وردەكاری پێكهێنانی هاوپەیمانییەكی سیاسی ئێزدی بەرهەڵستكار دژ بەپارتی

عیراق

23/09/2019‌ 1201 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: میدیاكان
وەرگێڕان‌و ئامادەكردن: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی

پێگەی مەعلومە بڵاویكردەوە
عەلی ناجی توێژەری كاروباری كورد ڕایگەیاند، هاوپەیمانییەكی سیاسی ئێزدی بەرهەڵستكار دژ بە پارتی دیموكراتی كوردستان دامەزراوە.

ناجی راشیگەیاند، لەم ڕۆژانەی دوایدا جموجۆڵێك لە نێو هێز و پارتە ئێزدییەكانی شنگال سەریهەڵداوە بۆ دامەزراندنی هاوپەیمانییەكی سیاسی ئێزدی، دوێنێ یەكشەممە ڕاگەیەندراوە، سەرۆكی هاوپەیمانییەكە و دوو جێگریش دیاریكراون.

ناجی ئاماژەی بەوەشدا، كە هاوپەیمانییە تازەكە 3 پارتی سیاسی لەخۆ دەگرێت: ( پارتی ئازادی و دیموكراسی ئێزدی، كە لە پارتی كرێكارانی كوردستانەوە نزیكە، پارتی ئێزدی دیموكراسی بە سەرۆكایەتی حەیدەر شەشۆ، جوڵانەوەی ئێزدی لە پێناو چاكسازی پێشكەوتن).

ناوبراو باسی لەوەش كردووە، كە ئاراستەی ئەو پارتە سیاسییانە، بە تایبەتیش جوڵانەوەی ئێزدی لەگەڵ ئاراستەی سیاسی پارتەكەی مەسعود بارزانی سەبارەت بە پرسە سیاسی و مێژوویی و كۆمەڵایەتییەكانی پەیوەست بە ئێزدییەكانەوە، یەكتربڕن و یەكناگرنەوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد، كە ئاراستەی ئەو پارتە سیاسییە تازانە بەرەو ئەوەیە شنگال گرێدراوی حكومەتی فیدڕاڵی بێت نەك حكومەتی هەرێمی كوردستان.

پێگەی ناس  بڵاویكردەوە
عەلی سەجری سەرۆكی دەستەی دەستپاكی عێراق ڕایگەیاند، دەستبەرداری پۆستەكەی بووە، ئەمەش‌ بە هۆی گەندەڵی دارایی فراكسیۆنە سیاسییەكانەوە.

نووسینگەی سەجری لە بەیاننامەیەكدا راشیگەیاند، دەستبەرداربوونی لە پۆستەكەی بە هۆی فشارە سیاسییەكانەوە بووە، بەو هۆیەی زۆرینەی فراكسیۆنە سیاسییەكان لەگەندەڵی دارایی و كارگێڕییەوە گلاون.

سەجری هەروەها باسی لەوەش كردووە، كە ڕۆڵی چاودێری پەرلەمانی زۆر لاوازە و لە زۆر كاتیشدا لەسەر قوڵبڕینی (ابتزاز) حكومەت و وەزارەتەكانی بەندە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش كردووە، كە پشتیوانی لە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران  و هەموو دامەزراوە پەیوەندیدارەكانی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەكات، لەگەڵ گەندەڵكارانیشدا دەجەنگین، جا هەر كەس و لایەنێكبن.

هەروەها رایگەیاندووە، ئەگەر نەشمانتوانی بەسەریاندا زاڵبین، پەنا بۆ كۆمەڵگای نێودەوڵەتی‌و ڕێكخراوە چاودێرییەكان دەبەین بۆ ڕزگاركردنی وڵات لە چڵێسی ئەو گەندەڵكارانە.

سۆمەرییە نیوز بڵاویكردەوە
چەند سەرچاوەیەكی ناوخۆیی لە پارێزگای بەسڕە ئاشكرایان كرد، كە بە درێژایی ئەمساڵ و بە هۆی كێشە هۆزگەراییەكانی شارەكەوە، زیاتر لە 500 كەس كوژراو و برینداربوون.

سەرچاوەكە ئەوەشی ئاشكرا كرد، كە 113 كەس كوژراون و 440 كەسیش بریندار بوون هەم لایەنی شەڕكەر و هەم خەڵكی بێلایەنیشی تێدان، زیان و زەرەریش بە ژێرخانی ئابووری و ماڵوموڵكی دەوڵەت گەیشتووە.

بەپێی سەرچاوەكە، حكومەتی خۆجێی بەسڕە ‌هەوڵی یەكلاییكردنەوەی گرفتەكانی نێوان سەرجەم هۆز و تیرە ناكۆكەكانی شارەكەی داوە ، بەڵام ئەو هەوڵانە ئاكامێكی بەرهەمداریان نەبووە.

ڕۆیتەرز بڵاویكردەوە
مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاند، وڵاتەكەی كۆشش دەكات خۆی لەجەنگی ئێران لابدات، ئەو هێزە سەربازیانەی ڕەوانەی كەنداویشی دەكەن بۆ بەرگری و دومكوتكارییە.

پۆمپیۆ بۆ بەرنامەی فۆكس نیوز سەندەی راشیگەیاند، گومانی لەوە نییە ئەگەر ڕێوشوێنەكانی بەرگری و دەمكوتكردن سوودیان نەبێت، دۆناڵد ترامپیش ڕێوشوێنی دیكە دەگرێتەبەر.

سی ئێن ئێن عەرەبی بڵاویكردەوە 
كەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریكی ئەوەی ئاشكرا كرد، كە جۆن بۆڵتۆنی ڕاوێژكرای ئاسایشی نەتەوەی پێشووی ئەمریكا، ڕەخنەی لە دۆناڵد تڕەمپی سەرۆكی ئەمریكا گرتووە ‌سەبارەت بە چەند دۆسییەیەك لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا لە هەمبەر ئێراندا.

بەپێی كەناڵەكە لە دانیشتنێكی نهێنیداكە پەیمانگای غایت ستۆنی ئەمریكی میوانداری كردبوو، بۆڵتۆن وتوویەتی ئیدارەكەی ترامپ دەزانی، كە ئێران لە پشت هێرشی تێكدەرانەی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانەوە (درون) بووە، كە یەكێكیان دژ بە پەیمانی ناتۆ لە ئەفغانستان ئەنجامدراوە.

بۆڵتۆن وتووشیەتی فەرامۆشكردنی ئەو هێرشە و وەڵامنەدانەوەی لە لایەن واشنتۆنەوە، هاندەری ئێران بووە تا ڕەفتارە دوژمنكارییەكانی زیاتر پەرەپێبدات، هەروەها وتیشی بۆڵتۆن هیچ شتێكی ئەرێنی نەبوو لەبارەی تڕامپەوە بیڵێت.

سەرچاوەكە ئەوەشی وت: لە دانیشتنەكەدا بۆڵتۆن ڕاستەوخۆ ناوی ترامپی نەبردووە، بەڵام باسی ئەوەی كردووە، كە دانوستان لەگەڵ تاڵیبان لە كامپ دێڤید بێ ڕێزییە بە قوربانیانی هێرشەكەی 11 ی سێبتێمبەر.