ئەگەری كشانەوەی تیمی یەكێتی لەحكومەت هەیە
مەسرور بارزانی‌و قوباد تاڵەبانی بۆ دیاریكردنی دەسەڵاتەكانی جێگری سەرۆكی حكومەت بەهیچ ئەنجامێك نەگەیشتوون

کوردستان

01/10/2019‌ 24344 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
تائێستا مەسرور بارزانی ‌و قوباد تاڵەبانی نەگەیشتوون بەئەنجامێك بۆ دیاریكردنی دەسەڵاتەكانی جێگری سەرۆكی حكومەت‌و بەو هۆیەشەوە ئەگەری كشانەوەی تیمی یەكێـتی لەحكومەت هەیە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادار لەئەنجوومەنی وەزیران دراوە بەشارپرێس دوو تیم لەلایەن مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت‌و قوباد تاڵەبانی جێگری پێكهێنراون، بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەسەر دیاریكردنی دەسەڵاتەكانی جێگری سەرۆكی حكومەت بكەن.

هەر بەپێی زانیارییەكان، تائێستا تیمەكان، هەرچەندە لەگفتوگۆدان، بەڵام نەگەیشتوون بەئەنجام‌و ئەوەش نیگەرانییەكانی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی زیاتر كردووە.

زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، قوباد تاڵەبانی بەشێوەیەكی فەرمی نیگەرانییەكانی لەبارەی دیارینەكردنی دەسەڵاتەكانی گەیاندووە، بەمەكتەبی سیاسی یەكێتی ‌و تەنانەت پارتی دیموكراتیش.

پێشتریش قادر عەزیز ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەمیانی چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانی ئەوەی پشتراستكردبووەوە، كە قوباد تاڵەبانی نیگەرانییەكانی لەبارەی دیارینەكردنی دەسەڵاتەكانی بەمەكتەبی سیاسی حیزبەكەی گەیاندووە.

بەهۆی ئەو كێشانەشەوە، ئێستا دەنگۆ هەیە، كە ئەگەر هەیە قوباد تاڵەبانی، كە سەرۆكایەتی تیمی یەكێتیش دەكات لەحكومەت دەستلەكاردەكێشێتەوە، لەو بارەشەوە لەپەیامێك، كە بەبۆنەی ساڵرۆژی هەڵبژاردن بڵاویكردووەتەوە، باسی لەوە كردووە، ئەگەر لەناو حكومەت بێت یان لەدەرەوە، ئەوە ئەو "خزمەتی خۆی دەكات".

سەرچاوەكە باسی لەوەش كرد، كە ئەوە ئاماژەیەكە بۆ ئەگەری دەستلەكاركێشانەوەی قوباد تاڵەبانی‌و تیمی یەكێتی لەحكومەت، بەتایبەتی ئەگەر لەلایەن سەرۆكی حكومەتەوە دەسەڵاتەكانی بۆ دیارینەكرێت.

ئەو سەرچاوەیە جەختیشیكردەوە، كە قوباد تاڵەبانی خەمی دەسەڵاتەكانی خۆی نییە، بەڵكو پەیوەندی بەوەوە هەیە، نە خۆی نە تیمە وەزارییەكەی یەكێتی لەحكومەت بەرچاویان روون نییەو باسی لەوەش كرد، سەرۆكی حكومەت بەدانانی یاریدەدەرەكان دەسەڵاتی وەزیرەكانیشی سنووردار كردووە.

قوباد تاڵەبانی لەپشكی یەكێتی پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەتی وەرگرتووەو ئەو حیزبەش بەردەوام جەختدەكاتەوە، كە دەیانەوێت لەحكومەت "شەریكی راستەقینە" بن.

هـ ـ ح