خۆپیشاندەرانی ئێران وێنەی ڕێبەری شۆڕش دەسووتێن‌و درووشمی مردن بۆ خامنەیی دەڵێنەوە

جیهان

17/11/2019‌ 2203 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەشاری ئیسلام ئابادی ئێران خۆپیشاندەران وێنەی عەلی خامنەیی ڕێبەری شۆڕشی ئێرانیان سووتاند،  كە ١٢ كیلۆمەتر لە تارانی پایتەختەوە دوورە .

هەر لە شاری ئیسلام ئاباد خۆپیشاندەران دوو وێستگەی سووتەمەنیان سووتاندو لەشاری ئەسفەهانیش بازگەیەكی پۆلیسیان ئاگرتێبەردا .

لە شاری ریبات كەریمیش، كە دەكەوێتە باشووری ئێران ، خۆپیشاندەران ئاگریان لە بانكێك بەردا، ئەوەش لەچوارچێوەی ئەو زنجیرە خۆپیشاندانانەی چەند رۆژێكە لەو وڵاتە دەستیپێكردووە.

لە تۆرە كۆمەڵایەتییەكانیشدا ڤیدیۆی خۆپیشاندانێك لەناوچەی ئۆتۆسترادی شاری تارانی پایتەخت بڵاوبووەتەوە، كە خۆپیشاندەران درووشمـی "مردن بۆ دیكتاتۆر" دەڵێنەوە، كە مەبەست لێی عەلی خامنەیی ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامی ئێرانە.


هەروەها هەندێكی تر لە ئاریاشەهری تاران درووشمی "مردن بۆ خامنەیی " دەڵێنەوە.

لە زۆربەی شارەكانی ئێران هاووڵاتیان لەشێوەی خۆپیشاندان و گردبوونەوەی نارەزایەتی دژ بە بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین هاتوونەتە دەرەوە و بەهۆی بەكارهێنانی توندوتیژیش لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە بەمەبەستی بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندەران ژمارەیەك گیانیان لەدەستداوە .

لای خۆیشییەوە، محەمەد جەعفەر مونزیری، داواكاری ئێران خۆپیشاندانەكانی بەكاری ئاژاوەگێری وەسف كردو وتی: دەستكاریكردنی نرخی بەنزین لەسەر بنەمای یاسا و ڕای شارەزایان دراوە، بەڵام هەندێك كەسی ئاژاوەگێر ئەو دۆخەیان قۆستووەتەوە بۆ درووستكردنی ئاژاوە و دروستكردنی گرفت بۆ سیستەمی گشتی .

هەرچی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای ئابوورییە، كە بەئامادەبوونی حەسەن روحانی سەرۆكی ئێران و سەرۆكی سێ دەسەڵاتەكە بەڕێوەچوو، هیچ ئەنجامێكی لێنەكەوتەوە تەنیا ئەوەندە نەبێت وتیان داهاتی بەرزكردنەوەی نرخی سووتەمەنی بەخێرایی بەسەر هەژاران دابەش دەكرێت .

بەگوێرەی كەناڵی فارسی "دوڕ" لە ٥٣ شاری ئێران خۆپیشاندان و گردبوونەوەی نارەزایەتی بەڕێوە دەچن، كە هەندێكیان سەریانكێشاوە بۆ رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان .

هاوكات دوو مەرجەعی ئاینی لە ئێران، كە ئەوانیش سافی كەلبایكانی و عەلەوی جرجانی رەخنەیان لە بەرزكردنەوەی نرخی بەنزین گرتووە و داوایان كردووە ئەو بڕیارە هەڵبوەشێنرێتەوە و گوشاری ئابووری زیاتر نەخرێتە سەر شانی هاوڵاتیان .

هەروەها پەروانە سلحشوری، پەرلەمانتاری رێفۆرمخوازەكان لە پەرلەمانی ئێران نووسیویەتی: بڕیاری ئەنجوومەنی باڵای ئابووری و سەرۆكی سێ دەسەڵاتەكە پشتگوێخستنی تەواوەتی پەرلەمانە، داوای لە دەنگدەران كردووە سەرزەنشتی پەرلەمان بكەن لەبەرئەوەی پەرلەمان خاوەن بریار نییە.

رۆژی هەینی لە سێ شاری ئێران، كە ئەوانیش مەشهەد و ئەهواز و سیرجانە خۆپیشاندان و نارەزایەتی دژ بە بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین دەستیان پیكرد، كە ژمارەیەك كوژراوی لێكەوتەوەو دواتر شارەكانی تریشی گرتەوە.