روسیا سیخوڕی بەسەر شەرڤانانەوە دەكات

کوردستان

29/11/2019‌ 2310 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەرپرسانی روسیا لەگەڵ بەرپرسانی هەسەدە لە عەین ئەلعەرەب، كۆبوونەتەوە و هەڕەشەی ئەوەیان كردووە، نابێت هێرش بكرێتە سەر ئەو گەڕانە سەربازییە هاوبەشانەی لەگەڵ توركیا دەیكەن بەناوچەكەدا، بەڵام بەرپرسانی هەسەدە لەوەڵامدا پێیانوتوون خەڵكی ناوچەكە كارەكەی ئەوانیان پێپەسەند نییە و هەسەدە هیچ هێزێكی لەناوچەكە نەماوە.

رۆژنامەی هێڵ پشتبەستن بەزانیاری نێو ئەفسەرانی توركیا ئەوەی پشتڕاست كردووەتەوە، كە توركیا بۆیە روسیا لەگەڵ خۆی لەگەڕانە سەربازییەكانیدا بەشداری پێدەكات، چونكە دەزانێت لەلایەن خەڵكەوە هێرشی دەكرێتە سەر.

بەپێی رۆژنامەی هێڵ، كە لە چاپی رۆژی 28 نۆڤێمبەر بڵاوبووەتەوە، كۆبوونەوەكە لە نێوان دوو بەرپرسی وەزارەتی دەرەوەی روسیا و چەند بەرپرسێكی هەسەدە بووە، بەڵام روسەكان وتەكانی نێو كۆبوونەوەكەیان گەیاندووەتە ئەفسەرانی توركیا. 

لەهەمانكاتدا بەرپرسە روسەكان كۆبوونەوەیان لەگەڵ چەند ئەفسەرێكی توركیا كردووە لەگەڵ گردە سپی -ی سوریا، كە توركیایان لە ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی خۆیان و هەسەدە ئاگاداركردووەتەوە.

لە 20 ئۆكتۆبەرەوە تا چەند رۆژی رابردوو روسیا و توركیا، 11 گەڕانی سەربازی هاوبەشیان ئەنجامداوە و 9 گەڕانیان لەلایەن هاووڵاتیانی خۆرئاوای كوردستانەوە هێرشی كراوەتە سەر و لە ئەنجامی تەقەكردنی هێزەكانی روسیا و توركیا، 4 هاووڵاتی كورد شەهید بوون و ناقیلەیەكی روسیش تائێستا سووتاوە، هەرچەندە لەدوای سوتانی ناقیلە روسییەكەوە هیچ هێرشێكی تر ئەنجامنەدراوە.

ئەنوەر موسلم بەرپرسێكی هێزەكانی هەسەدە ئەوەی بە هێڵ وتووە، كە روسیا بەڵێنی داوە بۆئەوەی ئاژاوە دروستنەبێت لەناوچەكە، گەڕانی سەربازی دیكە ناكەن، دوای پشكنینیان لەگەڵ توركیا دەركەوتووە هیچ هێزێكی هەسەدە لە ناوچەكە نەماوە.

لە9ی ئۆكتۆبەری 2019، هێزەكانی توركیا و چەكدارانی سوپای سوریای ئازاد هێرشیان كردە سەر ناوچەكانی خۆرهەڵاتی روباری فورات و لەئاكامدا زیاتر لە 200 هەزار كەس لەناوچە ئاوارە بوون. تا 17ی ئۆكتۆبەر بەپێی رێككەوتنێكی نێوان ئەمریكا و توركیا هێرشەكە وەستێنرا. دواتریش 22ی ئۆكتۆبەر رێكەوتنێكی دیكە لەنێوان روسیا و توركیا كرا.

ئامادەكردن: لوقمان غەفوور