دیمەشق پڕۆژەی "ئیدارەی خۆجێیی" دەخاتە بەردەم كوردەكانی ڕۆژئاوا

ڕاپۆرت

09/12/2019‌ 4748 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دیمەشق لەبری ئیدارەیەكی خۆسەری، پڕۆژەی ئیدارەیەكی خۆجێیی پێشكەشی كوردەكانی رۆژئاوا دەكات.

پرۆژەكە لەكاردانەوەی كردەی سەربازی "كانی ئاشتی" توركیا دژ بە ڕۆژئاوا كوردستانە لە ئۆكتۆبەری ڕابردوو، كە بووە هۆی دابەشبوونی ئەو ناوچانەی هێزەكانی سوریای دیموكرات لەباكووری ڕۆژهەڵاتی سوریا بەسەریدا زاڵبوون.

بەپێی راپۆرتێك، حكومەتی سوریا پڕۆژەی بەڕێوەبردنێكی خۆجێیی پێشكەشی هێزەكانی ڕۆژئاوای كوردستان كردووە، كە دەتوانن خۆیان ناوچەكانی خۆیان بەڕێوەبەرن.

ڕۆژنامەی وەتەن لەسەر زاری "نەواف ملحم" ی ئەندامێكی ئەنجوومەنی گەلی سوریاوە بڵاویكردەوە، شاندێكی دیمەشق، كە لە پارتە سیاسییەكان و ئەندامانی ئەنجوومەنی گەل پێكهاتوون پرۆژەی ئیدارەیەكی خۆجێییان پێشكەشی كەسایەتی و هێزە دیار و بەرچاوەكان باكووری ڕۆژهەڵاتی سوریا كردووە، كە لە دەستووری ساڵی 2012 سوریادا ئاماژەی پێكراوە، كە بە گوێرەی ئەو بەشەی دەستوور ناوچەكە بەڕێوە ببرێت.

ملحم لەو بارەوە بۆ رۆژنامەكە رایگەیاندووە، ئەو هێزانە نە پڕۆژەكەیان ڕەتكردووەتەوە نە قبوڵیشیان كردووە، بەبێ‌ ئەوەی روونكردنەوەی زیاتر لەو بارەوە بدات.

لە ئێستادا ئیدارەیەكی خۆسەری لە ڕۆژئاوای كوردستاندا هەیە، كە بە گوێرەی دیفاكتۆ ئۆتۆنۆمییەكی تێدا پەیڕەودەكەن‌و هێزەكانی سوریای دیموكرات بەسەریدا زاڵن‌، كە زۆرترینیان لە كوردەكانن.

ملحم باسی لەوەش كردووە، ئەو دانیشتنە پێشتر هەماهەنگی بۆ كراوە، وامان بینی هەماهەنگییەكە بایی ئەوەیە چەند بیرۆكەیەكی جێگیری نیشتمانی بەیەكەوە كۆمان بكاتەوە.

ناوبراو ئەوەشی ڕنكردەوە، كە لە گفتوگۆكانی پێشوودا ئەو هێزانە باسی جوداخوازییان نەكردووە، بەڵكو وتوویانە ئەوان سورین و مافی هاووڵاتیبوونیان دەوێت و دەیانەوێت لەسوریا لە ڕوی ماف و ئەركەوە لەگەڵ هاووڵاتییە سورییەكاندا یەكسانبن، وتووشیانە ئەوان داعشیان بەزاندووە و ڕۆژهەڵاتی وڵاتیان لێپاككردوونەوە و لەو پێناوەشدا شەهیدی زۆریان داوە.

ملحم هەروەها وتی: كوردەكان پێشتر پڕۆژەی ئیدارەیەكی خۆسەریان خستووەتە بەردەم سوریا، ئەوانیش دوێنێ ئیدارەیەكی خۆجێیان بۆ پێشنیار كردوون‌و لە ئاكامیشدا هەردوو پڕۆژەكە تاوتوێدەكرێن. 

هەروەها وتیشی: ئەوان و ئێمەش دوو پڕۆژەكەمان نە ڕەتكردوونەوە و نەپێشیان ڕازی بووین، ئێمە ڕێككەوتووین خاڵە ئەرێنییەكانی هەردوو پڕۆژەكە تاوتوێبكەین، ئینجا لەسەر چەند خاڵێك ڕێكبكەوین و بیخەینە بەردەم حكومەتی سوریا.

هاوكات عەلی مەملوكی سەرۆكی نووسینگەی ئاسایشی نیشتمانی سوریا لەگەڵ چەند ڕیشسپییەكی هۆزە عەرەبییەكانی قامیشلی كۆبووەتەوە بە مەبەستی كاراكردنی ڕۆڵی هۆزەكان لەپاراستنی سنوورەكە پاراستنی ئاسایشی سنورەكان و نەچوونەپاڵ هێزە چەكدارە جۆراوجۆرەكانی سوریا.

دیمەشق چەندەها جاری دیكەش داوای لەو هێزانە كردووە بێنەپاڵ سوپای سوریاوە، ئەم سەردانەی مەملوك دوای چەند ڕۆژێك لەڕاگەیاندنەكەی هێزەكانی سوریای دیموكرات دێت، كە گەیشتوونە  ڕێككەوتنێك لەگەڵ ڕوسیا، بەو پێیەش هێزەكانی ڕوسیا لە عامودا و تەلتەمر و عەین عیسی جێگیر دەبن لەباكووری ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆ سەقامگیری ناوچەكە.

سەرچاووە: ئەحوال توركیا
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر