جەنەڕاڵ‌و ئەدمیڕاڵە خانەنشینەكانی ئەمریكا لەنامەیەك بۆ ترامپ پشتگیری بۆ كورد رادەگەیەنن

کوردستان

30/10/2019‌ 6073 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كۆمەڵێك جەنەڕاڵ و ئەدمیڕاڵی‌ خانەنشینكراوای ئەمریكی لە نامەیەكدا بۆ دۆناڵد ترامپی سەرۆكی وڵاتەكەیان داوا دەكەن بەها سەربازییەكانی سوپا بپارێزێت‌و نووسیوویانە: 
گەورەم: 
 بۆیە ئەمەمان بۆ نووسیووی، تا بەهای ئەو ژن و پیاوانە لە ئامێز بگریت، كە لە هێزە سەربازییەكەی ئەمریكا خزمەتت دەكەن، ئێمە بۆیە دیواری بێدەنگی گشتی دەشكێنین، تا هانتان بدەین سەركردایەتییەكی نیشتمانی و جیهانی پیادە بكەن بۆ بەرگرتن لەو هەڵكشان و داكشان و پاشەكشە خێرایەی تووشی بەهاكانی دەسەڵاتەكانی ئەمریكا بووە.

چەندەها ساڵە گەورە جەنگاوەرە جەنەڕاڵ و ئەدمیڕاڵە دێرینەكان دەڵێن دەبێت كاروباری سیاسەت بۆ ئەوانی دیكە جێبێڵین، ئێمە ئەمە هەرس دەكەین و ڕێز لەو بۆچوونە دەگرین. لەهەمان ئانوساتیشدا، باوەڕمان وایە،  وابەستەبوون بەو پرنسیپەی باسمان كرد، بەرەو بێدەنگیمان دەبات، لە دۆخێكی لەم جۆرەشدا، لە جۆرە كار و كردە و ڕەفتارێك دەگلێین كە لەگەڵ بەهاكانی ئێمەی جەنگاوەرانی دێرینی سەربازیدا نایەتەوە.

ئێمە بۆ سەدەها ساڵ لە هەموو لق و بەشەكانی هێزە چەكدارەكاندا كارمان كردووە. بێ لاگیری سیاسی كارمان كردووە، ئێستاشی لەگەڵ بێت بەو بنەمایەوە پەیوەستین. ئێمە وەك سەرباز و دەریاوان و فڕۆكەوان و هێزی دەریایی، خاوەن چەپكێك بەها و ڕێسای سەرەكی لێكچووین كە توانستمان پێ دەبەخشن ، لە هەر كوێیەك و لە هەر كاتێكدا بێت، بێ دوودڵی بەردەوامبین لە كارەكانمان.

ئەو بەها سەرەكییانە بنچینە و بناغەی بوونی ئێمەن كە ئێمە موڵكی كێین و چۆناوچۆنیش‌ خزمەتی نەتەوەكەمان دەكەین. ئەمەش‌ بنچینەی ڕەفتارەكانی ئێمە دیاری دەكات، كاتێكیش گومان و دوودڵییەكمان بۆ دروست بێت، ئەو بەهایانە وەك قیبلەنما ئاراستەمان دەكەن و وا دەكەن هەرگیز ئێوە بێ ئومێد نەكەین. سوپای ئەمریكی لای نەتەوەكەمان لە هەموو دامەزراوەكانی دیكە زیاتر جێگەی ڕێزدارییە، بۆ تێگەیشتن لە هۆكاری ئەو بیروباوەڕەشمان، تەنها ئەوندە بەسە ئاوڕیك لە بەها كۆمەڵایەتییە بنچینەییەكانمان بدەینەوە.

كاتێكیش یەكێك لە ئەندامەكانمان دەبینین، چ ئەوانەی ئێستا خزمەت دەكەن یان ئەوانەی خانەنشینكراون، پەی بەوە دەبەین كە پابەندی لاداری و ئەرك و ڕێزداری و خزمەتكردنێكی دوور لە خۆپەرستی و ئابڕوومەندی و دەستپاكی و ئازایەتی كەسین. ئەوانەی خزمەتیان كردووە و جەنگاون، له ژ‌ێر سایەی ئەم ئاڵایەمان و بەو جلوبەرگانەی ئێمەوه، ‌بە بەرچاوی خۆمانەوە لەو پێناوەدا كوژران، پابەندی ئەو بەهایانە بوون كە باسمان كردن.

بەهەمان ئەو شێوەیەی سوێندمان خوارد‌ كە پشتیوان و بەرگریكاری دەستوری ووڵاتەكەمان بین، ئاواش بێ سازشكردن، وابەستەی بەرگریكردن و داكۆكیكردنین لەو بەهایانە. ئەوانەش كە ئەمڕۆ بەو جلوبەرگەی ئێمەوە خزمەتی نیشتمان دەكەن، پابەند و وابەستە و لاداری ئەو بەها و سوێندەن. بۆیە جێهێشتنی ئەوانەی  خاوەن هەمان بەهای سەربازی نیشتمانین، بنچینە دیموكراسییەكەمان سەرەوژیر دەكات و لێكی هەڵدەتەكێنێت، پرسیاری ئەوەمان لەسەر دروست دەكات كە ئێمە چ دەوڵەتێكین، ئەو متمانەیەش دەخاتە مەترسییەوە كە لە نێو هەموو دەوڵەتانی جیهاندا بەدەستمانهێناوە.

