ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی: هیچ باس‌و خواسێكی بەستنی كۆنگرە لەئارادا نییە

کوردستان

10/12/2019‌ 1366 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: هێمن مامەند
ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژە بەوەدەكات لەئێستادا هیچ باس‌و خواسێكی كۆنگرە لەئارادانییە. 

هەرچەندە پێشووتر كۆمسیۆنی باڵا سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق داوای لەپارتە سیاسیەكانی عێراق‌و هەرێمی كوردستانیش كرد كە كۆنگرە ببەستن، ئەگەر نا بەپێچەوانەوە مافی بەشداریكردنیان لەهەڵبژاردن نابێت، بەڵام بەوتەی ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی لەئێستادا بەهیچ شێوەیەك باس و خواسی كۆنگرەی چواردەیەمینی پارتی لەئارادانییە.

ئەندامەكەی سەركردایەتی پارتی، كە داوای كرد ناوی بڵاونەكرێتەوە بۆ شارپرێس وتی: بڕیاربوو ئەمساڵ كۆنگرەی چواردەیەمین حیزب ببەستین، بەڵام بەهۆی پێكهێنانی حكومەت و كابینەی نۆیەم ئەم پرسە دواخرا، ئێستاش بەهۆی بارودۆخی عێراق‌و ناوچەكە بارودۆخەكە لەبارنییە، بۆیە لەئێستادا هیچ پرۆژەیەك بۆبەستنی كۆنگرە لەئارادانییە.

كۆتا كۆنگرەی پارتی دیموكرات لەساڵی 2010 ئەنجامدراو دەبوو كۆنگرەی چواردەیەم لەساڵی 2014 ببەستێت، بەڵام بەبیانووی جۆراوجۆر تائێستا چەند جارێك دواخراوە.

هاوكات شیرین ئامێدی یاریدەدەری مەكتەبی هەڵبژاردنی پارتی سەبارەت بەو پرسە بۆشارپرێس وتی: "شتێكی نوێ نییەو نامەوێت لەسەر ئەوبابەتە قسە بكەم".

لەكۆتایی ساڵی 2010 پارتی دیموكراتی كوردستان كۆنگرەی سیانزەیەمینی حیزبەكەی بەست و مەسعود بارزانی جارێكی تر كرایەوە بەسەرۆكی پارتی و ئەویش بەپێی ئەو دەسەڵاتەی كەلەكۆنگرە پێیدرابوو، نێچیرڤان بارزانی برازاشی كرد بەجێگری.

بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پارتی دەبێت چوار ساڵێك كۆنگرە ببەسترێت، بەڵام ماوەی 5 ساڵ زیاترە تائێستا كۆنگرە نەبەستراوە.

شارپرێس زانیویەتی لەئێستادا لەسەر داوای نێچیرڤان بارزانی كۆنگرەی چوارەدەمینی پارتی دواخراوەو ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوململانێیەی لەناو حیزبەكەیدا لەگەڵ مەسروری بارزانی ئامۆزای هەیەتی.