پەیامە شاراوەكانی قسەكانی دۆناڵدۆ ترامپ‌و رەجەب تەیب ئەردۆغان

جیهان

18/11/2019‌ 3262 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەك هەر كەسێكی تورك، لە سكرینی تەلەفزیۆنەكانەوە، دیقەتم دایە پرۆگرامی سەردانەكەی رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری توركیا بۆ واشنتۆن. 

میدیاكانی ئەمریكا ڕاستەوخۆ ڕوماڵی كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەیان نەگواستەوە، بەڵكو ڕوماڵی دانیشتنی گوێگرتن لەیەكێك لە گەواهیدەرەكانیان (شاهید) گواستەوە، كە لە كۆنگرێس (ئەنجوومەنی پیران)  لە پرسی لەكارخستنی دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا پرسیاری ئاراستە دەكرا.

من پێشتریش چاودێری سەردانەكانی پێشووی سەرۆك و سەرۆك وەزیرەكانی پێشووی توركیای وەك (كەنعان ئیڤیرین و تۆركۆت و ئۆزال  و تانسۆ چیلەر  تا دەگاتە ئەردۆغان) بووم بۆ واشنتۆن، كە بایەخی زۆریان پێدەدرا.

ئەوەی ئەمجارە ڕوویدا تەواو جیاواز بوو، ترامپ ڕاستەوخۆ ڕووپاماییەكی (مجامەلە) زارەكی ئاراستەی‌ ئەردۆغان نەكرد، هەروەك پێشهاتنی بۆ واشنتۆن كردی، ئەمەش بەڵگەیە سەردانەكە لە لایەن ئیدارەی ئەمریكاوە پێشوازی گەورەی لێنەكراوە، میدیا بیانییەكانیش ئاماژەیان بەو خاڵە گرنگە كرد.

لە لایەكی دیكەشەوە میدیای توركیای لاگیری ئەردۆغان وەك پیشەی خۆیان سەردانەكەیان بە دەستكەوتێكی مەزن لە قەڵەمدا، ئۆپۆزسیۆنی توركیاش تیشكی خستەسەر لایەنە نەرێنییەكانی سەردانەكە و دەستیكرد بە هەژماركردنی شكستە سیاسییەكانی ئەردۆغان.

لەم پرسەدا دوو خاڵی گرنگ و تەوەری هەن: 
سەرۆكی ئەمریكا كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەی بە سوپاسكردنی ئەردۆغان دەستپێكرد بۆ تێگەیشتنی لە پرسێكی دیاریكراو، من سەرەتا لەوە حاڵی نەبووم هۆكاری سوپاسكردنی ئەردۆغان لەلایەن تڕەمپەوە چییە، ئەمە سەرسامی كردم، بەڵام دواتر زانیم هۆكارەكەی ئەوە بووە، كە ئەردۆغان "سەركان غولج" ی هاووڵاتی ئەمریكی بەڕەگەز توركی و زانای ناسای ئاسمانی لە یەكێك لە بەندیخانەكانی ئەنقەرە ئازاد كردووە.

سەركان غولج كێیە؟
‌پرسی ئەم زانایەی ناسا جێگەی گرنگیپێدانی ئەمریكییەكان بووەو لە هەموو بۆنەیەكدا باسیان كردووە و داوای ئازادكردنیان كردووە.
 
میدیاكانی ئەمریكا -‌ تایبەتیش واشنتۆن پۆست- سێ ساڵ بوو باسی ئەو پرسەیان دەكرد، حكومەتی توركیاش هەمان وەڵامی هەبوو، كە زانای ناوبراو، لە كاتی سەردانكردنی خانەوادەكەی لەتوركیا، تاكە دۆلارێكی لە باخەڵدا بووە، كە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی سەر بە گروپ فەتحوڵا گولەنە، دواتریش لە بەندیخانەیان توند كرد.

دەی مادام زانای ناوبراو چەند مانگێگ پێش ئێستا (مایۆی ڕابردوو) ئازادكراوە نەك ئێستا و مانگی پێشوو، كەواتە چ پێویست بوو ترامپ سوپاسی ئەردۆغان بكات، لە كاتێكدا پیشتر، چ بە تەلەفۆن یان چاوپێكەوتنی، بۆ هەمان مەبەست پێنج بۆ شەش‌ جار سوپاسی ئەردۆغانی كردبوو؟

ئایا ترامپ بەم كارەی گەرەكی بوو باڵادەستی خۆی بەسەر ئەردۆغاندا نمایش بكات، كردەی ناچاركردنی ئەردۆغانیش بەئازادكردنی زانای ناوبراو بەڵگەیەكی دیكەی زەبوونی ئەردۆغانە لە بەرانبەر ترامپدا‌؟

من پێم وایە بە هیچ جۆرێك لەجۆرەكان، ئەو سوپاسكردنە واتای پێزانین و نیازپاكی نەدەبەخشی.

