ئەنجوومەنی گشتی سەركردایەتی یەكێتی یەكەم كۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدەدات

کوردستان

01/01/2020‌ 3626 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: هێمن مامەند
بڕیارە هەفتەی داهاتوو ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان یەكەمین كۆبوونەوەی خۆی ئەنجامبدات‌و مستەفا چاوەڕەش-یش وەك بەتەمەنترین ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی كۆبوونەوەكە بەڕێوەدەبات.

شادمان مەلا حەسەن ئەندامی ئەنجومەنی  سەركردایەتی یەكێـتی بەشارپرێسی راگەیاند، هەفتەی داهاتوو ئەنجوومەنی نوێی سەركردایەتی یەكێتی لەشاری سلێمانی كۆدەبێتەوەو گفتوگۆو لەبارەی پەیڕەوی حیزب دەكات.

مەلا حەسەن راشیگەیاند، یەكەم كۆبوونەوەی دوای تەواو بوونی كۆنگرە، مستەفا چاوەڕەش وەك بەتەمەنترین ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی ئیدارەی كۆبوونەوەكە دەكات، تا ئەو كاتەی سەرۆكێك بۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی دادەنرێت.

مانگی رابردوو یەكێتی نیشتمانی كۆنگرەی چوارەمی خۆی ئەنجامداو لەكۆنگرەكە 121 كەسی بۆ ئەنجوومەنی گشتی سەركردایەتی هەڵبژارد، كە بڕیارە لەو ئەنجوومەنەوە سەرۆك‌و ئەنجوومەنی بەرێوەبەردن بۆ یەكێتی هەڵبژێرێت.