چەند ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی یەكێتی ترسیان لەئەنجامدانی كۆنگرە هەیە

کوردستان

12/12/2019‌ 2031 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
چەند ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی ترسیان لەئەنجامدانی كۆنگرەی چوارەمی حیزبەكەیان هەیە.

ئەو ئەندامانەی مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی یەكێتی ترسەكەیان بۆ ئەوە دەگەڕێـتەوە، كە دڵنیان لەكۆنگرە دەنگی پێویست ناهێننەوەو جارێكی تر نابنەوە بەئەندامی سەركردایەتی.

لەو بارەوە سەرچاوەیەكی ئاگادار بۆ شارپرێس وتی: ئەو ئەندامانەی مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی، ئەو ترسەیان نەشاردووەتەوەو لەچەند كۆبوونەوەیەكی فەرمی‌و لەلای چەند كەسێكی تر بەڕوونی باسیان كردووە.

سەرچاوەكە وتیشی: ئەو ئەندامانەی سەركردایەتی‌و مەكتەبی سیاسی باسیان لەوەش كردووە، كە ناكرێت كۆنگرە بكرێت‌و ئەوان هەڵنەبژێرێنەوە، بۆ ئەوەش دەستیان بەهەوڵ كردووە، بۆ ئەوەی دەنگی پێویست بهێنن.

ئەمە لەكاتێكدایە، بڕیارە 21ی ئەم مانگە كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی ببەسرێت، كە چەند ساڵێكە بەهۆی كێشە ناوخۆییەكانەوە بەستنی ئەو كۆنگرەیە دواخراوە.

هـ ـ ح