دۆسییەكانی گەندەڵی نێوان بایدن‌و حكومەتی پێشووی عێراق هەڵدەدرێتەوە

ڕاپۆرت

05/01/2020‌ 1365 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رۆدی جولیانی پارێزەری تایبەتی دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمەریكا دۆسییەیەكی گەورەی گەندەڵی ئاشكراكردووە، كە لەنێوان بەرپرسانی ئیدارەی باراك ئۆباما و حكومەتی ئەوكاتی عێراق بەسەرۆكایەتی نوری مالیكی روویداوە .

لەو بارەیەوە جولیانی تۆمەتەكانی ئاراستەی جەیمس بایدنی برای جۆ بایدنی جێگری باراك ئۆبامای سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا كردووە بەوەی گرێبەستێكی لەبواری نیشتەجێكردن بە بەهای زیاتر لە ملیارێك و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار لەعێراق وەرگرتووە .

لەتویتێكیدا سەبارەت وێنەیەكی ساڵی ٢٠١١ ی كۆشكی سپی، كە هەریەك لە هادی عامری و فالح فەییاز ئەوانەی بەشداربوون لە پەلاماردانی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا لەگەڵ ئۆباما ئامادەن دەڵێت: لەكۆشكی سپی ساڵی ٢٠١١ میراتی سەرۆك و جێگرەكەی شكستە، لەگەڵ ئەوەش جەیمس بایدنی برای جۆ بایدن گرێبەستێكی بە بەهای ١،٥ ملیار دۆلار لەبواری نیشتەجێكردن وەرگرتووە.

هەروەها باسی لەوەش كردووە، كە جەیمس زۆری لەبواری نیشتەجێكردن شارەزا بوو، هەروەك چۆن هانتەر لە بواری نەوت و غازدا شارەزابوو، وەك ئاماژەیەك بۆ كورەكەی جۆ بایدن، كە ئێستا لە دۆسیەیەكی گەورەی گەندەڵی لە ئۆكرانیا هی سەردەمی ئۆباما تێوەگلاوە.

ئەو وێنانەی رۆژی چوارشەممەی رابردوو مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بڵاویكردنەوە، كە دەوترێت ئەوانە سەرپەرشتی پەلاماردانی باڵیۆزخانەی ئەمەریكایان كردووە لەبەغدا، لەناوخۆی ئەمەریكا گەلێك پرسیاری بەدوای خۆیداهێنا .

پۆمپیۆ هەریەك لە هادی عامری سەرۆكی ڕێكخراوی بەدر‌و قەیس خەزعەلی سەرۆكی میلیشیاكانی عەسائیبی ئەهلی حەق و فالح فەییاز سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی‌و ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی تۆمەتباركرد بەوەی سەرپەرشتی پەلاماردانی باڵیۆزخانەی ئەمەریكایان لەبەغدا كردووە، ئەمەش هانی توێژەر و شارەزا ئەمەریكییەكانیدا لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا بەدوای ئەو ناوانەدا بگەڕێن، كە وەزیری بڵاوی كردبوونەوە .

دەركەوت وێنەكە لەساڵی ٢٠١١  لەكۆشكی سپی و لەسەردەمی سەرۆكایەتی باراك ئۆبامادا گیراوە، كە تێیدا پێشوازی لە نوری مالیكی سەرۆك وەزیری پێشوو كراوە، كە هەریەك لە هادی عامری و فالح فەییاز هاوڕێیەتیان كردووە .

لە دیسەمبەری ساڵی ٢٠١١ ، كەناڵی فۆكس نیوزی ئەمەریكی راپۆرتێكی بڵاوكردەوە و تێیدا باسی لەو مەترسیانە كردبوو، كە لای بەرپرسە ئەمەریكییەكان درووستبووە بەهۆی پێشوازیكردنی لەو كەسانەی پەیوەندییەكی بەهێزیان لەگەڵ دەسەڵاتی ئێراندا هەیە .

جگە لەوەی لە راپۆرتەكەدا هۆشداری لە ئامادەبوونی هادی عامری درابوو ، تێیدا وتبووی: لەناو ئەو شاندە عێراقییەی بەسەرۆكایەتی نوری مالیكی سەردانی كۆشكی سپی كردووە بۆ بینینی باراك ئۆباما، كەسانیكیان تێدایە سەر بە فەیلەقی قودسی ئێرانە.

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی