مۆتەکەى گیانى سەرکردەکانى حەشدى شەعبى
زلهێزەکان بە فڕۆکەى بێفڕۆکەوان پاکتاوى نەیارەکانیان دەکەن

جیهان

05/01/2020‌ 1025 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:هێمن حەسەن
گەشەکردنى خێراى زانستى چەک و فڕۆکەوانى گەیشتووەتە ئاستێک ئیدی هەر لە ئاسمانەوە جەنگ لەسەر زەوى یەکلایی دەکاتەوەو کێ زۆرتر گەشەى کردبێت ئەو جەنگەکەى بردووەتەوە، لەئیستادا کە زلهێزەکان بۆ سەپاندنى هەیمەنەى خۆیان و پاکتاوکردنى نەیارەکانیان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەکاردەهێنن و بەخێرایی پەرە بە دروستکردنى دەدەن.

لەئیستادا زۆرێک لە وڵاتانی جیهان بە تایبەت زلهێزەکان گرنگی بە دروستکردنی فڕۆکەى بێفڕۆکەوان دەدەن کە بە “درۆنز” ناسراوە، رووداوەکانى ئەم چەند ساڵەى دوایی بایەخى ئەم جۆرە فڕۆکانەى زیاتر کردوە، وڵاتان بۆ پێکانى ئامانجەکانیان بەشێوەیەکى سەرەکى پشتیان پێی بەستووە.

هەرچەندە بوونى فڕۆکەى بێفڕۆکەوان تازە نیە و کۆنە، بەلام لە رابردوودا تەنیا بۆ کۆکردنەوەى زانیارى و کەشفکردنى جوڵەو پێگە سەربازییەکان بەکاردەهێنرا، بەڵام لەم دواییانەدا ئەمریکا ئەو بەکارهێنانەى گۆڕی بۆ پێکانى ئامانجە سەربازییەکان لەرێی بەستنى موشەک و بۆمبى گەورەوە.

بەکارهێنانى بۆ بۆردومانکردن و وێرانکردنى پێگە دیاریکراوەکان وایکردوە وڵاتان هەوڵی بەدەستهێنان و پەرەپێدانی فرۆکەى بێفڕۆکەوان بدەن،ئەوەش بەهۆی  ئەو تایبەتمەندیانەى کە هەیەتى کە بریتین لە هەرزانی نرخەکەی بەراورد بە فڕۆکە جەنگیەکانى دیکە، توانای پێکانی ئامانجەکان بەشێوەیەکی راست و خێرا، درەنگ ئاشکرابوونى لە ئاسمان، بەکارنەهێنانى مرۆڤ تیایدا، ڕادارەکان بەهۆی بچوکی قەبارەیەکەوە ناتوانن بە ئاسانی لە ئاسمان ئاشکرای بکەن، خستنەخوارەوەی لەلایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانیەوە  زۆر قورسە بەهۆى ئەوەى نرخی ئەو موشەکانەى ئاراستەى دەکرێن زیاترە لە نرخى فڕۆکەکان.

 بەکوشتنى ئەبو بەکر بەغدادى و قاسم سلێمانى و ئەبو مەهدى موهەندیس و بەرپرسانى دیکەى حەشدى شەعبى و حزبوڵا رۆڵى فرۆکە بێ فرۆکەوانەکان لە ململانێیە سەربازى و سیاسییەکان زیاتر بووە، ئەوەش وا دەکات لە داهاتوودا ئەو جۆرە فڕۆکانە ببنە هۆکارى یەکەمى جەنگەکان بەدەست وڵاتانەوە.

هەر لە کۆتایی ساڵى رابردووشدا ئەمریکاو ئیسرائیل بە فڕۆکە بێفرۆکەوانەکانیان پێگەو کۆگاى چەک و تەقەمەنى حەشدى شەعبیان بۆردومانکرد، مانگى رابردووش فڕۆکە بێفرۆکەوانەکانى ئەمریکا بۆردومانى بارەگاکانى حەشدى شەعبى و حزبوڵایان لە عێراق و سوریا بۆردومان کردو ژمارەیەک بەرپرسى باڵاى هەردوو هێزەکە کوژران.

یەکەم جۆری فڕۆکەى بێفڕۆکەوان لە ساڵی ١٩١٧ لەلایەن بەریتانیاوە دروستکرا و لە ساڵانى دواترو بە دیاریکراوی لە ساڵی ١٩٢٥پەرە بە دروستکردنی درا،لە جەنگی یەکەمی جیهانیدا هەریەکە لە ئەمریکا و ئەڵمانیا و بەریتانیا بۆ کۆکردنەوەى زانیاریی لەسەر نەیارەکانیان بە کاریانهێناوە، لە ١٩٣٣ وە لەلایەن یەکێتی سۆڤیتەوە بەکارهاتووە.

لە ساڵی ١٩٩٩ لە شەڕی کۆسۆڤۆ روسیا موشەکى قەبارە بچوکى بە فڕۆکەى بێ فڕۆکەوانەوە بەست و لە ساڵى ١٩٨٢ ئیسرائیل لە جەنگى لوبنان بۆ بوارى شەڕ بەکاری هێنا.

