پێگەی ئەبو مەهدی موهەندیس لەپەیكەبەرندی حەشدی شەعبی لادەبرێت

عیراق

22/09/2019‌ 821 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: میدیاكان
ئامادەكردن‌و وەرگێڕان: لوقمان حاجی قادر

مەركەز بەیت ئەلعێراق بڵاویكردەوە
لە پەسەندكردنی پەیكەربەندییە تازەكەی دەستەی حەشدی شەعبی لەلایەن عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانەوە، پۆستی جیگری سەرۆكی ئەو دەستەیە لابراوە، لەو لاشەوە فالح فەیاز بە وەكالەت دەسەڵاتی ئەوەی‌ پێدراوە بەڕێوەبەرەكان دابمەزرێنێت لەو دەستەیەدا، كە پێشتر ئەبو مەهدی موهەندیس ئەو ئەركەی پێسپێردرا بوو.

پەسەندكردنی ئەو پەیكەربەندییە تازەیەی حەشدی شەعبی بە فەرمانی دیوانی ژمارە 331 بووە، تا حەشدی شەعبی ببێتە بەشێك لە كۆسیستەمی هێزە چەكدارەكانی عێراق و هەموو ناو و ناونیشانە كۆنەكانی پێشووی دەستەكە بگۆڕدرێن بە ناو ناونیشانی تازەی سەربازی.

مەهدی ئامرلی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح لەوبارەو دەڵێت: پەیكەرە تازەكە بە هەماهەنگی لەگەڵ فالح فەیاز دانراوە  و حەشدی شەعبی بۆ 4 میحوەر دابەش كردووە (ڕۆژهەڵات ، ڕۆژئاوا، ناوەند، باكوور).

شەڕقلئەوسەت بڵاویكردەوە
عادل جوبەیری وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری دەرەوەی سعودییە، دووپاتیكردەوە ئێران بەرپرسیاری هێرشەكانی ئەم دوایەی سەر دامەزراوەی ئارامكۆی سعودییەیە.

ئەو وتیشی: لێكۆڵینەوەكان بە هاوبەشی نەتەوە یەكگرتووەكان و دەوڵەتانی دیكە لە ئارادان‌ سەبارەت بەو شوێنەی هێرشەكەی لێوە كراوەتەسەر ئێران.

جوبەیر هەروەها وتی: 80 دەوڵەت ناڕەزایی توندی خۆیان بەرانبەر ئەو هێرشە دەربڕیووە، تا ئێستا وڵاتەكەی بەری بە 232 موشەكی بالیستی‌و 150 فڕۆكەی بێفڕۆكەوان گرتووە، كە دەبێت ئێران یەكێكیان هەڵبژێرێت، یان دەوڵەت بێت، یان شۆڕش.

لە لایەكی دیكەشەوە، حەسەن سەلامی فەرماندەی سوپای ئێرانی وتی: تاران چاودێری هەر دوژمنكارییەك دەكات، كە بكرێتەسەری، هەتا ئەگەر سنورداریش بێت ئەوان وەڵامی دەدەنەوە.

سەلامی هەروەها وتیشی: هەر دەوڵەتێك هێرش بكاتە سەر تاران دەیكەنە گۆڕەپانی سەرەكی جەنگ، بۆیە كێ ئارەزووی ئەوە دەكات با هێرش بكاتە سەر وڵاتەكەمان، بەردەوام دەبن لە خستەخوارەوەی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان.
 
لەسەرێكی دیكەشەوە دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا ڕایگەیاند، سزای تازە بەسەر ئێراندا دەسەپێنن، كە تا ئێستا مانندیان نەبووە، ئەوەشی وت: سزایان بەسەر بانقی ناوەندی ئێراندا سەپاندووە، سەبارەت بە جەنگیش دژ بە ئێران وتی: ئەوان تاوتوێی هەموو بژارده بەردەستە‌كان دەكەن.

ئەحوال توركیا بڵاویكردەوە
حكومەتی فەرەنسا لێبڕاوانە تەماشای هۆشدارییەكانی ئیمانوێڵ ماكڕۆنی سەرۆكی فەڕەنسا دەكات بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئیسلامی سیاسی وەك هەڕەشەیەك بۆ سەر ئەو بەهایانەی كۆماری فەڕەنسایان لەسەر دامەزراوە، ئەمەش‌ دوای ئەو ڕاپۆرتانە هات، كە سەنتەرەكانی توێژینەوە لیبڕاڵییەكان لە پاریس هۆشداری ئەوەیاندا، دەبێت ڕووبەڕووی ئیسلامی سیاسی و توندڕەووی وەك ئیخوان موسلمین لەمیسر و ئیسلامسازانی سیاسی توركیا ببنەوە.

هاوكات حكومەتی فەڕەنسا كار بۆ ئەوە دەكات زاڵ بێت بەسەر پارەداركردنی مزگەوتەكانی لەسەر خاكەكەی خۆی و توندڕەووەكانی لێدووربخاتەوە، كە خاوەن ئەجێندای نادیارن، چونكە گەوەرەترین ژمارەی موسوڵمانان لە ئەوروپا لە فەڕەنسا دەژین كە زیاتر لە 6 ملیۆن كەسن.

فەڕەنسا ناشییەوێت وتاربێژە توركەكان لەو مزگەوتانە وتار بدەن، نیازیشی هەیە هەندێك لەو مزگەوتانە دابخات، كە بیری توندڕەوویان تێدا بڵاودەكرێتەوە، لەوانەش ئەو مزگەوتانەی حكومەتی توركیا پاڵپشتی داراییان دەكات.

وتاربێژە توركەكانیش بەوە تۆمەتبار دەكرێن، كە باڵێكی حكومەتەكەی پارتی داد و گەشەپێدانی توركیان و سیخوڕیش بەسەر هاووڵاتییە توركەكانی فەڕەنساوە دەكەن، ئەمە سەرباری ئەوەی ژمارەی وتاربێژە توركەكان زۆرن بە بەراورد بەوتاربێژانی ڕەوەندی موسوڵمانانی عەرەبی جەزائیری و مەغریبی، كە زۆر لە توركەكان زیاترن لەو وڵاتەدا. 

بۆیە فەڕەنسا وردە وردە ژمارەی ئەو وتاربێژە توركانەی لە مزگەوتەكاندا كەمكردوونەوە و هی دیكەی میانەڕەووی لە شوێن داناون، كە زمانی فەرەنسی بزانن و لە خەم لێبووردەییبن، ڕێز لە كەلتور و مێژوو و یاسای وڵاتەكە بگرن و پارێزگاریش لە بنەماو بەهاكانی كۆماری عەلمانی فەڕەنسا بكەن.

رەجەب تەیب ئەردۆغانیش چەند جارێك لەگەڵ سەرۆكی فەڕەنسا باسیان لەو پرسە كردووە، كە ورتابێژە توركەكان لەو مزگەوتانە دابمەزرێن، بەڵام حكومەتی فەڕەنسا بەدەنگ ئەو داوایانەی ئەردۆغانەوە نەهاتووە.