ئەو پرسەی ناكرێت وەك ڕوپامایی (موجامەلە) سەیری بكرێت، ئەو بڕگە و گوزارانە بوون، كە ترامپ ئاراستەی ڕۆژنامەنووسە توركەكانی كردن، كە چاودێری سەردانەكەی ئەردۆغان بوون  و لە هۆڵەكەدا بوون.

سەرەتا لام سەیر بوو، كە ترامپ لە كاتی كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكە، كاتێك داوای لەڕۆژنامەنووسە توركەكان دەكرد پرسیارەكانیان بخەنەڕوو، چاوی بۆ ئەو ڕۆژنامەنووسانە دەگێڕا، كە نزیك دەسەڵات بوون.

لەسەر ئەم بنەمایە  "هلام قابلان"، كە لە ڕۆژنامەی بەناوبانگی سەباح كار دەكات و بەوەش‌ ناسراوە ە نزیكە لە دەسەڵاتەوە، بە زمانی ئینگلیزی سەبارەت بە گرنگی سەردانەكە پرسیاری لە ترتمپ كرد...

لە بەرانبەردا وەڵامەكەی ترامپ خێرا بوو، سەرتای وەڵامەكەشی بۆ ڕۆژنامەنووسەكە بەو پرسیارە دەستپێكرد، كە ئاخۆ بوونی لە هۆڵەكە بۆ ئەوەیە بە ناوی دەوڵەتەوە‌ قسە بكات.

ئەم گوزارە سەیرەشی پێ وت: " هەر بە ڕاستی تۆ ڕۆژنامەنووسی؟".

لە هەمان و ئانوساتی پرسیارەكەی ترامپ بۆ ڕۆژنامەنووسەكە، كە "ئاخۆ تۆ بە ناوی دەوڵەتەوە قسە دەكەیت؟" سیناتۆر لیندسی گراهام، كە لە هۆڵەكە بوو، خۆی لە پرسەكە هەڵقورتاندو پرسیاری لە ڕۆژنامەنووسەكە كرد: "ئایا دەكرێت ئەم كارە لە‌ توركیا بە پێچەوانەوە بێت؟".

پێم خۆش بوو ئامادەی ئەو ئەو بەشەی دیدارەكە بام، گوێشم لەو "قاقا و پێكەنینانە" بایە، كە ئامادەبوونی هۆڵكە دەریانبڕی، ئیدی لێرەوە ڕوونە، كە چۆن بووینە گاڵتەجارێ جیهان؟  

تاكە شتێك تا ڕادەیەكی زۆر لێی دڵنیام ئەوەیە، كە پرسیاری نووسەرەكەی ڕۆژنامەی سەباح هیچی وای تێدا نەبوو پێویست بەوە بكات ترامپ و سیناتۆر گراهام  كاردانەوەیەكی لەم جۆرەیان هەبێت، من وام  هاتە پێش چاو، كە دیمەنەكە پێشتر سیناریۆی بۆ سازكراوە؟

ئەمەش دیمەنی یارییەكی توپی پێی بیرخستمەوە، كە یاریزانێك بە هۆی پاسێكی جوانی هاوڕێكەیەوە گۆڵێكی تۆمار كرد، بێژەرەكەش بەخوێنگەرمییەوە وتی "گۆڵێكی ئاوا ناكرێت، ئەگەر پێشتر هەردوو یاریزانەكە لەسەری ڕێكنەكەوتبن".

بە دیدی من، دووبارە قسەكردن لەسەر كەسێك، كە بە لایەنی كەمەوە 5 مانگ پێشتر ئازادكراوە، هەروەها گفتوگۆی ڕۆژنامەنووسە توركییەكەش، پێشوەخت سیناریۆكەیان بۆ داڕژاوە.

بۆچی؟ 
 كوتومت وەڵامەكەی نازانم، بەڵام هەر ئەو گریمانەی بۆ دەكەم، كە باسم كرد، لەوانەشە ئێوە لەم بارەوە باشتر لە من بیپێكن.

سەرچاوە: ئەحوال توركیا
نووسین: فەهمی كورو
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر