ئەمریكا رەتیدەكاتەوە ئێستا گفتوگۆ لەسەر كشانەوەی هێزەكانی لەعێراق بكات

عیراق

16/01/2020‌ 536 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
جۆی هۆد یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمەریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەراست لەچاوپێكەوتنێكی لەگەڵ كەناڵی "عەرەبییە" و لەباسكردنی دۆخی عێراق رایگەیاند، ئیدارەی ئەمەریكی چاوی لەوەیە پەیوەندی ستراتیژی لەگەڵ عێراق بەهێز بكات، هەروەها رەتیشیكردووەتەوە واشنتۆن هیچ بەرنامەیەكی هەبێت لەو وڵاتە بكشێتەوە .

هۆد داوای لە عێراق كرد، كە پەلە بكات لە دانانی سەرۆك وەزیرانێكی بەهێز، كە كۆنترۆڵی هێزە ئەمنییەكان بكات و عێراق بەرەو ئاوەدانكردەوە و بەهێزكردنی سەروەرییەكەی بەرێت .

ئەو بەرپرسە ئەمەریكییە راشیگەیاند، ئێستا گونجاوترین كاتە بۆ ئەوەی عێراق و ئەمەریكا بەیەكەوە دابنیشن و باس لە پابەندی بە هاوبەشی ستراتیژی نێوانیان بكەن لەسەر ئاستی دیبلۆمسی و دارایی و ئابووری و ئاسایشی.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، كە ئێستا كاتی ئەوە نییە باس لە كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا بكرێت، بەڵكو واشنتۆن چاوی لەوەیە باس لەبەهێزكردنی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵاتە بكرێت.

پێشتر پەرلەمانی عێراق پرۆژەبڕیارێكی پەسەند كرد، كە حكومەت پابەند دەكات بەكشانەوەی هێزە بیانییەكان لەناو خاكی وڵاتەكەی لەو هێزانەش هێزەكانی ئەمریكا دەگرێتەوە.

رۆژی دووشەممەش مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا وتی: سەرجەم بەرپرسە عێراقییەكان لە دانیشتنە تایبەتەكاندا باس لە پشتیوانی خۆیان بۆ مانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لەعێراق دەكەن ، لەگەڵ ئەوەی لەلێدوانە ئاشكراكاندا داوای چوونەدەری هێزەكانمان دەكەن .

دوای كوشتنی قاسم سلێمانی و ئەبومەهدی موهەندیس لەلایەن فرۆكە بێفرۆكەوانەكانی ئەمەریكا لەنزیك فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا ، پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر بڕیارێكدا كەبەپێی ئەوە حكوومەتی عێراق پابەندە بەوەی كار لەسەر كردنەدەرەوەی هێزە بیانییەكان لەسەر خاكی عێراق بكات .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی