"گەندەڵی نەوت" لەنێوان هەولێر و بەغدا ڕێكەوتنی لەسەركراوە

کوردستان

19/01/2020‌ 2349 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هۆشیار عەبدوڵڵا پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆران لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، هەردوو حكومەتی ناوەندی و حكومەتی هەرێمی كوردستان تۆمەتبار دەكات بەوەی لەبابەتی دزین و بەقاچاخبردنی نەوتدا بێدەنگەیان هەڵبژاردووە .

هۆشیار عەبدوڵڵا لەلێدوانیكیدا بۆ پێگەی "مەعلوومە" وتی: حكومەتی ناوەندی بەئەنقەست لەو گەندەڵییەیەی لەهەرێمی كوردستان هەیە بەتایبەتی لە پرسی نەوتدا بێدەنگەی هەڵبژاردووە.

وتیشی: گەندەڵی لە حكومەتی هەرێم و حكومەتی بەغدا لەلایەن هەردوولاوە ڕێكەوتنی لەسەركراوە.

باسی لەوەش كردووە، كە ئەو پەیوەندییە مێژووییەی پارتە سیاسییە دەسەڵاتدارەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سیاسەتمەدارەكانی حكومەتی ناوەندی هەیانە هۆكاری بێدەنگی هەموو لایەنەكانە بەرانبەر بەو سەرپێچیانەی لەدۆسییەی داهاتەكان و كەرتی نەوتدا هەیە.

ئەمە لەكاتێكدایە، هەفتەی رابردوو سەرۆژی لیژنەی دەستپاكی لەئەنجوومەنی نوێنەران داوایەكی ئاراستەی وەزارەتی دارایی حكومەتی ناوەندی كرد و تێیدا داوای كرد ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم رابگرێت، ئەویش بەهۆی ئەوەی هەرێم ئامادە نییە ئەو شایستە داراییانەی لەئەستۆیەتی رادەستی بەغدایان بكات .