لەچەند سەعاتێكدا.. شەڕی ئەتۆمی روسیا و ئەمریكا دەبێتە وێرانكردنی ئەوروپاو كوشتنی 34 ملیۆن كەس

sharpress.net

2406 جار خوێندراوه‌ته‌وه

21/09/2019‌

شارپرێس:
توێژەران لاساییكردنەوەیەكی تۆقێنەریان پەرەپێداوە، كە روونیدەكاتەوە چۆن جەنگی ئەتۆمی نێوان ئەمریكا و هاوپەیمانی باكووری ئەتڵەسی لەگەڵ روسیا هەڵدەگیرسێت.

نموونەی لاسایكردنەوەكە پشتی بەستووە بە زانیاری واقیعی ناوەندەكانی هێزی ئەتۆمی و ئامانجەكانی، بۆیە پێشبینی دەكات 34.1 ملیۆن كەس لە ماوەی چەند سەعاتێكدا گیان لەدەست بدەن، سەرەرای ئەوەی دەبێتە مایەی برینداربوونی 55.9 ملیۆن كەسی تر. 

جێگای ئاماژەیە ئەو ژمارانە باسیان لەو مردنانە نەكردووە، كە لە ئەنجامی كاریگەری دوور مەودادا رووبەرووی دەبنەوە، ئەمەش بەگوێرەی ماڵپەڕی (دیلی میل).

هەر بەپێی ئامارەكان تەنیا لە سێ سەعاتی یەكەمدا، ئەوروپا وێران دەبێت و ژمارەی كوژراوەكان دەگاتە 2.6 ملیۆن كەس، دوای نەوەد خولەكی تر، شارە سەرەكییەكانی ئەمریكا و روسیا 5 بۆ 10 بۆمبی ئەتۆمی ئاراستەی یەكتری دەكەن، كە دەبێتە مایەی تیاچوونی 88.7 ملیۆن كەس لەكوژراو و بریندار.


نموونەكە دەریدەخات ژمارەیەك لە وڵاتان نابنە ئامانجی راستەخۆی بۆمبە ئەتۆمییەكان لەنموونەی ئەو وڵاتانەی دەكەونە نیوەی باشووری گۆی زەوی و سكۆتلەندا.

ئەو ڤیدیۆیەی لەسەر رووداوە دروست كراوە، ماوەكەی چوار خولەكەو لەلایەن شارەزای ئەندازیاری و پسپۆڕ لە كاروباری دەرەوە (ئەلیكس گلایسر) لە زانكۆی (برینستۆن) بەهاوكاری هاورێكانی بەرهەمی هێناوە.

تاقیكردنەوەی ناونراو بە پلانی (ئەلف)، وێنا كراوە لەسەر بنەمای چەند تاقیكردنەوەیەكی سەربەخۆ بە پشت بەستن بەخاڵەكانی ئێستای جێگیربوونی سوپای ئەمریكا و روسیا و پلانەكانی جەنگی ئەتۆمی ئامانجەكانی چەكەكان، كە هەردوو لا هەیانە.

لاسایكردنەوەكە زانیاری قووڵ‌و زۆر دەگرێتەوە دەربارەی ژمارەی چەكە ئەتۆمییەكانی، كە ئێستا بڵاوەیان پێكراوە، سەرەرای خشتەی ئەو كاتانەی شەڕەكەی تێدا روو دەدات.

هەروەها جەنگی ئەتۆمی پەرە دەسێنێ لەقۆناغی سەرەتاییەوە لە بە ئامانجگرتنی تەكتیكی تا دەگاتە كاتی ستراتیژی و هەردوو لا توانا ئەتۆمییەكانی خۆیان دەردەخەن.

لە قۆناغی كۆتاییدا، پرۆسەی بە ئامانجگرتنی شارە سەرەكییەكان دەست پێدەكات، بۆ بەربەست دروستكردن لەبەردەم هەڵسانەوەی ركابەر.

توێژەران وای دەخەمڵێنن 90 ملیۆن كەس یان بریندار دەبن، یان گیان لە دەست دەدەن لە سەعاتی یەكەمی جەنگەكەدا.

لاسایكردنەوەكە بە چوارچێوەیەكی كلاسیكی نا ئەتۆمی دەست پێدەكات، لە سیناریۆكەدا هاتووە، روسا گولەیەكی ئاگاداركردنەوەی ئەتۆمی لە بنكەی نزیك كالینینگرادەوە بۆ سەر دەریای رەش دەتەقێنێ، بەمەبەستی وەستاندنی پێشڕەوی كردنی ئەمریكا و ناتۆ.

لە وەڵامدانەوەی روسیادا، ناتۆ یەك لێدانی ئاسمانی تەكتیكی ئاراستەی روسیا دەكات، لەوێوە ململانێكە سەر دەكێشێ بۆ جەنگی ئەتۆمی تەكتیكی لە سەرجەم وڵاتانی ئەوروپادا.

لەم قۆناغەدا، لاسایكردنەوەكە پێشبینی ئەوە دەكات روسیا 300 كڵاوەی ئەتۆمی، لە رێگەی فڕۆكەوە بێت، یان رۆكێتی كورت مەودا بگەیەنێت بۆ ئەوەی لەلێدانی بنكەكانی هێزەكانی ناتۆو ئەو هێزانەی هاتونەتە پێشەوە بەكاریان بهێنێت، كە لەم كاتەشدا هاوپەیمانی سەربازی نێودەوڵەتی بە نزیكەی 180 چەكی ئەتۆمی كە فرۆكەكان هەڵیانگرتوە، وەڵام دەداتەوە.

لەم قۆناغەدا، پێشبینی ئەوە دەكرێت زیانی گیانی بە كوژراو و بریندارەوە بگاتە نزیكەی 2.6 ملیۆن كەس لەماوەی 3ی كاژێردا، و دیارە لەم كاتەدا بە شێوەیەكی بەرفراوان ئەوروپا وێرانكراوە.

پاشان، ناتۆ یەوەی هەیەتی لە ژێر ئاوی ئەمریكی و بنكەی سەربازی بە 600 كلاوەی ئەتۆمی هێرشێك ئەنجام دەدات بەمەستی ئەوەی توانای ئەتۆمی روسیای بۆ دەربكەوێت.

پێش ئەوەشی لێدانەكەی ناتۆ بگات، روسیا بۆمبە ئەتۆمیەكانی لە كۆمەڵەی عەمبار كراوی رۆكێتەكان و ژێر ئاویەكان و سەكۆی هەلدانەكان ئامادە دەكات.

تاقیكردنەوەی پێشبینی ئەوە دەكات 3.4 ملیۆن كەس لەم قۆناغەدا گیان لە دەست بدەن، كە تەنها 45 خولەك دەخایەنێت.

لە قۆناغی كۆتاییدا، هەردوو لا زیاتر لە 30 شاری پڕ لە دانیشتوان و ناوەندی ئابوری مەزن دەكەنە ئامانج، لەو كاتەدا 5 بۆ 10 چەكی ئەتۆمی بۆ هەر ئامانجێك تەرخان دەكرێت وەك هەوڵێك بە هەڵنەسانەوەی لایەنەكەی بەرانبەر لە جەنگەكەدا.

ئەم پرۆسەیە دەبێتە مایەی كوژران و بریندار بوونی 85.3 ملیۆن كەس لە ماوەی 45 خولەكەدا، ژمارەی گشتی كوژراوەكان لەو ئان و ساتەدا و لەم سیناریۆیەدا 34.1 ملیۆن كەس تێدەپەڕێنێ، ئەمە جگە لەكاریگەریەكانی ئەو جەنگە لە ماوەیەكی دوور تردا.

سەرچاوە: البیان
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا






ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved