شارپرێس:
هێزه سوننه‌كانی عێراق له‌چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا ده‌ستیان به گفتوگۆ بۆ هێنانه‌دی خه‌ونی "هه‌رێمی سوننه" كردووه و ئێستاش چاوه‌ڕێی گڵۆپی سه‌وزی ئه‌مریكان.
دروستكردنی هه‌رێمی سوننه، یاخود هه‌رێمی ڕۆژئاوا له عێراق خه‌ونێكی دێرینی هێزه سوننه‌كانی عێراقه، به‌ڵام هه‌رجارێك ئه‌و خه‌ونه خرابێته سه‌ر مێزی گفتوگۆ، له‌لایه‌ن شیعه‌كان و وڵاتانی ناوچه‌كه‌وه ڕه‌تكراوه‌ته‌وه، به‌ڵام ڕووداوه‌كانی ئه‌مدواییه‌ی عێراق و ململانێی ئێران و ئه‌مریكا له عێراق، جارێكی دیكه وای له‌سوننه‌كان كردووه كار له‌سه‌ر ئه‌و خه‌ونه‌یان بكه‌ن.
سه‌رچاوه‌یه‌ك كه قسه‌ی بۆ ڕۆژنامه‌ی العرب كردووه ده‌ڵێت "ژماره‌یه‌ك سه‌ركرده‌ی سوننه له‌چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا سه‌ردانی وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئه‌وروپییان كردووه بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر دروستكردنی هه‌رێمی سوننه له عێراق".
سه‌رچاوه‌كه ده‌ڵێت له‌نێو ئه‌و سه‌ركرده سوننانه‌ی كار بۆ دروستكردنی هه‌رێمێكی تایبه‌ت به سوننه ده‌ده‌ن محه‌مه‌د حه‌لبووسی سه‌رۆكی په‌رله‌مان و جه‌مال كه‌ربولی، سه‌رۆكی پارتی چاره‌سه‌ر و ئه‌حمه‌د جبوری، سه‌رۆكی پارتی جه‌ماوه‌ر هه‌یه.
باس له‌وه‌شده‌كات، ئه‌و سه‌ركرده سوننانه چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ی ئه‌مریكا گڵۆپی سه‌وز بۆ دروستكردنی هه‌رێمی سوننه هه‌ڵبكات.
چاودێران بۆچونیان وایه، سوننه‌كان تاڕاده‌یه‌كی باش توانیویانه متمانه‌ی ئه‌مریكا به‌ده‌ستبهێننه‌وه، ئه‌ویش به‌هۆی به‌شدارینه‌كردن له كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مانی عێراق بۆ ده‌ركردنی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌و وڵاته، هه‌روه‌ها له‌چه‌ندین وێستگه‌ی گرنگی دیكه‌ی عێراق، سوننه‌كان به‌سودی ئه‌مریكا قسه‌یان كردووه.
دروستكردنی هه‌رێمی سوننه له عێراق پڕۆژه‌یه‌كی پڕ مه‌ترسیی و ڕیسكه، عیزه‌ت شابه‌نده‌ر، یه‌كێك له‌كه‌سایه‌تییه سیاسییه دیاره‌كانی عێراق دروستكردنی هه‌رێمی سوننه به "خه‌ونی منداڵ" ناوده‌بات وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ كه‌م ته‌مه‌نیی محه‌مه‌د حه‌لبووسی سه‌رۆكی په‌رله‌مان.
ڕ . ج