ئاماژەكانی سەرهەڵدانی شەڕی نێوان ئەمریكاو ئێران دەردەكەوێت

مەلەفی تایبەت

05/01/2020‌ 2053 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
شیكاری: لوقمان غەفوور
سەر لەئێوارەی رۆژی ٤ی جێنیوەری دوو مووشەك دەوروبەری باڵێۆزخانەی ئەمریكا و گەڕەكی جادریەی كردە ئامانج، وێرای گوولە هاوەنێك ئاراستەی بنكەی ئاسمانی بەلەد كراوە.

بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی دەیلی ستار، لەئاكامی هێرشەكەی سەر نزیك باڵێۆزخانەی ئەمریكا ھیچ كەس زیانی پێنەگەیشتووە، بەڵام لەئاكامی مووشەكێك سێ هاووڵاتی مەدەنی عێراقی بریندار بوون، كە سەرقاڵی مەراسیمی كوژرانی قاسم سلێمانی و مەھدی ئەبو موھەندیس بوون. 

پێش ئەوەش هێرشێكی هاوەن كراوەتە سەر بنكەی بەلەد، كە ژمارەیەكی بەرچاو سەربازی هێزەكانی هاوپەیمانان و عێراقی تێدا جێگیرە، بەڵام زیانی ئەوتۆی بەدواوە نەبووە.

هەرچەندە هێرشكردنی موشەكی بۆ بنكە و شوێنە گشتییەكان لەعێراق پێشتریش هەبووە، بەڵام ئەم رووداوانە زیادیكردووە لەدوای كوشتنی قاسم سلێمانی بەرپرسی فەیلەقی قودس-ی پاسداران و ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری بەرپرسی هێزەكانی حەشدی شەعبی لە شەوی 2ی جێنیوەری بەكاتی ئەمریكا و 3ی جێنیوەری بەكاتی بەغدا لەرێگەی فڕۆكەی بێ فرۆكەوانی MQ9، لەبەردەم فرۆكەخانەی بەغداد، بەبڕیاری دۆناڵد ترامپ لەلایەن هێزەكانی ئەمریكاوە كوژرا.

بەپێی ڕاپۆرتێكی نیویۆرك تایمز بەرەبەیانی رۆژی ٤ی جێنیوەری میلیشیاكانی ئێران لە عێراق ئاڵای سوریان بەرزكردووەتەوە وەك ڕەمزێك بۆ پێویستی تۆڵەسەندنەوەی خوێناوی، وایان پیشانداوە كە پەرچەكرداریان دەبێت بۆ ئەمریكا و دۆناڵد ترامپی سەرۆكی.

ھەروەھا ڕاپۆرتەكە ئاماژەی بەوەداوە، كە لەسەر مزگەوتی جامكاران لە شاری قوم، كە ١٠٠ مایل لە تارانی پایتەختەوە دوورە، ئاڵای سور ھەڵكراوە.

نیویۆرك تایمز ئەوەشی باسكردووە، كە لەكاتی سەردانی حەسەن ڕۆحانی بۆ لای خێزانی قاسم سلێمانی یەكێك لەكچەكانی وتویەتی: "كێ تۆڵەی باوكم ئەكاتەوە؟"

ڕۆژنامەی لۆس ئەنجلۆس تایمز-یش لەسەر زاری لیوا غولاملی ئەبو ھەمزە-ەوە ئەوەی گواستووەتەوە، كە ئەگەرە ھێرش ھەیە بۆ سەر ئامانجە زیندووەكانی ئەمریكا لە گەرووی ھورمز. 

ئەو بەرپرسە ئێرانییە وتویەتی: ھەندێك شوێنی بەرژەوەندی ئەمریكا دیاریكراوە ھێرشی بكرێتە سەر وەر كەشتییگەلە جەنگییەكانی لەنزیك كەنداوی فارس. 

ئەبو ھەمزا نایشارێتەوە كە ٣٥ ئامانج دیاریكراوە بە تەلئەبیب-یشەوە.

سلێمانی ڕاستە بەرپرسی سوپای قودسی سەر بەسوپای پاسداران بوو، بەڵام ئەركی وەزیری دەرەوەی ئێرانی ئەبینی لەعیرَاق و سوریا و لوبنان، سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران-یش بۆ یو ئێس تودەی ئەوەی ئاشكرا كردووە، وەزارەتەكەیان پێیوایە دووەم كەسی وڵاتەكەیان كوژراوە. 

ئەو دەڵێت: لەدوای ڕابەری گشتی ئایەتوڵڵا عەلی خامەنەیی، قاسم سلیمانی بووە لە ئێران.

پێدەچێت بە ملیۆنەھا كەس دوای تەرمی قاسم سلێمانی بكەوێت لە تاران وەك ناڕەزایی و ئامادەگی ئێران بۆ جەنگ. 

لەنێو ئەوانەشدا، كە سەعات ٩ ی بەیانی رۆژ بەكاتی ئەمریكا، چاوپێكەوتنی لەگەڵ سی ئێن ئێن كرد، ماجد تاخت ڕافانچی نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەكگرتووەكان بوو، كە تێیدا وتی: "كردەی سەربازی ھەر پەرچەكردارەكەی سەربازی ئەبێت".

لەدوای كوشتنی سلێمانییەوە ھەموو دنیا ترسیان لە جەنگێكی گەورە ھەیە، جەنەرالێكی ھێزی دەریاوانی ئەمریكا بۆ دەیلی ستار دواوە و پێیوایە (ئەگەری ئەوە ھەیە) ئێران پەرچەكرداری ھەبێت و بۆ ئەوەش ڕاپۆرتی خۆی پێشكەش بە پێنتاگۆن كردووە و ئاگاداری كردوونەتەوە بۆ ئەوەی ئەمریكا جەنگێكی سەركەوتوو بكات، ئەبێت ھاوشێوەی داگیركردنی ئەڵمانیا لە جەنگی دووەمی جیھانی ئەمریكا دابەزێتە ناو ئێرانەوە.

باسی لەوەشكردووە لە نامەكەدا، كە ئەبێت فشارەكانی ئەمریكا بەھێز بێت لە ململانێكەدا و دەڵێت: "ئەبێت ئەوپەڕی وریاییمان ھەبێت."