شارپرێس:
عه‌لی حه‌مه ساڵح، سه‌رۆكی فراكسیۆنی گۆڕان له په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند، به‌شێکی زۆر له‌و کاره‌بایه‌ی به‌رهه‌م دێت له چوارچێوه‌ی سیستم ناگاته هاوڵاتی به‌هۆی لێچون و دزییه‌وه، کە لە "٣٨٪ کاره‌بای به‌رهه‌مهێندراو به‌فیڕۆ ده‌چێت و ده‌بردرێت".
عه‌لی حه‌مه ساڵح، سه‌رۆكی فراكسیۆنی گۆڕان له په‌رله‌مانی كوردستان بڵاویكرده‌وه، به‌دواداچوونی بۆ دۆسیه‌ی كاره‌با له هه‌رێمی كوردستان كردووه و ده‌ركه‌وتووه، "ڕێژه‌ی دابه‌شکردنی کاره‌بای کوردستان به‌سه‌ر پارێزگاکاندا له هه‌ولێر ٤٢٪، له سلێمانی و گه‌میان( جگه له چه‌مچه‌ماڵ) له ٣٣.٥٪، له دهۆک ٢٤.٤٪ ه، به‌تێکڕای به‌کارهێنانی کاره‌با له ڕۆژێکدا بۆ هه‌ولێر ١٠٤٩ مێگاوات، سلێمانی ٧٥٥ مێگاوات، دهۆک ٥٧٤ مێگاوات".
باسی له‌وه‌شكردووه، "ئه‌و ڕێژه‌یه‌ی پارێزگای سلێمانی به‌به‌راورد به‌ژماره‌ی دانیشتوانی که‌مه، به‌هیچ شێوه‌یه‌کیش ئه‌م کاره‌بای سلێمانی به‌هاوڵاتی هه‌ولێر نه‌دراوه، چونکه کاتژمێری کاره‌بای ماڵان له هه‌ولێر له سلێمانی زیاتر نیه".
سه‌رۆكی فراكسیۆنی گۆڕان له په‌رله‌مانی كوردستان رونیكرده‌وه، "پاش به‌دواداچون و کفتوگۆ له‌گه‌ڵ وه‌زیری کاره‌بای حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و که‌سانی پسۆڕ و ئاگادار، گه‌شتینه ئه‌م ئه‌نجامانه کاتژمێری کاره‌با بۆ ماڵان وه‌ک یه‌که، به‌ڵام لۆد‌و ئه‌و شوێنانه‌ی کاره‌بای به‌رده‌وامیان هه‌یه له هه‌ولێر زیاتره له سلێمانی. له‌گه‌ڵ چه‌ند گرفتێکی دیکه‌دا".
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، "چه‌ندین شوێن و ماڵ و باره‌گا، کاره‌بای به‌رده‌وامیان هه‌یه، به‌م شێوه دابه‌ش بووه، هه‌ولێر ٣٠٠ مێگاوات، سلێمانی ١٦٠ مێگاوات، دهۆک ٧٠ مێگاوات".
هه‌روه‌ها باس ده‌ڵێت، گرفتی نه‌گه‌یشتنی کاره‌با له هه‌رێمی كوردستان هه‌یه، نزیکه‌ی ١٣٪ کاره‌با به‌هۆی سیستمی دابه‌شکردن و گواستنه‌وه(ته‌کنیکی) به‌فیڕۆ ده‌چێت، نزیکه‌ی ١٥٪ به شێوه‌ی زیاده‌ڕه‌وی ده‌برێت، واتا، ئه‌و شوێن و ماڵانه هیچ سه‌عاتێکی کاره‌بایان نیه، هه‌روه‌ها نزیکه‌ی ١٠٪ کاره‌با له پشتی سه‌عاته‌وه له ماڵان‌و شوێنەکانی دیکە ده‌دزێت، واتا، نزیکه‌ی ٣٨٪ کاره‌بای به‌رهه‌مهێندراو به‌م سێ ڕێگا به‌فیڕۆ ده‌چێت و ده‌بردرێت.
راشیگه‌یاندووه، له هه‌رێمی كوردستان ئاستی به‌رهه‌مهێنانی کاره‌با له نێوان ٣٢٠٠ بۆ ٣٥٠٠ مێگاواته، به‌هۆی نه‌بونی سوته‌مه‌نی ١٢ یه‌که‌ی به‌رهه‌مهێنانی کاره‌با، کارناکه‌ن.