هەموو ئەو وڵاتانە لەبوارى هەواڵگیرى و کۆکردنەوەى زانیارییدا کەڵکیان لێوەرگرتووە نەک  بۆ بۆمبهاویشتن و پێکانى ئامانجەکان، بەڵام لەئێستادا بەشێوەیەکى سەرەکى لەلایەن وڵاتانەوە بۆ بۆردومانکردن ئامانجە دەست نیشانکراوەکان بەکاردەهێنرێت بەتایبەت لەلایەن ئەمریکاوە.

بەپێى نوێترین ئامار کە ئاژانسەکانى هەواڵى ئەمریکا بڵاویانکردوەتەوە، لە ساڵی ٢٠١٩ دا وڵاتان زیاتر لە ١٠٠ ملیار دۆلاریان بۆ دروستکردن و پەرەپێدانی فرۆکەی بێفڕۆکەوان خەرج کردووە.

ئەمریکا بۆیەکەمجار فڕۆکەى بێفرۆکەوانى لە بۆردومانکردندا لە ساڵى ٢٠٠١ لەدژى گروپێکى تاڵیبان لە ئەفغانستان بەکارهێنا، لە ساڵانى دواتریشدا ئەمریکا پەرەى بەمجۆرە فڕۆکانەداو لە چەند ساڵى رابردوودا لە سوریاو عێراق بەکارى هێناوە.

سەرکەوتوویی ئەزمونى فڕۆکە بێفرۆکەوانەکان وایکردوە لەئێستادا زۆربەی وڵاتانی جیهان بە نیازن ئەو جۆرە فرۆکانە بکەنە جێگرەوەى فرۆکە جەنگییە بۆمبهاوێژە گەورەکان، ئیستاش ئەمریکاو ئیسرائیل بە تەواوەتی کۆنترۆڵی دروستکردنی ئەو جۆرە فڕۆکەیان کردووە، لەدواى ئەوانیش روسیا و چین و بەریتانیان و ئەڵمانیا و تورکیا ئەو جۆرە فرۆکەیە بەکاردەهێنن.

ئێران لە ساڵى ٢٠١١ وە دەستیکردوە بە بەکارهێنانى فڕۆکەى بێ فرۆکەوان بۆ پێکانى ئاماجەکانیان، ساڵى رابردووش ئێران فرۆکەیەکى بێ فڕۆکەوانى خستەخوارەوە.

تورکیاش لە ساڵى ٢٠١٦ وە دەستیکرد بە دروستکردنی فڕۆکەی بێ فرۆکەوان کە موشەک هەڵگرەو ناوی “ئەقسۆنگۆر” ماوەى چوار ساڵە لەدژى پارتى کرێکارانى کوردستان(پەکەکە) و هێزەکانى سوریای دیموکرات بەکاریهێناوە، بەوەش تورکیا بە شەشەم وڵاتی جیهان دادەنرێت لە دروستکردنی درئەو فرۆکەیەدا.

هەریەکە لە وڵاتانى عەرەبی سعودییەو جەزائیرو ئیمارات و میسر ددەستیان بەدروستکردنى فڕۆکەى بێفرۆکەوانى بۆمبهاوێژکردوە، میسر لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی بۆ سەر داعش لە بیابانەکانی سینا بەکاریهێناوە.

ئیمارات ماوەى دوو ساڵە چەکدارەکانى لیبیا بە فڕۆکەى بێفرۆکەوان بۆردومان دەکات، سعودیەش حوسییەکانى یەمەن بەو جۆرە فرۆکەیە بۆردومان دەکات و بە هەمان شێوە حوسییەکانیش سعودییە بەو فرۆکانە کە لە ئێرانى وەردەگرێت بۆدرومان دەکات و ئێرانیش هەر بە فرۆکەى بێفرۆکەوان کێڵگە نەوتییەکانى ئارامکۆى لە سعودییە بۆردومان کرد.

فرۆکە بێ فڕۆکەوانەکان چەند جۆرێکى زۆر بەهێزیان هەیە کە بریتین لە فڕۆکەى گلۆبڵ هاوک ئاڕکیو4 کە درێژییەکەى ٦ مەترەو کیشەکەى 6.800 کگم کە دەتوانێت بۆ ماوەى ٣٣ کاتژمێر بفڕێت و نرخەکەشى ١٣٢ ملیۆن دۆلارە.

فڕۆکەى ریپەر ئێم 9 کە درێژەکەى ٢٠ مەترەو کێشەکەشى 2.220 کگمە و لە توانا دایە ٢٤ کاتژمێر بفڕێت و نرخەکەشى ١٨ ملیۆن دۆلارە، فڕۆکەى فۆڵمارکێشەکەى ٢٠کگمەو درێژەکەى نزیکەى چوار مەترەو نرخەکەشى یەک ملیۆن دۆلارە.

فڕۆکە بێفرۆکەوانەکان بە دوو شێواز کاریان پێدەکرێت یەکیان لەڕێگەی ئامێری کۆنتڕۆڵەوە بە تایبەتی ئەو فڕۆکانەی کە مەودایەکی کەم دەفڕن، ئەوی دیکەشیان لە ڕێگەی مانگی دەستکردەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێن ئەویش ئەوانەن کە سەدان کیلۆ مەتر دەفڕن.

بەبڕواى چاودێرانى سیاسى و سەربازى لێرە بەدواوە فڕۆکە بێفرۆکەوانەکان دەبنە هۆکارى سەرەکى یەکلاییکەرەوەى رووداوەکان و زیاتر لە رابردوو تێکەڵ بە جەنگ و ململانێییە سیاسیەکان دەبن.
س.هـ