نەسروڵڵاو قائانی لایەنە شیعەكانی عێراق لەئێران كۆدەكەنەوە

ڕاپۆرت

18/01/2020‌ 2506 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
چەند سەرچاوەیەكی نزیك لە فەرماندەكانی میلیشیا عێراقییەكان ئاشكرایانكردووە، كە لەدوای كوشتنی قاسم سلێمانی و ئەبومەهدی موهەندیس، حەسەن نەسروڵڵای سەرۆكی حیزبوڵای لوبنانی، ڕۆڵی بینییوە لەیەكخستنی ڕیزەكانی میلیشیا عێراقییەكان.

سەرچاوەكان باسی وردەكاری ئەو كۆبوونەوەشی كردووە، كە لە شاری قوم لەئێران بۆ ئەو مەبەستە سازكراوە.

لەو بارەوە یەكێك لەفەرماندەكانی حەشدی شەعبی، كە بەشداری كۆبوونەوەكە بووە وتی: ئێران بە خێرایی و لە ڕێگەی ئیسماعیل قائانی فەرماندە تازەكەی فەیلەقی قودسی ئێرانییەوە،‌ حەسەن نەسروڵڵای ئەمینداری حیزبوڵڵای لوبنانی ڕاسپاردووە، كە لایەنە شیعە چەكدارەكانی عێراق لێكنزیك بكاتەوە.

فەرماندەكە وتیشی: نەسروڵا سەركەوتوو بووە لەڕازیكردنی فەرماندەی میلیشیاكان بۆ چوونە ئێران و كۆبوونەوە لەگەڵ موقتەدا سەدر، كە ئێستا لە شاری قوم لە ئێران نیشتەجێیە.

فەرماندەكە ئەوەشی وت: قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێرانی داوای لەمیلیشیا شیعەكان كردووە لاپەڕەیەكی تازە هەڵبدەنەوە و ناكۆكییەكانیشیان لەگەڵ سەدر چارەسەر بكەن، هەروەها لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دەستەیەك ڕابگەیەنن بۆ بەرەنگاربوونەوەی بوونی بیانییەكان لە عێراق و ناوچەكە.

سەرچاوەیەكی دیكەی نزیك لەفەرماندەی‌ یەكێك لە میلیشیا شیعەكان، كە ئامادەی كۆبوونەوەكە بووە وتی، پێش كۆبوونەوە لەگەڵ میلشیا شیعەكان، ئیسماعیل قائانی فەرمانەدەی فەیلەقی قودسی ئێرانی  لەگەڵ سەدر و هادی عامری كۆبووەتەوە و داواشی لێكردوون لە هەموو ناوچەكە بەرەنگاری ئەمریكا ببنەوە.

قانی داواشیكردووە ئەو بەرەی بەرەنگارییە ئەنجوومەنێكی باڵای سەركردایەتی هەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی بوونی ئەمریكا لەناوچەكە و موقتەدا سەدریش سەرتۆپی ئەو ئەنجوومەنە بێت.

سەرچاوەكە ئەوەشی وت: قائانی داوای لە سەدر كردووە ‌پشتیوانی هادی عامری بكات بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی حەشدی شەعبی، بەو هۆیەی عامری خاوەن مێژوویەكی سیاسی دوور و درێژە و ماوەیەكی زۆرش كاری لەگەڵ پاسەوانی شۆڕشی ئیسلامی كردووە و فەرماندەی فەیلەقی بەدر بووە لە هەشتاكانی سەدەی ڕابردوودا.

سەرچاوەكە وتیشی: هۆكاری سەرەكی پشتیوانی قائانی لە عامری ئەوەیە، كە توانستی ئەوەی هەیە هاوسەنگییەك لە نێوان فەرماندەی میلیشیاكان ڕابگرێت و كۆنترۆڵیان بكات، هەروەها دەستبەسەر پارەوپول و چەكەكانی حەشدی شەعبیدا بگرێت.

پێشتر عەبدولكەریم خەلەفی فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عێراق لە 3 ی ئەم مانگە ڕایگەیاندبوو، كە عامری پێشنیاركراوە بۆ پۆستی جیگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی.

سەرچاوەكە ئەوەشی وت: سەدر هیچ لاری نەبووە لەو پێشنیارە، بەڵام داواكار بووە نیوەی پۆستە فەرماندەییەكانی دەستەی حەشدی شەعبی پێ بدرێت و میلیشیای سەرایای سەلامیش ڕەووتی سەدریش برەوی پێبدرێت.

هەر‌ بە گوێرەی سەرچاوەكە سەدر داوای كردووە خۆی جێگری دەستەی‌ حەشدی شەعبی دابنێت و دوو كەسایەتی بۆ ئەو پۆستە دیاریكردوون، كازم عیساوی ڕاوێژكاری ئاسایشی تایبەتی خۆی و ئەبو یاسر.

