بەهۆی دژایەتی بۆ هێرشەكەی توركیا هەڕەشەی كوشتن لەسەرۆك كۆماری قوبرسی توركی دەكرێت

کوردستان

21/10/2019‌ 2277 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
مستەفا ئەكینجی سەرۆك كۆماری بەشەتوركییەكەی قوبرس رایگەیاند، بەهۆی رەخنەگرتنی لە پرۆسە سەربازییەكەی توركیا بۆ سەر كوردانی سوریا هەڕەشەی كوشتنی لێكراوە.

ئەكینجی لەلێدوانیكیدا راشیگەیاند، دوای ئەوەی چەند رۆژێك پێش ئێستا لێدوانێكمان لەبارەی ئۆپەراسیۆنەكەی توركیاوەدا، دیارە كەسانێك هەن بریاریانداوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی بیروڕا جنێو هەڵبژێرن، تەنانەت گەیشتوونەتە ئەوەی هەڕەشەی كوشتنیشم لێبكەن.

سەرۆكی بەشە توركییەكەی قوبرس باسی لەوەش كرد، كە ئەو كەسانەی هەڕەشەكانیان كردووە دەستنیشانكراون و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش راسپێردراوە بەپێی ڕێوشوێنە یاساییەكان مامەڵەیان لەگەڵ بكەن.

مستەفا ئەكینجی لەلێدوانێكدا، كە بووە هۆی تووڕەكردنی ئەردۆغان پێشتر وتی: ئەو پرۆسە سەربازییەی ئەردۆغان ناویناوە كانی ئاشتی لەراستیدا كانی خوێنە.

ئەو لێدوانەی سەرۆكی قوبرس بەرپرسانی توركیای توورەكرد لەسەرووی هەموویانەوە رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا، كە وتی: "ئەكینجی بەتەواوەتی سنووری خۆی تێپەڕاندووە".

وتیشی: "لەكاتێكی گونجاودا وەڵامێكی پێویستی دەدەینەوە".

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی