بەهۆی کوردەوە .. نهێنی هێزە تایبەتەکانی ئەمەریکا لە سوریا لەمەترسیدایە

جیهان

18/10/2019‌ 4705 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس : ئاکۆ عەبدوڵلا ئاڵی
رۆژنامەیەکی ئەمەریکی باس لەوە دەکات کە پنتاگۆن بەهۆی ئەگەری ئاشکرابوونی نهێنییەکانی هێزە تایبەتەکانی ئەمەریکا لە سوریا نیگەرانە.

بەگوێرەی رۆژنامەی " میلیتری تایمز" بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا دەترسن دوای بڕیاری دۆناڵد ترامپ بۆ کێشانەوەی هێزەکانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە سوریا ، نهێنییەکانی هیزە تایبەتەکانی ئەمەریکا بکەونە بەردەست هەواڵگری رووسیا حکوومەتی سوریا .

مەبەست لەو نهێنیانەی مەترسی ئاشکرابوونیان لەسەرە بریتییە لەو زانیاریانەی وڵاتە یەکگرتووەکان داویانەتە کوردەکان لەماوەی ئەو چەند ساڵەی بەیەکەوە کاریان کردووە ، بەجۆرێک هێزەکانی سوریای دیموکرات کە لەلایەن واشنتۆنەوە پشتیوانی دەکرا ئاگاداری چۆنێتی کۆکردنەوەی زانیاری بووە لەلایەن هێزە تایبەتەکانی ئەمەریکا و ناوی بەشێکی زۆر لە هەواڵدەرەکان دەزانێت .

بەگوێرەی قسەی بەپرسێکی پێشووی هەواڵگری ئەمەریکی ، لەدوای گەڕانەوەی پاشەکشەی هێزەکانی ئەمەریکا ئەو زانیاریانە دواتر هەموو دەکەونە بەردەست هەواڵگری رووسیا ، کە بەلای ئەوەوە ئەوە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی واشنتۆن هیچ ستراتیژێکی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست نییە .