سەرچاوەكە هەروەها وتیشی: عامری خۆی لەو بڕیارەی سەدر بەدوورگرتووە (تەحەفوزی هەبوو)ەو وتوویەتی: قۆناغی ئایندە قۆناغی بەرەنگاربوونەوەی سەربازی گەورەیە، بۆیە ئێرانییەكان بە پێویستی دەزانن كەسێكی نزیك لەپاسەوانی شۆڕشی ئێرانی ئەو پۆستە وەربگرێت.

سەرچاوەكە باسی لەوەش كردووە، عامری ئەبو مستەفا شیبانی پێشنیار كردووە، كە ئێستا پۆستی ڕاوێژكاری وەزیری ناوخۆی هەیە و لەحەشدی شعبیشدا پۆستی هەیە.

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوە كردووە، كە شیبانی كەسایەتییەكی لێڵاوییە و لەژیرپەردەوە كار دەكات و لە میدیاكان دەرناكەوێت و ئەفسەرێكی پاسەوانی شۆرشی ئێرانییە. 

شیبانی یەكێك بووە لەوانەی سەرپەرشتی چەند میلیشیایەكی عێراقی كردووەو لەوانەش كەتیبەكانی حیزبوڵڵای عێراقی.

سەرچاوەكە ئەوەشی وت: لە ئەگەری ڕەتكردنەوەی شیبانی، پێشنیاری ناوی "خال" دەكات، كە فەرماندەیەكی گەورەی حیزبوڵای عێراقییەو ناوە ‌ڕاستەقینەكەی "كەریم موحسن زیرجاویی" یە، سەرچاوەیەكی نزیك لەبەرپرسێكی ئەمنی و فەرماندەیەكی گەورەی عێراقی دەڵێت: خال یەكێك بووە لەپلانداڕێژەرانی هێرشكردنەسەر باڵویزخانەی ئەمریكا لەعێراق لە 31 سیبتیمبەری 2019. 

هەروەها سەرچاوەكە دەڵێت: هێشتا ئەو پرسە لەگەڵ قانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێرانی لەتاوتوێكردندایە، قاین داواشی كردووە لەبەرەنگاربوونەوەی ئەمریكییەكاندا بە تەواوی پشت بە دەرامەتەكانی حەشدی شەعبی ببەسترێت كە دامەزراوەیەكی فەرمییە .

زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، كە فالح فەیازی سەرۆكی حەشدی شەعبی لە پۆستی ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی دەمێنێتەوە، ئەگەر ئیرانییەكانیش بتوانن عەبدولمەهدی لەپۆستی سەرۆك وەزیراندا بێڵنەوە، ئەوا فالح فەیاز دەكەن جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروبای ئەمنی بۆ سەرپەرشتیكردنی كاروباری ئەمنی لە هەردوو وەزارەتی ناوخۆی و بەرگری، دەزگای هەواڵگری و ئاسایشی نیشتمانی.

لەلایەكی ترەوە ڕۆژنامەی فاینانشاڵ تایمزی ئەمریكی، لەسەر زاری نەسڕ شمری قسەكەری، كە یەكێكە لە میلیشیا پاشكۆككانی ئێران، 5 شەممەی ڕابردوو باسی لەوە كردووە، كە هێشتا هیچ بڕیارێك بۆ شوێنگرتنەوەی ئەبو مەهدی موهەندیس نەدراوە و حەشدی شەعبیش سەدەها پیاوی بەهێزی بۆ ئەو پۆستە هەن.

كۆبوونەوەكەی قوم
سەرچاوەكە وتیشی: قائانی كردوویەتی بە ئەمریك بەسەر سەركردەی میلیشیا شیعەكان، كە بە ئاشكرا و بەیەكەوە لەبەردەم میدیاكاندا دەركەون، ئەمەش بۆ ئەوەی بە یەكگرتوویی و بەهێزەوە‌ دەركەون.

ئەوەشی وت: سەركردە شیعەكان ناچاربوون وێنەی بە كۆمەڵ بگرن، ئەمەش دوای ئەوەی بۆ چەندەها ساڵ بە نهێنی و پەنهانی كاریان كردووە.

سەرچاوەكە باسی لەوەش كردووە، كە لە كۆبوونەوەكەدا بە پلەی یەكەم تیشك خراوەتەسەر دووبارە ڕێكخستنەوەی پەیكەربەندی فەرماندەی میلیشیاكان و دووبارە جێگیربوونەوەی هێزەكانی،  وێنەكێشانی پلانە سەربازییەكا، یەكخستنی ڕیزەكانی میلیشیاكان و خۆ ئامادەكردن بۆ بەرەنگاربوونەوەی بوونی ئەمریكی و بیانی لە ناوچەكە.

سەرچاوەكە ئەوەشی وت: چەند فەرماندەیەكی میلیشیاكان لەبەر چەند هۆیەكی نادیار لەو كۆبوونەوە بەشدار نەبوون، چونكە هەندێكیان لە بەغدا بوون و هەندێكی دیكەشیان لە بەیروت.

سەرچاوە: ئەلحوڕە
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر