شاندێكی سەربازی روسیا بۆ تەواوكردنی ڕێكەوتنی نێوان كورد و دیمەشق دەچنە قامیشلۆ

کوردستان

22/10/2019‌ 1506 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
بەگوێرەی پەیامنێری ئاژانسی سپۆتنیكی روسی، رۆژی دووشەممە شاندێكی سەربازی روسی گەیشتوونەتە فرۆكەخانەی قامیشلۆ، كە كۆمەڵێك ئەفسەر و شارەزای سەربازی روسیان لەناودا بووە و سەرپەرشتی جێبەجێكردنی ئەو رێكەوتنە دەكەن، كە چەند رۆژێك پێش ئێستا لەنێوان هێزەكانی سوریای دیموكرات و حكومەتی دیمەشق كراوە و بەپێی ئەوە سوپای سوریا لەسەر سنووری سوریا و توركیا جێگیر دەكرێت .

ئاژانسەكە لە سەرچاوە تایبەتەكانی خۆیەوە گواستوویەتییەوە، كە لە فرۆكەخانەی قامیشلۆ كۆبوونەوەیەكی دوورودرێژ لەنێوان شاندی سەربازی روسی و نوێنەرانی هێزەكانی سوریای دیموكرات كراوە بۆ بەدواداچوونی جێبەجێكردنی ڕێكەوتنەكە .

لای خۆیەوە ، سەرچاوەیەكی كوردی لە شاری قامیشلۆ بەئاژانسە روسییەكەی راگەیاندووە، كە ئاماژەی ئەرێنی هەن بۆ گەیشتنە رێكەوتنێكی سەرەتایی بۆ دروستكردنی تیمی گەرۆكی هاوبەشی سەربازی سوری و كوردی لەناوچە سنوورییەكان و لەژێر چاودێری سەربازی روسیادا ، ئەوەش لەپێناو ڕێگریكردن لە توركیا لەوەی چیتر دەست بەسەر خاكی باكووری سوریادا نەگرێت بەتایبەتی لە پارێزگای حەسەكە .

ئەو سەرچاوانە باسیان لەوەش كردووە، كە هێشتا نازانرێت بەدیاریكراوی ئەو خاڵ و ناوچانە كوێن ئەو تیمە گەڕۆكانە تێیدا دەگەڕێن، بەڵام پێشبینی كرد ئەگەری زۆرە ئەو دەوریاتانە لەشاری قامیشلۆوە تا شاری دێرك بەدرێژایی هەڵی سنووری سوریا و توركیا لەگەڕاندابن .

ئەمە لەكاتێكدایە لە نۆی ئەم مانگە سوپای توركیا دەستی بەئۆپەراسیۆنێك بۆ ناوچەكانی باكووری سوریاو رۆژئاوای كوردستان كردووە، كە بەدەست شەرڤانانی یەكینەكانی پاراستنی گەل یەپەگەوەیە.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی