رێکخراوى لێبوردنى نێودەوڵەتى: بە بۆمبى ئێرانى خۆپیشاندەرانى عێراق دەکوژرێن

عیراق

08/11/2019‌ 679 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

رێکخراوى لێبوردنى نێودەوڵەتى رایدەگەیەنێت ئەو بۆمبانەى دژى خۆپیشاندەران بەکاردەهێنرێت دروستکراوى ئێرانن.


لەبەیاننامەیەکدا رێکخراوى لێبوردنى نێودەوڵەتى لەبارەى دۆخى عێراقەوە هەڵوێستى خۆى راگەیاندوە کە ئەو بۆمبە فرمێسکڕێژانەى لەدژى خۆپیشاندەرانى عێراق بەکاردەهێنرێن لەلایەن ئێرانەوە دروستکراون.


ئاماژەى بەوەشکردوە، بۆمبەکان کێشەکانیان لەنێوان٦٥١ بۆ ٧١٣ گرام دایە، بەڵام بۆمبى فرمێسکڕێژى ئاسایی لەنێوان ٢٥ گرام دایە.


پێشتر قاسم ئەلتائی یەکێک لە مەرجەعەکانى شیعەى عێراق لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاندوە، بەکارهێنانى بۆمبی گازى فرمێسکڕێژ بووەتە هۆى کوشتنى ژمارەیەکى زۆر خۆپیشاندەر بەهۆى ئەو بۆمبەوە و زیانگەیاندن بەر سەرو میشکی خۆپیشاندەران.

ئەو مەرجەعە رایگەیاندوە، لەمڕۆوە بەکارهێنانى گازى فرمێسکرێژ لەدژى خۆپیشاندەران حەرامەو هەر کەسێک لەناو هێزە ئەمنییەکان بەکارى بهێنێت بەرامبەر دین و کۆمەڵایەتى بەرپرسیار دەبێت.

لەچەند رۆژى رابردوودا هێزە ئەمنییەکان چەندین بۆمبی جیاوازى گازى فرمێسکرێژ لەدژى خۆپیشاندەران بەکارهێنراوە کە بەشێکیان راستەوخۆ بۆمبەکان چوونەتە سەرى خۆپیشاندەرانەوە کە بەوهۆیەوە ژمارەیەک خۆپیشاندەر کوژراون و ژمارەیەکى زۆریش بریندار بوون.

هاوکات کۆمسیۆن مافى مرۆڤى عێراق راگەیاندوە، ئەو بۆمبە فرمێسکڕێژانەى لەدژى خۆپیشاندەران بەکارهاتوون مادەیەکى ژەهراویی و کیماییە قەدەغەکراوە کە جیاوازە لەوانەى لە وڵاتانى دیکە بەکاردەهێنرێت.

لەبەرامبەردا نوسینگەى سەرۆک وەزیرانى عیراق ئەوەى رەتکردەوەو رایگەیاند، بۆمبە فرمێسکڕێژەکان هەمان ئەو بۆمبانەن کە لە وڵاتانى ناوچەکە بەکاردەهێنرێت.