توركیا ئۆپەراسیۆنێكی نوێ دژی پەكەكە دەستپێدەكات

کوردستان

09/11/2019‌ 1427 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزارەتی ناوخۆی توركیا ڕایگەیاند، سوپای وڵاتەكەی قۆناغێكی نوێی دەست پێكردووە لە  ئۆپەراسیۆنی دژی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لە ناوچەكانی ڕۆژھەڵاتی توركیا و لەهەمان كاتدا بەردەوام دەبێت لە گوشار خستنە سەر گرووپە لەهەرێمی كوردستان.

بەپێی راگەیەنراوەكە قۆناغی پێنجەمی ئۆپەراسیۆنەكە، كە ناوی "كران"ە، واتا شكێنەر، پەكەكە لەپارێزگاكانی دیاربەكر و بینگۆل و موس دەكاتە ئامانج. 

هەر بەپێی راگەیەنراوەكە ئۆپەراسیۆنەكە لە ١٧ی ئاب لە پارێزگاكانی باشووری ڕۆژھەڵات، وان و هەكاری و شرناخ دەستیپێكرد و چەندین كەمپینێكی لە تەواوی ناوچە زۆرینە كوردەكان بەدوا هات.

هەروەها بەپێی هەواڵی ئاژانسی ئەنادۆڵی توركیا، وەزارەتی ناوخۆ ڕایگەیاندووە، زیاتر لە ٢٥٠٠ ئەندامی دەستەی هێزە ئەمنیەكان بەشداری قۆناغی كۆتایی ئۆپەراسیۆنەكە دەكەن.

توركیا و پەكەكە بەدرێژایی دەیەها ساڵە لەشەڕی چەكداریدان دژی یەكتر، كە بووەتە ھۆی كوژرانی زیاتر لە ٤٠٠٠٠ كەس، لەنێویاندا خەڵكی سڤیل.

لەم ساڵانەی دواییدا، توركیا جەنگەكەی دژی پەكەكە بردووەتە ناو سنوورە نێودەوڵەتییەكانەوە، كە جگە لە ئۆپەراسیۆنی چنگ، هێرشی ئاسمانیشی بەشەكانی تری هەرێمی كوردستان و شنگال ئەنجامداوە، هەروەها شەڕی هێزە چەكدارە كوردیەكان لە باكووری سووریاش دەكات.

ئامادەكردن: محەمەد ڕەحمان