كۆتایی ناتۆ.. ئەمریكا هاوپەیمانە ئەوروپییەكانی لەدەست دەدات

جیهان

06/11/2019‌ 6889 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ناونیشانی راپۆرتێكە لە گۆڤاری (فوینیە ئۆبزرینیە) بڵاوكراوەتەوە، دەربارەی چەند هەنگاوێكی وڵاتە ئەوروپییەكان رووەو دامەزراندنی فەرماندەییەكی هاوبەش وەك یەكەم هەنگاو بەرەو جیابوونەوە لە ئەمریكا و هاوپەیمانیی باكووری ئەتڵەسی "ناتۆ".

بەپێی راپۆرتەكە، گۆڕانكاری جدی لەسەر سنووری رۆژهەڵاتی هاوپەیمانی ناتۆ لە پێگەیشتندایە، لە ئەڵمانیا مكوڕن لەسەر كشانەوەی هێزە ئەمریكییەكان لەو وڵاتە، سەرەڕای ئەوەش ژمارەیەكی تر لە وڵاتانی ئەوروپای ناوەڕاست و رۆژهەڵات سەرقاڵی دروست كردنی فەرماندەییەكی هاوبەشن بۆ هێزە تایبەتەكان، هەوڵی ئەوەش دەدەن نەمسا كێش بكەن بۆ بەشداری كردن كە ئەندامە لە ناتۆ.

هەر لەو رووەشەوە، ئەڵمانیا پێشنیاری دروستكردنی سوپایەكی ئەوروپی یەكگرتووی كردووە وەك جێگرەوەیەك بۆ پەیكەری سەربازی ناتۆ. 

لە پاڵپشتیكەرانی ئەم بیرۆكەیەش سەرۆكی فەرەنسا ئیمانۆیل ماكرۆنە دژی ئەمریكا، لە واشنتۆنیش بە تەواوەتی هەستیان بەوە كردووە جۆرێك لەم سوپایە دروست دەكرێت، ئەمەش دەبێتە مایەی گومان دروست كردن لەسەر بەردەوام بوونی هاوپەیمانی باكووری ئەتڵەسی، لە هەمووشیان گرنگتر، هەبوونی هێزەكانی ئەمریكا لە ئەوروپا دەكەوێتە ژێر پرسیارەوە.

بەم شێوەیە، لەم دواییەدا یاداشتێكی لێكتێگەیشتن لەبرۆكسل واژوو كراوە، بۆ دروست كردنی فەرماندەییەكی هەرێمایەتی هاوبەش بۆ هێزە پرۆسەییە تایبەتەكان، ئاراستەی چالاكی سەرەكی فەرماندەییی نوێش بریتییە لە بەشی رۆژئاوای نیمچە دورگەی بەلقان.

مەبەست لەم دروست كردنە، بەگوێرەی راگەینراوە فەرمییەكان، وەڵامدانەوەیەكی خێرایە بۆ مەترسییەكانی تیرۆری ئێستا و تێكچوونی دۆخی سەربازی و سیاسییە لە بەلقان، بەڵام وەزیری بەرگری هەنگاریان (تیبۆر بنكیۆ) وای دەبینێت پەیكەرە نوێیەكە لە ئایندەدا ئەو وڵاتانەش دەگرێتەوە، كە ئەندام نین لە هاوپەیمانی باكووری ئەتڵەسی.

دووریش نییە، فەرماندەییە هارێمایەتییەكە تەنیا تاقیكردنەوەیەك بێت، لە نمونەی ئەم جۆرە پەیكەرە دەكرێ لە باكوور دروست بكرێت وەك بەشێك لە بەهێزكردنی هەوڵە سەربازییەكان بۆ پۆلەنداو كۆمارەكانی بەڵتیق، ئیستوانیا و لاتفیا و لیتوانیا. 

لە ئێستادا كۆمارەكانی بەلتیق سوودمەندی تایبەتن لە هاوپەیمانی ناتۆ، ئەمەش پەیوەندی هەیە بە دروست كردنی ناوەندێك بۆ ئاسایشی سیبریانی هاوپەیمانییەكە و شوێنی جوگرافی ولاتانی بەلتیق كە هاوسنوری روسیان.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا