شارپرێس:
لێكۆڵینەوەیەكی نوێی پزیشكی هۆشداری دەداتە ئەو خانمە دووگیانانەی ئاژەڵی ماڵی بەخێو دەكەن، ئەوە منداڵەكانیان زیاتر ئەگەری ئەوەیان هەیە تووشی نەخۆشی رەبۆ و هەستەوەری ببن .
كۆمەڵێك دامەزراوەی پزیشكی كۆریای باشوور لێكۆڵینەوەیەكیان كردووە، كە زیاتر لە ٥٥٤ منداڵی لەخۆگرتووە ئەوانەی لەساڵی ٢٠٠٨ لەدایك بوون .
بەپێی لێكۆڵینەوەكە ئەو منداڵانەی لەو خێزانانە لەدایكبوون، كە لەماوەی سكپڕیدا سەگ و پشیلەیان لەماڵەوە راگرتووە، ئەوە منداڵەكانیان پێنج بۆ شەش ئەوەندە زیاتر ئەگەری تووشبوون بە رەبۆ یان كێشەكانی تری پەیوەست بە هەناسەدانیان بۆ درووست بووە .
هەرچی ئەگەری تووشبوونی ئەو منداڵانەیە بەهەستەوەری بەرانبەر بە سەگ و پشیلە ، ئەوە منداڵەكانیان چوار ئەوەندەی ئەو خێزانانەی لەكاتی دووگیانی دایكەكەدا سەگ، یان پشیلە راناگرن تووشی هەستەوەری دەبن.
هۆنگ سو جۆنگ ، لە پەیمانگای "ئەسان" لە سیئۆلی پایتەختی كۆریای باشوور دەڵێت: ئەو ماوەیەی دەكەوێتە نێوان سكپڕی و ساڵی سێیەمی تەمەنی منداڵەكە زۆر گرنگە ، لەبەر ئەوەی سیستەمی بەرگری مرۆڤ لەو ماوەیەدا بەشێوەیەكی بەرچاو گەشە دەكات .
سو جۆنگ باس لەوە دەكات كاتێك منداڵ لەو ماوەیەدا بەر ماددەیەكی وروژێنەری هەستەوەری دەكەوێت ئەوە كارلێك روودەدات ، هەربۆیە بۆ درووركەوتنەوە لە تووشبوونی منداڵ بە رەبۆ ، ڕێنمایی ئەوە دەكات كە لەماوەی دووگیانی و ساڵی یەكەمی تەمەنی منداڵەكە بەر ئەو جۆرە ئاژەڵانە نەكەون .
وەرگێران : ئاكۆ عەبدوڵلا ئاڵی