زاواكانی ئەردۆغان‌و ترامپ
كەناڵی پشتەوەی ئاسانكارییەكانی ئەمەریكا بۆ توركیا

جیهان

13/11/2019‌ 1217 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سێ كەس لەپشت ئەو ئاسانكارdیانەوەن، كە ئەمەریكا لە دۆسییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەراست بۆ توركیای دەكات، بەهۆی خزمایەتییەوە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ سەرۆكی وڵاتەكانیان بەهێزە، ئەوەش یارمەتیدەر بووە لەوەی ڕۆڵێكی بەهێزیان هەبێت لەبەیەكگەیاندنی ئەنقەرە بە واشنتۆن بەشێوەیەكی شاراوە.

ئەو سێ كەسەش بریتین لە بیرات بەیرەق وەزیری دارایی توركیاو زاوای رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا، كە سەرپەرشتی پەیوەندییەكانی وڵاتەكەی بە ئەمەریكاوە دەكات، محەمەد عەلی یلسینداغ پیاوی خاوەنكاری توركی و هاوبەشی بازرگانی ڕێكخراوی ترامپ ‌و پشتیوانی هەڵوێستەكانی ئەنقەرە لای ئیدارەی ئەمەریكی، ئەویش بەگوێرەی رۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمەریكی .

هەرچی كەسی سێیەمە ئەوە جارید كۆشنەرە، كە بەهۆی ئەوەی زاوای ترامپ و گەورە راوێژكاری ترامپە بۆ كاروباری دەرەوە خاوەن پێگە و هەژموونێكی فراوانە .

ئەو سێ كەسە لەڕێگای پەیوەندییە تەلەفۆنییە كەسییەكانی خۆیانەوە توانیویانە هێڵێكی پەیوەندی نافەرمی لەنێوان ترامپ و ئەردۆغان درووست بكەن بۆ ئەوەی سەرۆكی توركیا سەردانی وڵاتە یەكگرتووكانی ئەمەریكا بكات .

ئەردۆغان لەچاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا باسی لەوە كردبوو، كە پێشبینی دەكات گفتوگۆكانی نێوان زاواكەی و جارید كۆشنەر ببێتە هۆی دووبارە بنیادنانەوەی پەیوەندییە گرژبووەكەی نێوان واشنتۆن و ئەنقەرە .

لەدوای دەستدرێژییەكانی توركیا بۆسەر رۆژئاوای كوردستان واشنتۆن سەپاندنی سزای بەسەر توركیا پشتگوێ خست ، جگە لەوەی سەپاندنی ئەو سزا یاسایانەشی دواخست كە بەهۆی كڕینی سیستەمی بەرگری ئاسمانی "ئێس-٤٠٠"وە دەبوو بخرێنە سەر توركیا.

ئەو ئاسانكارییەی ئیدارەی ترامپ بۆ توركیا گەیشتە راددەی رەتكردنەوەی سزادانی هەموو ئەو بانكانەی توركیا كە موڵكی دەوڵەتن و دەركەوتووە لە بابەتی سەپاندنی گەمارۆكانی ئەمەریكا بۆسەر ئێران هاوكاری ئێرانیان كردووە و لە گەمارۆكان خۆیان دزیوەتەوە .

ئەردۆغان توانیویەتی وڵاتەكەی لە سەپاندنی سزا شیمانەكراوەكان دەرباز بكات ، ئەویش لەڕێگای دانانی زاواكەی و  هاوبەشە بازرگانییەكی ترامپ وەك دوو نێردەی وڵاتەكەی لای ئیدارەی ئەمەریكی و قسەكردن لەگەڵ كۆشنەر سەبارەت بە ئەو بابەتانەی لەنێوان هەردوو وڵات جێگای ناكۆكین و دەكرێت تێپەرێنرێت .

لەدوای رووداوی ئامادەبوونی بەیرەق لە واشنتۆن و لە هۆتێلی نێودەوڵەتی ترامپ بۆ بەشداریكردن لە كۆنگرەیەك كە یلسینداغ ڕێكیخستبوو و كۆشنەریش ئامادەی بوو كاریگەری ئەو دوو كەسە لە كۆشكی سپی ، لەدوای ئەوە كۆبوونەوەیەكی بەپەلە لە نوسینگەی كۆشكی سپی كرا و زاوكەی ئەردۆغان سەركەوتوو بوو لەوەی بڕوا بە ئەمەریكییەكان بهێنێت گەمارۆكانی سەر توركیا لەسەر كڕینی چەكی رووسی دوابخرێت .

بەگوێرەی قسەی زۆرێك لە راوێژكارەكانی ئەردۆغان هەردوو سەرۆك خواستی ئەوەیان هەیە پەیوەندییە خێزانییەكان یان بازرگانییەكان وەك كەناڵی نهێنی پەیوەندی نێوانیان بەكاربهێنن ،هەردوو سەرۆكیش پاساویان بۆ ئەوە ئەوە بووە كە لایەن فەرمییەكانی حكومەتەكانیان پلانیان لەدژ دەگێڕن .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی