چۆن لەڕێگای ١٢ خواردنی بەتامەوە ورگ بچووك دەكەیتەوە

تەندروستی

13/01/2020‌ 3433 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كۆبوونەوەی چەوری لەناوچەی ورگ گرفتێكی گەورەی زۆرێك لە ژنان و پیاوان و تەنانەت منداڵانیشە، كە ئەنجامێكی سروشتی پەیرەوكرنی ستایلێكی ژیانی ناتەندروستانەیە، بەتایبەت لە خواردن وخواردنەوە و جوڵەی جەستەیی بەدرێژایی رۆژ .

بەقسەی شارەزایانی تەندروستی، چارەسەركردنی ئەو گرفتە زۆر ئاسانە، كە بەوە دەبێت واز لە خواردنی ئەو خۆراكانە بهێنین‌و گرنگی زیاتر بەو خواردنانە بدەین، كە چەوری دەسووتێنن و ئەو ژەهرەی جەستە بەرهەمی دەهێنێت نایهێڵێت  .

لەو بارەوە پێگەی "دەیلی هێڵس پۆست" باس لەوە دەكات، دەكرێت لەڕێگای ١٢ خواردنەوە خۆمان لەچەوری ورگ رزگار بكەین و وابكەین جەستەمان رێك بێت، كە ئەوانیش : 

كەرە 
یەكێكە لە خواردنە باش و بەسوودەكان بەلەبەرچاوگرتنی ئەو پرۆتین و كالیسیۆم و بەكتریا بەسوودەی تێیدایە، كە هەموویان وزە بەجەستە دەبەخشن و لە دابەزاندنی كێشی زیاد یارمەتی دەدەن، لەباشترین جۆرە كانیش، كەرەی یۆنانییە لەبەر ئەوەی دەوڵەمەندە بە پرۆتین و بڕێكی كەم شەكری تێدایە .

شۆڤان 
شۆڤان یەكێكە لە خواردنە باشەكانی ناو سیستەمێكی خۆراكی، كە ئامانج لێی دابەزاندنی كێشی جەستە بێت، ئەویش بەلەبەرجاوگرتنی ئەوەی دەوڵەمەندە بە ریشاڵەكان، جگە لەوەی ڕێگری دەكات لە قەڵەوبوون و كاركردنی جگەریش باشتر دەكات .

جۆ 
هاوشێوەی شۆڤان دەنكە جۆ دەوڵەمەندە بە ریشاڵ و یارمەتی هێواشكردنی پرۆسەی هەرسكردن دەدات، دواتریش وادەكات كەسەكە بۆ ماوەیەكی زۆر هەست بەتێربوون بكات و حەزی خواردنیش كەمدەكاتەوە .

چای سەوز 
لەباشترین سەرچاوەكانی دژە ئۆكسێنەكانە و یارمەتی سووتاندنی چەوری دەدات و كێشی زیادە ناهێڵێت، بۆ دەستكەوتنی ئەنجامێكی باش دەكرێت نیو كاتژمێر پێش وەرزشكردن چای سەوز بخورێتەوە .

هێلكە 
سەرچاوەیەكی سروشتی پرۆتین‌و ڤیتامین "بی ١٢" یە، توێژەران تێبینیان كردووە ئەو كەسانەی بۆ ماوەی پێنج رۆژ لەهەفتەیەكدا لە ژەمی بەیانیاندا هێلكە دەخۆن بڕێكی زیاتر كێشیان لەدەستداوە بەراورد بەوانەی توخمە خۆراكییە تەندروستەكانی تر دەخۆن .

زەیتی زەیتوون
توخمێكی سەرەكییە لەسیستەمی خۆراكی تەندروست و هاورێی دڵە، پزیشكان رێنمایی دەدەن بەوەی بۆ رزگاربوون لەكێشی زیادە زەیتی زەیتوون بەكاربهێنرێت .

بادەم 
خواردنێكی زۆر بەكەڵكە بۆ سووتاندنی چەوری كەڵەكەبوو لەناوچەی ورگ بەتایبەت بۆ خانمان، لەبەر ئەوە پزیشكان و شارەزایانی بواری خۆراكی رێنمایی دەدەن بەوەی رۆژانە ٧ بۆ ١٠ دەنك بادەم وەك ژەمێكی سووك لەنێوان ژەمە سەرەكییەكان بخورێت .

گوێز 
شارەزایانی بواری خۆراكی ڕێنمایی دەدەن بەوەی بەشێوەیەكی رۆژانە ٣ بۆ ٥ گوێز بخورێت، لەبەر ئەوەی ئەو مەگنیسیۆمە بە جەستە دەدات، كە پێویستی پێیەتی و هەستی تێربوونیش دەبەخشێت ئەگەر بێت و وەك سووكە ژەم لە نیوەی رۆژدا بخورێت .

ماسی سەلەموون 
ئەم جۆرە ماسییە جگە لەسوودە زۆروزەوەندەكانی، دەوڵەمەندە بە ئۆمیگا-٣، كە ڕێگری دەكات لەوەی جەستە وزە لەشێوەی جەوریدا هەڵبگرێت .

تووی شین 
لەباشترین ئەو خواردنانەیە، كە جەستە لە چەورییەكان رزگار دەكات بەتایبەتی لەناوچەی ورگ، بەشێوەیەكی راستەوخۆ كاریگەری دەكاتە سەر پرۆسەی سووتاندنی چەور و گلوكۆز .

گێلاس 
لەو خواردنانەیە، كە یارمەتی خەوێكی ئارام دەدات، هەروەك بۆ باشكردنی كوالێتی خەو جەستە بەشێوەیەكی بەسوود وزە بەكاردەبات لەجیاتی ئەوەی لەشێوەی چەوری خەزنی بكات . بۆ دەستكەوتنی باشترین ئەنجام دەكرێت كاتژمیرێك یان دوو كاتژمێر پێش خەوتن شەربەتی گێلاس بخورێتەوە .

فاسۆلیا 
فاسۆلیا دەوڵەمەندە بە پرۆتین و ریشاڵەكان، ئەوە سەرباری بڕێكی كەم كالۆری تێدایەو یارمەتی پاككردنەوەی كۆڵۆن دەدات ، هەروەك پرۆسەی هەرس هێواش دەكاتەوە و هەستی تێربوون دەبەخشێت .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی


بەپەلە