ئەمڕۆ كەلێنێكی گەورە كەوتۆتە نێوان ئەوانەی بەم جلوبەرگە فەرمییەوە خزمەتی نەتەوەكەمان دەكەن، ئەوانەش لە دڵپاكییانەوە فرمانە یاساییەكان جێبەجێ دەكەن. زۆر دەترسین كەلێنەكە گەورەتر و گەورەتر بێت. سەرباری نیگەرانییەكانیشمان، كەچی هێشتا هەر گەشبینین و دەكرێت بە خێرایی دۆخەكە پێچەوانەكەینەوە، مادام بتوانین ئەو بەهایانەی باش خزمەتیان كردووین، لە كردەیەكی ڕێكوپێكی بڕیارسازیدا ڕێكیانخەین و خزمەتی ئەوانەی پێ بكەین كە خزمەتیان كردووین.

لە ئێستادا، لە ئاكامی كشانەوەی هێزە سەربازییەكانمان لە باكوری سوریا، ئەو كەلێن و درزەی باسمان كرد، زۆر بە زەقی لە باكوری ڕۆژهەڵاتی سوریادا دەركەوتووە،سەرباری ئەوەش كە ئەو بڕیارە چ ئاكامێكی پڕ توندوتیژی بەسەر هاوبەشە كوردەكانمانەوە جێدێڵێت، كەچی بڕیاری كشانەوەماندا. لەوانەیە كێشانەوەی هێزە ووشكانییەكانمان لە سوریا ئامانجێكی پاك و بێگەردی لە پشتەوە بێت، بەڵام كردنی ئەو كارەمان لەسەر هەگبە و كەوڵی هاوبەشە كوردەكانمان كە ئازایانە شان بە شانی ئێمە دژ بە داعش جەنگاون، لەگەڵ ناسنامەی ئێمەدا وەك هێزێكی سەربازی یەكناگرێتەوە، شیمانەی (ئیحتمال) هەڵاتنی هەزارەها لە چەكدارانی داعش و كۆرچكردنیان بۆ ناو جەرگەی دەوڵەتانی ناتۆ، لەگەڵ ناسنامەی هێزە سەربازییەكەی ئێمەدا نایەتەوە.

كاتێكیش ناچار دەبین پشت لە لاداری و وابەستەبوون و دەستپاكی و شكۆداری و متمانەداری خۆمان بكەین، ئەوسا ئاڵێنگارییەكانمان سەخت و دژوارتر دەبن. ئەو هاوپەیمان و هاوبەشانەی بە تەنیشت ئێمەوە خزمەتیات كردووە و خوێنیان ڕشتووە و مردن، دەستبەردارمان دەبن و پشتمان تێدەكەن. ئەم جۆرە پەرەسەندنەش خزمەت بە بەرژەوەندی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا ناكات. 

بەو پێیەی بەڕێزتان فەرماندەی باڵای هێزە چەكدارەكانی، گەورەترین ئەرك و بەرپرسیاریەتیت دەكەوێتە ئەستۆ كە نەهێڵی شتێكی لەوجۆرە ڕووبدات.

گەورەم، هانت دەدەین ئاراستەیەكی جێگیرێت لەوبارەوە هەبێت كە لەگەڵ ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكادا یەكانگیر بێت، بە ڕەهایش پاڵپشتی سەربازە ژن و پیاوەكانمان بیت كە بەرگی سەربازییان پۆشیووە.
دڵسۆزانت،
Brigadier General Ricardo Aponte, USAF (Retired)
Lieutenant General Ronald R. Blanck, USA (Retired)
Rear Admiral Christopher Cole, USN (Retired)
Major General Paul Eaton, USA (Retired)
Major General Mari K. Eder, USA (Retired)
Brigadier General Robert J. Felderman, USA (Retired)
Brigadier General Evelyn "Pat" Foote, USA (Retired)
Vice Admiral Michael T. Franken, USN (Retired)
Brigadier General Robert A. Glacel, USA (Retired)
Vice Admiral Kevin P. Green, USN (Retired)
Major General Richard S. Haddad, USAF (Retired)
Major General Robert A. Harding, USA (Retired)
Rear Admiral Charles D. Harr, USN (Retired)
Major General Jerry Harrison, USA (Retired)
Brigadier General Don Harvel, USAF (Retired)
Brigadier General David R. Irvine, USA (Retired)
Lieutenant General Arlen D. Jameson, USAF (Retired)
Rear Admiral Gene Kendall, USN (Retired)
Major General Steven J. Lepper, USAF (Retired)e
Major General Randy Manner, USA (Retired)
Brigadier General J. Scott O'Meara, USMC (Retired)
Rear Admiral David R. Oliver, USN (Retired)
Major General Eric T. Olson, USA (Retired)
Major General Gale S. Pollock, USA (Retired)
Brigadier General Lewis Spencer Roach, USA (Retired)
Lieutenant General Charles H. Roadman II, USAF (Retired)
Rear Admiral Harold L. Robinson, USN (Retired)
Brigadier General Ronald Rokosz, USA (Retired)
Rear Admiral Michael E. Smith, USN (Retired)
Brigadier General Paul "Greg" Smith, USA (Retired)
Brigadier General Robert L. Stephens Jr, USA (Retired)
Brigadier General Francis X. Taylor, USAF (Retired)
Major General F. Andrew Turley, USAF (Retired)
Major General Margaret Wilmoth, USA (Retired)
Major General Brett T. Williams, USAF (Retired)
Lieutenant General Willie Williams, USMC (Retired)
General Johnie Wilson, USA (Retired)
Brigadier General Daniel P. Woodward, USAF (Retired)
Major General Margaret Woodward, USAF (Retired)
Brigadier General Stephen N. Xenakis, M.D., USA (Retired)

سەرچاوە: NEWSWEK
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر