مۆتەكەی كاتی خەو بۆ تەندروستی باشە

تەندروستی

01/12/2019‌ 797 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
زانایانی زانكۆی جنێڤ تێبینیان كردووە، كە خەونە ناخۆشەكان دەروونی مرۆڤ بۆ رارایی و دڵەڕاوكێكانی ژیانی راستەقینە ئامادە دەكات، سەرباری ئەوە دەكرێت خەونی ناخۆش چارەسەرێك بێت بۆ ئەو كەسانەی بەدەست زێدە دڵەڕاوكێیەوە دەناڵێنن .

كۆبات كانیمیتۆڤ پسپۆڕ لەناوەندی پزیشكی "فیشی رادۆگی" دەڵێت: بەهەرحاڵ مۆتەكە رووداوێكی ناخۆشە، بەڵام هۆكاری جیاوازی هەیە یەكەمیان لە مۆتەكەدا كەسێك رووبەڕووی رووداوێك دەبێتەوە، كە لە ژیانی راستەقینەدا ناتوانێت رووبەڕووی ببێتەوە.

ئەو دەشڵێت: مۆتەكە هەیە بەهۆی گرفتی تەندرووستییەوە دروست دەبێت، كە لە زۆربەی كاتدا بەهۆی نەخۆشییەكانی رژێنی دەرەقییەوەیە، لە ژنانیشدا بەهۆی گۆڕانكارییە هۆرمۆنییەكانی پەیوەست بە تەمەنەوەیە.

باسی لەوەش كردووە، كە لە جیهانی هاوچەرخدا خەڵك بەكەمی بە خراپی دەخەون، زۆر كەم روودەدات خەوی قوڵیان هەبێت، كەسێك ئاسوودە نەبێت و بەدرێژایی كات هەر ماندوو بیت ئەوە كاریگەری لەسەر بینینی مۆتەكە دەبێت .

مرۆڤ بۆ ئەوەی خەوێكی تەندروستی هەبێت دەبێت پەیڕەوی سیستەم بكات، زۆر گرنگە دەستبەرداری تووتن و شتە زیانبەخشەكان ببێت، منداڵان پێویستیان بەوەیە لەكاتی نووستندا چیرۆكیان بۆ بگێردرێتەوە .

پۆلینا بچیلینا، كە پسپۆڕی دەمارزانییە دەڵێت: هێشتا ئەركی خەونەكان نەزانراوە، خەون كاری دەروونمانە، ئەوەش ئەركێكی خۆپارێزییەو هێز بە دەروون دەبەخشێت.

مۆتەكە ئەوەی مرۆڤ دوای ئەوەی بەخەبەر دێت هەست بەترس دەكات، لەكاتی خەونی خراپدا كەسەكە هەستێكی نائارامی هەیە وەك ئەوەی ناتوانێت شتێك بدۆزێتەوە، كە لێی بزر بووە یان چاوی بە كەسی ترسناك دەكەوێت .

مۆتەكەی خراپ ئەوەیە، كە دووبارە دەبێتەوە و لە كۆنترۆڵ دەردەچێت، لەوكاتەدا تۆ پێوسیتت بە سەردانی پزیشكە .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی