكان هیچی كەمتر نییە لە نەوت، بۆیە بەوتەی ئەو عێراق ئێستا ئەو پرسەی هێناوەتە پێشەوە.

س.هـ

بەپەلە