ئەوروپا سزای توركیا دەدات.. وەك وەڵامێك بۆ گەڕان بۆ نەوت‌و گاز لە ئاوەكانی قوبرس

جیهان

12/11/2019‌ 1604 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لە كۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا، كە لە برۆكسلی پایتەختی یەكێتییەكە بەڕێوەچوو، وڵاتانی ئەندامی یەكێتییەكە لەسەر چوارچێوەی یاسایی و سیاسی سەپاندنی سزاكان بەسەر توركیا رێككەوتن.
 
یەكێتییەكە رایگەیاندووە، كە ئەو سزایانە وەك وەڵامێكە بۆ چالاكییەكانی توركیا بۆ بەدواداگەڕانی نەوت و گاز لە ئاوە هەرێمییەكانی قوبرس، كە سزاكانیش خۆیان لە قەدەغەی پێدانی ڤیزا و بلۆككردنی پارەی بەرپرسانی توركیا دەگرێتەوە.

وابڕیارە لە قۆناغی یەكەمدا ناوی ئەو كەسایەتی و قەوارە  ئابووری و پیشەسازی و داراییانە دەستنیشان بكرێت، كە سزاكان دەیانگرێتەوە.

توركیا و حكومەتی قوبرسی یۆنانی، كە لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە دانیپێدانراوە لەسەر مافی بەدواداگەڕانی نەوت و گاز لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەراست لە كێشەدان، ئەو ناوچەیەش بە نەوت و گازی سرووشتی دەوڵەمەندە.

توركیا دان بە قوربرس دا نانێت وەك دەوڵەتێك و دژی ئەوەیە خەریكی دەرهێنانی گازی ناوچەكە بێت، بۆ ئەوەش چەند كەشتییەكی بۆ گەڕان بەدوای هایدرۆكاربۆنات لەناوچەی ئابووری سەر بە قوربرسی یۆنانی رەوانە كرد، كە ئەوە لەلایەن قوبرس و یەكێتی و ئەروپا و ئەمریكا رەتدەكرێتەوە.

پێشتریش سەرچاوە دیبلۆماسییە ئەوروپاییەكان جەختیان كردبووەوە، یەكێتی ئەوروپا دەیەوێت چەند ڕێوشوێنێكی توند دژ بەتوركیا بگرێتەبەر بەهۆی سووربوونی ئەنقەرە لەسەر گەڕان بەدوای وزە لە كەناراوەكانی قوبرس.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی