كاری سیخوڕی ژمارە ١٣٤٨٣٢ لەنووسینگەكەی سەلیم جبوری

عیراق

19/11/2019‌ 1285 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەڵگەنامە نهێنییە دزەپێكراوەكانی هەواڵگری ئێران، كە دەست پێگەی " ئینتەرسێۆت"ی ئەمەریكی كەوتووە و رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز"ی ئەمەریكی بڵاویكردووەتەوە، ئەوەی ئاشكرا كردووە تاران توانیویەتی لەڕێگای سیخوڕێكی گەورەوە دەست بەسەر نووسینگەی سەرۆكی پێشووی پەرلەمان سەلیم جبووریدا بگرێت .

بەڵگەنامەكە باسی لەوە كردووە، كە سەلیم جبووری سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی عێراق و جێگری سەرۆكی حیزبی ئیسلامی عێراقی پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ ئێران هەیە .

بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە، كە بەپێی بەڵگەنامەكان یەكێك لە راوێژكارە سیاسییە گەورەكانی جبووری سیخوڕێكی گرنگی هەواڵگری ئێران بووە .

لەبروسكەكانی هەواڵگری ئێراندا ئەو سیخوڕەی ناو نووسینگەكەی سەلیم جبووری بەناوی "سەرچاوە ١٣٤٨٣٢" ئاماژەی بۆ كراوە .

ئەو سیخورە بە ئەفسەرێكی ئێرانی، كە بەرپرسی بووە وتووە: ئەو رۆژانە ئامادەی نووسینگەكەی جبووری دەبێت‌و بەوردی چاودێری پەیوەندییە تەلەفۆنییەكانی جبوورییە لەگەڵ ئەمەریكییەكان.

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەو بەڵگەنامانە، جبووری ئەوەی رەتكردووەتەوە، كە یەكێك لە فەرمانبەرەكانی بەكرێگیراوی ئێران بووبێت و رایگەیاندووە، كە ئەو بەتەواوەتی متمانەی بە یاریدەدەرەكانییەتی .

لەبرووسكەكاندا ، ئەو سیخوڕە هانی ئێرانییەكانیداوە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ جبووری پەرە پێبدەن بۆ ئەوەی ئاستەنگ بۆ هەوڵی ئەمەریكییەكان دروست بكەن، كە كار لەسەر هێنانەپێشی نەوەیەكی نوێی سەركردە سوننەكان دەدەن، كە رەنگە ئەوەش بەئامانجی دروستكردنی ئاشتەوایی لەنێوان شیعە و سوننەكان .

بەكرێگیراوەكەی ئێران هۆشداریداوە و وتویەتی: دەبێت ئێران بەشێوەیەك هەڵسوكەوت بكات رێگە لەوە بگرێت سەرۆكی پەرلەمان بخزێتە بەرەی لایەنگری ئەمەریكییەكان ، چونكە یەكێك لە سیفەتەكانی جبووری ئەوە بووە كە بەخێرایی بڕیار دەدات .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی